بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هێزه ئەمنییەکانی ئێران دوو هاووڵاتییان بەتۆمەتی بەڕێوەبردنی نەورۆزی کوردواری دەستبەسەر کرد

هێزه ئەمنییەکانی ئێران دوو هاووڵاتییان بەتۆمەتی بەڕێوەبردنی نەورۆزی کوردواری دەستبەسەر کرد
ڕەسمی ئومێد قادرنژاد و موحسین قادرەڕەش که له لایەن هێزه سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوه تەنیا به تۆمەتی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆزی کوردەواری دەستبەسەر کراون
له نەورۆزی ١٤٠٣ی هەتاوی، هەموو پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان له هەڵمەتێکی کەم وێنە، تێکرا ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کوردەواریان، به شکۆیەکی تایبەت بەڕێوه برد. ئەم هەڵوێسته کاردانەوە توندی کۆماری سێدارەی ئیسلامی لێکەوتەوه و تا ئێستا دەیان کەس به تۆمەتی بەڕێوەبردنی نەورۆزی کوردەواری بانگهێشت یان دەستبەسەر کراون
posted onApril 18, 2024
noبۆچوون

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو به ئاواتودەی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، دوو هاووڵاتیی کورد وخەڵکی گوندی حاجی حەسەنی شامات سەر بە شاری میاندواو، بە ناوەکانی ئومێد قادرنژاد تەمەن ٢٨ ساڵ و موحسین قادرەڕەش تەمەن ٣٠ ساڵ، دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شاره گواستراونەتەوه.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی قادرنژاد و قادرەڕەش له وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ ئاواتودەی ڕایگەیاند، ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر کراون و دوای دەستبەسەرکران بۆ بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو گواستراونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم سەرچاوەیه، یەکەم جار ئەم دوو گەنجه له لایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوه بانگهێشت کراون و دوای چەندا کاتژمێر لێکۆڵینەوه دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندی میاندواو کراون