![سێ کەس لە دەستگیرکراوانی رۆژانی رابردووی رۆژهەڵاتی کوردستان](/sites/default/files/2025-02/DiakoKhezri-PeymanIsmailpour-YahyaMoradi.jpg)
لە رۆژانی رابردوو ژمارەیەک هاونیشتمانی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سەڵماس و جوانڕۆ دەستگیر کراون و دایکی شەهیدێکی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیش لێرسینەوەی لەگەڵ کراوە.
رۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، هاووڵاتییەكی خەڵکی گوندی "قومقەڵا" سەر بە شاری مەهاباد بە ناوی ئومێد فەقێ حوسێن‌زادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێكی نادیار ڕاگوێزرا.
پەیمان ئیسماعیل پوور خەڵکی گوندی حاجی لەک سەر بە شاری بۆكان، رۆژی ٢٥ی رێبەندان لە گوندەکەی خۆیان دەستگیر کراوە.
رۆژی ٢٣ی ڕێبەندان، ئەفشین عەلیزادە، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵكی گوندی "هەركیان"ی سەر بە شاری سەڵماس لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كرا.
ڕۆژی ١٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣، سەروەت سۆهرابی، چالاکڤانی کو‌لتووریی، خەڵکی جوانڕۆ و دانیشتووی کرماشان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
رۆژی ٢٣ی ڕێبەندان لە شاری جوانڕۆ، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی یەحیا مورادی، دەستگیریان کردووە و بۆ شوێنێكی نادیار رایانگواستووە.
یەحیا مورادی پێشتریش لە ٢٦ی خەزەڵوەری ٩٨ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک ئازاد کرا.
میلاد محه‌ممه‌دی، برای شه‌هید شه‌هریار محه‌ممه‌دی، گوتوویەتی: مینا سوڵتانی دایکی شه‌هید شه‌هریار به تۆمه‌تی "بانگه‌شه له دژی کۆماری ئیسلامی و پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی"، رۆژی ٢٧ی ڕێبه‌ندانی ١٤٠٣ی هه‌تاوی بانگ کراوەتە لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکان.
شه‌هریار محه‌ممه‌دی ٣٠ ساڵه و خه‌ڵکی بۆکان له بزووتنه‌وه‌ی ژن ژیان ئازادی رۆژی ٢٧ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٤٠١دا به ته‌قه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه حکومییەکان شه‌هید کرا و ته‌رمه‌که‌ی شه‌وانه و به شێوه‌ی نهێنی به خاک سپێردرا.