بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

هێزه ئەمنییەکان پێش له بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئاگر نەورۆزیان له "ئایچی"ی سەقز گرت

هێزه ئەمنییەکان پێش له بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئاگر نەورۆزیان له "ئایچی"ی سەقز گرت
هێزه ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی پێش خەڵکیان دەگرت و نەیاندەهێشت بەرەو شوێنی بەڕێوچوونی ڕێورەسمەکه سەرکەوێن
posted onMarch 22, 2024
noبۆچوون

له درێژەی سیاسەته دژه کوردستانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هێزە ئەمنییەکان ئیزنیان به خەڵک نەدا ڕێوڕەسمی ئاگر نەورۆزی له ئاوایی "ئایچی" سەر به شاری سەقز بەڕێوه ببن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاڤاتودەی، ڕۆژی پێنج‌شەممه، دووی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، هێزه ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران به ئامادەبوون له گوندی ئایچی سەر به سەقز و به میلیتاریزه کردنی ئەو ناوچەیه، نەیانهێشت کەس له ڕێوڕەسمی ئاگر نەورۆزی بەشداربێت.

به گوێرەی وتەی شایەتحاڵان، هێزە ئەمنییەکان به بانگ کردنی بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکه هوشدارییان پێدا که مافی بەڕێوه‌بردنی ڕێوڕەسمی ئاگر نەورۆزیان نییه بۆیه له ئەگەری بەڕێوەچوونی هەرجوره چالاکییەک بەتوندترین شێوه بەرپرچ دەدرێنەوه و بەڕێوەبەرەکان دەستبەسەر دەکردن.

هەروەها هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێگا سەرەکییەکانیان داخستبوو و پێش له هاتنی خەڵکیان دەگرت و به هەڕەشه کردن سەدان کەسیان گەڕانەوه. بەوتەی شایەتحالان سەدان بنەماڵه بۆ بەشداری لەم ڕێورەسمه ڕیگایەکی زۆریان تێپەڕاندبوو که دواتر مەجبور کران بەرەو شار و گوندی خۆیان هەڵگەڕێنەوه.

پێشتریش هێزه ئەمنییەکان به ترساندن و توقاندنی خەڵکی کوردستان پێش له بەڕێوه‌بردنی ڕێورەسمی ئاگر نەورۆزیان له سنە و کەنگاوەر گرتبوو. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو هەڕەشه‌یه‌دا، زۆرینەی شار و گوندەکانی کوردستان له ئاستی خۆیان ڕێوڕەسمی ئاگر نەورۆزیان به شکۆیەکی تایبەت بەڕیوه‌بردووه.