بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

بۆچی نزیک بە نیوەی کارگە بەرهەمهێنەرەکانی ئیلام داخراون؟

ناوچەی پیشەسازیی ئێوان
ناوچەی پیشەسازیی شاری ئێوان لە پارێزگای ئیلام
posted onJanuary 26, 2025
noبۆچوون

مامۆستایەکی زانکۆی ئیلام دەڵێت: لەم پارێزگایەدا ٤٧٠ کارگەی بەرهەمهێنەر هەن، بەڵام بەهۆی پاڵپشتی نەکردنی بەرپرسانەوە، ٤٠٪ی کارگەکان داخراون و ئەوانی دیکەشیان بەرەو داخران دەڕۆن.

سایەمیری، مامۆستای زانکۆی ئیلام، گوتی: هۆکاری داخرانی نزیک بە نیوەی کارگەکانی پارێزگای ئیلام ئەوەیە بەرپرسان و لایەنە بەرپرسەکان پشتگیری و هاوکاری کارگە بەرهەمهێنەرەکان ناکەن و تەنانەت شێوازی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کارگە چالاکەکانیش، وایکردووە کە ئەوانیش روو لە داخران هەنگاو بنێن.

لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کارگەی بچوک بچوک هەیە کە ئەوانیش خۆیان لەژێر گوشارە ئابوورییەکاندا راناگرن.

گەمارۆ ئابوورییەکان، خراپ ئیدارەدان، نەبوونی بازاڕی فرۆش، هاوردە کاڵای بیانی، نەبوونی پارە، نەتوانین بۆ رکابەری لەگەڵ بەرهەمە هاوشێوەکان، کۆنبوونی دامودەزگاکان، تێچووی زۆری بەرهەم، لە زۆر حاڵەتیشدا نەبوونی ماددەی خاو یان گرانبوونی ماددەی خاو، پشتگیری نەکردنی بانکەکان و هەروەها هاوکاری نەکردنی بەرپرسانی پارێزگاکان، کێشەکانی کارگە بەرهەمهێنەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانن.

ئەم کێشانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو کارگانەش کە چالاکن، کێشەیان بۆ پەیدا ببێت بۆ دابینکردنی مووچەی کرێکارەکان. پرسێک کە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی زۆر.

لە پارێزگای ئیلام قاسم سلێمانی دەشتەکی، پارێزگاری پێشووتری ئیلام، بەهاری ساڵی ١٣٩٩ گوتوویەتی: ٤٠٪ کارگە بەرهەمهێنەرەکانی ئیلام داخراون، سەرەڕای ئەوەش بارودۆخ بەجۆرێک نیشان دەدەین کە گوایە دۆخێکی گونجاوە.

بەم پێیە لەو کاتەوە هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارگە بەرهەمهێنەرەکانی ئیلام نەدراوە و هەندێ کارگەی وەک پترۆکیمیاییەکان لە ئیلامدا چالاکن و خەڵکی ئیلام بۆ دامەزراندن دڵیان بەوان خۆشە، بەڵام ئەوانیش بە بیانووی جۆراوجۆر کرێکارە ئیلامییەکان دەردەکەن یان خەڵکی شوێنێکی دیکە دادەمەزرێنن.