بەڕێز ئەمنینى ئازیز کە ئێستا ئیتر خۆت و بنەماڵەکەت "خۆشەویستى ئێران"ـن.. سڵاو
دەمەوێت لەم نەورۆزەدا، ژیناکەى تۆ/ ژیناکەى ئێمە کە وەک جەستە لەسەر سفرەى جێژنمان نییە، دردەدڵێک بکەم تا بەڵکو مەرهەم و تەسکینێک بێت بۆ داخى منداڵەکەت، منداڵەکەم، منداڵى کوردستان، منداڵى ئێران.
بەڕێز ئەمینی
منیش باوکم و باش لە سوێى لەدەستدانى منداڵ تێدەگەم و بە خانەکانى جەسىتەم درکى دەکەم. دەزانم کە لە ٢٢ نەورۆزى ڕابردوو، ژیناى خۆشەویستت لە ئامێز گرتووە و بە دڵ و گیان بۆنى بسکەکانیت کردووە، کەچى ئەمساڵ لات نەبوو، جەستەی لە تەنیشت ئەو سفرەى جێژنانەیەت نەبوو کە ڕنگە هەر ڕاینەخەن.
دەمەوێت بڵێم، ژیناى تۆ، ژیناى ئێمە بوو/ و هەیە. بە تەنیا ژیناى سەقز و کوردستان نییە، ڕۆح و جەستەى ژینا، هى هەموو ئێران و دنیایە کە دەنگى مەزڵووبوونی بەر گوێى هەموو دنیا کەوت و تووشى شۆکى کردن.
دەمەوێت بڵێم، کۆست و خەمى تۆ، کۆست و خەمى ئێمەیە هەروەک کۆستى بنەماڵەى کیان، سارینا، مەجیدڕەزا، نیکا، حەدیس و کۆمار و سەدان لاو و منداڵى دیکەى ئەم خاکە کە تا بەر لە پاییز لەگەڵمان بوون، کەچى ئێستا لە بن ئەم خاک و گڵە ئۆقرەیان گرتووە.
دەمەوێت پێت بڵێم مەبادا خەم بخۆیت پیاو کە ژیناکەت لەدەست داوە و یا لە کوێیە! کە جەرگی دایکى سووتاوە و دڵى تۆ شەقى بردووە! مەبەدا لەم جۆرە قسانە بکەى!
نا، براکەم، نا!
ناوی ژیناکەى ئێمە، لەم گۆى زەوییە و بە پانتایی ئەم گێتییە چڕێنراوە و ساڵانى دواتر، گڵکۆکەى، دەبێتە مەزارگەى (ئازادی)ـىخوازان، (ژیان)ـخوازانى دونیا.
باوەڕ بکە، ژیناکەى ئێمە ڕۆحی لە ئارامى و هێوریدایە و بە هیچ شێوەیەک نیگەرانى تۆ و بنەماڵەکەى نییە، چونکە لە کەڵکەڵانى ئاسمانەوە دەنۆڕێت کە ئێرانێک سەراسەر، هەموو دنیا، ئێوەیان وەک یاقووتێک لە ئامێز گرتووە و "خۆشەویستەکانى" بوونەتە بەشێک لە ئێمە، بەشێک لە هەموومان.
بەڕێز ئەمینى خۆشەویست
سەرت بەرز ڕاگرە و شوکرانەبژێرى ئەم کیژۆڵەیە بە کە کائینات بە تۆى بەخشى، پێبکەنە تا ئەو شەمشەمەکوێرانەى کە تەحەموولى شەوق و بریسکەى مۆمى ژینایان نییە، لە ئەبەدەیەتى بەربەریەت و وەحشیگەرى خۆیاندا لەنێو بچن.
پەنجا ساڵ دواتر، مێژووى ئەم سەرزەمینە، لاپەڕە و وەرزێکى نوێ دەگێڕێتەوە کە خوێنى کچێک لە کوردستانەکەمانەو دەستپێکەریەتی، دەستپێکى ڕاپەڕین و جووڵانەوەیەک کە بە ناوى "ژن ژیان ئازادی" دەستى پێ کرد و پاشهەژینەکانیشی، هەموو دنیاى هەژاند. دنیاى ستەم و نایەکسانى و زۆرداری، تێک شکاند و ڕووخاند.
هیوادارم تا ساڵى ١٤٥١ى هەتاوى، زیندوو بم و پێکەوە هەردووکمان بچینە سەر مەزارى ژینا و لە ٣٠ى خەرمانان جێژنى لەدایکبوونەکەى بە شکۆ و گەورەییەوە بەڕێوە بەرین.
لە لایەن باوکێکى مامۆستا و ڕۆژنامەنووسێکەوە