بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کرێکاری پیشەسازیی پیرانشار: بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان کێشەمان هەیە

کرێکارانی پیرانشار
نامەی کرێکارانی شارۆچکەی پیشەسازی پیرانشار
posted onFebruary 15, 2025
noبۆچوون

دەیان کرێکاری شارۆچکەی پیشەسازی پیرانشار دەڵێن، بەهۆی هەوڵاوسان و گرانبوونی پێداویستییە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ژیانەوە، کرێکاران بۆ دابینکردنی بژێوییان تووشی کێشەی زۆر جیدی بوونەتەوە و لە نامەیەکدا داوایان کردووە مووچەکانیان سەتاسەت زیاد بکرێت.

نزیکەی ١٠٠ کرێکاری شارۆچکەی پیشەسازیی پیرانشار، سەر بە پارێزگای ورمێ، دەڵێن: ماددە خۆراکییەکان، کە لە پێداویستییە سەرەتایی و سەرەکییەکانی ژیانن، بە شێوەیەکی بەرچاو گران بوون و ژیانی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا بەتایبەت توێژە کەمداهاتەکان و کرێکارەکان، زۆر دژوار بووەتەوە.

ئەو کرێکارانە ئاماژەیان بۆ رێژەی هەڵاوسان کردووە و دەڵێن بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، ئەم مانگە بەراورد بە مانگی رابردوو رێژەی هەڵاوسان نزیکەی ٣٪ و بەراورد بە ساڵی رابردووش نزیکەی ٣٢٪ بەرز بووەتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر دۆخی ژیانی بەشێکی زۆری خەڵک داناوە.

ئەوان دەڵێن، ئەم بارودۆخە زیاترین کاریگەریی لەسەر کرێکارانی پیشەسازی داناوە، کەچی ئەوان کۆڵەکەی ئابووری وڵاتن، بەڵام لەم ساڵانەدا نە تەنیا هیچ حکومەتێک پشتیوانی لێیان نەکردووە، بەڵکوو بەرانبەر ئەوان یاساکانیش پێشێل کراون.

ئەو کرێکارانە لە نامەیەکدا کە بۆ نوێنەری سەردەشت و پیرانشار ناردوویانە، داوایان لێکردووە ویستەکانیان بە بەرپرسانی پایەبەرزی کۆماری ئیسلامی بگەیەنێت، داوایان کردووە مووچەکانیان سەتاسەت بەرز بکرێتەوە و حکومەت پابەندی یاساکان بێت، بۆ ئەوەی دۆخیان هەندێ باشتر ببێت.