بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئەکتەرێکی دوو فیلمی بەهمەن قوبادی کۆچی دواییکرد

ئەڵڵاموراد رەشتیانی
ئەڵڵاموراد رەشتیانی، هونەرمەند
posted onFebruary 18, 2025
noبۆچوون

ئەڵڵاموراد رەشتیانی، هونەرمەندی بواری فیلم و مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا رۆژی لە شاری سنە بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە کۆچی دواییکرد.

ئەڵڵاموراد رەشتانی ئامێری دایرەی لێدەدا، بەڵام لە فیلمەکانی نیوەی مانگ و ئاوازەکانی نیشتمانی دایکیم، دوو فیلمی بەهمەن قوبادیدا، ناوبانگی دەرکرد و لەگەڵ ئەکتەرە بە ناوبانگەکانی ئێران لەو فیلمانەدا رۆڵی گێڕا.

ئەڵڵاموراد رەشتیانی لە سنە لە ماڵێکی کۆندا دەژیا، بەڵام بەو ژیانە هەژارانەیەش دڵخۆش بوو. ئەو یەکێک لەو هونەرمەندانە بوو کە بە خۆشەویستی خەڵکەوە دەژیا و درێژەی بە چالاکییە هونەرییەکانی دەدا و هەمیشە دەیگوت: شانازی بە خاک و ناسنامە و کولتوورەکەیەوە دەکات.

ئەڵڵاموراد رەشتیانی لە فیلمی نیوەی مانگ رۆڵی "کاکۆ"ی دەگێڕا. بەهمەن قوبادی ساڵی ٢٠٠٦ فیلمی نیوەی مانگی بەرهەمهێنا و لە ژمارەیەک لە فستیڤاڵە جیهانییەکانی سینەمادا خەڵاتی بردەوە.

فیلمەکە باس لە ژەنیاری ناودار دەکات کە لە دوای رووخانی حکومەتی بەعسەوە دەیهەوێت بۆ کۆنسێرت بچێتە باشووری کوردستان. "کاکۆ" لەودا شۆفێری پاسێکە و کەسێکی زۆر نزیکی ژەنیارەکەیە. کاکۆ پاسەکەی بە ئەمانەت لە دۆستێکی وەرگرتووە، بۆ ئەوەی خزمەتی "مامۆ"، ژەنیارە ناودارەکە بکات.

فیلمی ئاوازەکانی نیستمانی دایکیم بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٢یە و لەودا باس لە گۆرانیبێژێکی بە ساڵاچووی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات کە دوای رووخانی حکومەتی سەدام دەچێتە باشووری کوردستان و بەشوێن هاوژینەکەی پێشتریدا دەگەڕێت کە ئەویش گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ بووە.