
شاخەوانەکانی خەڵکی بانە
چوار شاخەوانی خەڵکی بانە لە کاتی گەشت بۆ ناوچە شاخاوییەکانی نزیک لە شاری بانە کەوتنە ژێر رنووی بەفر و گیانیان لەدەستدا، هێشتا چارەنووسی ژمارەیەکی دیکەش روون نییە و ژمارەیەکی دیکەش رزگاریان بووە.
بەپێی زانیارییەکان رۆژی هەینی زیاتر لە ٢٠ شاخەوانی گرووپە شاخەوانییەکانی بانە و بۆکان چوون بەرەو لووتکەی کەڵەکەجاڕ، بەڵام بەگوتەی ئەوانەی رزگاریان بووە لە کاتی گەڕانەوە لە سێ لاوە رنوو بەسەریاندا هاتووە.
بەگوتەی سەرچاوە خۆجێیەکان بەهۆی سەرما، کڕێوە و بەفری زۆرەوە گەڕان بۆ شاخەوانە بێسەروشوێنبووەکانی دیکەدا راگیراوە بۆ رۆژی شەممە.
هێشتا روون نییە چەند شاخەوانی دیکە لەژێر بەفردا ماونەتەوە.
لەو رووداوەدا چوار شاخەوان بە ناوەکانی کەریم ئیبن عەباسی، نیشتمان دانشمەند، یاسا سادقی و شەهلا رەحمانی گیانیان لەدەستداوە.
یاسا سادقی منداڵە و تەمەن ١٢ ساڵانە.