بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٥ درا بە عەلی ئەکبەر مورادی خەڵکی کرماشان

خەڵاتی ماملێ
پازدەهەمین خەڵاتی ماملێ پێشکەش بە عەلی ئەکبەر مورادی، خەڵکی کرماشان، کرا
posted onFebruary 28, 2025
noبۆچوون

پازدەهەمین خەڵاتی هونەریی "محەممەد ماملێ" لە مەراسیمێکدا کە ڕۆژی هەینی لە شاری مەریوان بەڕێوەچوو، پێشکەش بە هونەرمەندی کرماشانی، عەلی ئەکبەر مورادی کرا.

لە مەراسیمەکەدا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی ئەدەبی و هونەریی کورد لە هەردوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەی بوون، خەڵاتەکە وەک ڕێزلێنانێک لە هەوڵەکانی مورادی بۆ پاراستن و پەرەپێدانی هونەر و کولتووری کوردی، پێشکەش کرا.

عەلی ئەکبەر مورادی، ژەنیاری بەناوبانگی تەمبوور، ساڵی 1958 لە گوندی بانزلانی سەر بە ناوچەی داڵەهۆ لە پارێزگای کرماشان لەدایکبووە.

لە دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، مورادی دەربڕی کە "زۆر بەختەوەر و خۆشحاڵە" بەو ڕێزلێنانە و هیوای خواست کە ڕێبازی ماملێ لە هونەری کوردیدا بەردەوام بێت.

شۆڕش سەعیدیزادە، بەڕێوەبەری مەراسیمەکە، ئاماژەی بەوەدا کە مورادی هەوڵێکی بەرچاوی داوە لە کۆکردنەوە و چاپکردنی میلۆدییە فۆلکلۆرییەکان و پاراستنی دەقە ئەدەبی و هونەرییەکانی ناوچەی کرماشان. هەروەها سەعیدیزادە باسی لەوەش کرد کە کرماشان ناوچەیەکی دەوڵەمەندە لە بوارە جیاوازەکانی هونەری، ئایینی، ئەدەبی و مێژوویی، و بەشێکە لە پێکهاتەی شارستانیەتی جیهان.

خەڵاتی ماملێ کە 16 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە، پێشتر بەخشرابووە چەندین هونەرمەندی ناسراوی کورد، لەوانە ناسر ڕەزازی، عەباس کەمەندی، عەزیز شاروخ، مەزهەر خالقی، شوان پەروەر، تیپی مۆسیقای سلێمانی، و حوسێن سەفامەنش.