بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕۆیتەرز: لە هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل چەندین پسپۆڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای پاسداران و سوریا کوژران و بریندار بوون

ڕۆیتەرز: لە هێرشە مووشەکییەکەی ئیسرائیل چەندین پسپۆڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانی سوپای پاسداران و سوریا کوژران و بریندار بوون
AvaToday caption
posted onFebruary 23, 2023
noبۆچوون

سێ ڕۆژ دوای هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی ناوچەیەکی ئەمنیی گەورە و پارێزراو لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە کە ئەو هێرشە مووشەکییە پسپۆڕانی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانى فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کۆماری ئیسلامی و سوریای کردووەتە ئامانج.

 

لەم ڕاپۆرتەدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زمانی سەرچاوە ئاگادارەکانی خۆی نووسیویەتی کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر دامەزراوەیەکى سەربازی لە دیمەشق کە سوپای پاسدارانى کۆمارى ئیسلامى لەگەڵ هێزەکانی سوریای تێدا نیشتەجێن.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئاژانسی ڕۆیتەرز، لەم سەربازگە ئێرانی ـ سوورییە، "شارەزایانی تەکنیکی لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" لە ڕۆژی یەکشەممە کۆبوونەوەیان هەبووە کە تیایدا باسیان لە بەرنامەی "پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان توانای مووشەکی" کۆماری ئیسلامی لە سوریا کردووە.

 

سەرچاوەیەکیش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوتووە کە لە هێرشە ئاسمانییەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ئیسرائیل، "بەرپرسێکی ئێرانی کە بەرپرسێکی پلەباڵا نەبووە لەگەڵ ئەندازیارێکی سووری کوژراون". میدیاکانی سوریاش پێشتر بڵاویان کردبووەوە کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ٥ کەس کوژراون و ١٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، "یەکێک لە ئەندازیارەکانی سوپای پاسداران" کە بەشداری کۆبوونەوەکەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووی کردبوو، بە سەختی بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران. ئەم سەرچاوەیە هەروەها کوژرانی ئەندازیارێکی سوپای سوریاشی پشتڕاست کردووەتەوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکان، بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕێبەندان، ٤ فڕۆکەی ئێف ١٦ی سوپای ئیسرائیل دامەزراوەیەکیان لە دیمەشق کردە ئامانج و لەم هێرشەدا لانیکەم ٧ بەرپرسی سەربازی سوریا کوژران.

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا، سانا، "هێرشەکەی ئیسرائیل"ی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، پێنج کەس لە نێویاندا سەربازێک لە "ناوچەیەکی نیشتەجێبوون" کوژراون و ١٥ هاوڵاتی مەدەنیش بریندار بوون.

بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل بەبێ پشتڕاستکردنەوەی هێرشەکەی وڵاتەکەی بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بەشێک لە قوربانییەکان بەهۆی "تەقەکردنی هەڵەی سیستەمى دژە مووشەکیی سوریاوە بووە".

ڕیتەرز ٣

سەرچاوەیەکی دیکەش کە دەستى بە ڕاپۆرتەکانی بەڕپرسانی ئەمنی سوریا گەیشتووە به ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە که پسپۆڕانی ئێران له باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا لەگەڵ سەربازانی سوریا کۆ بووەنەتەوە و ئەوێ کراوەتە ئامانج.

بە وتەی ناوبراو، یەکێک لە کوژراوەکان ئەندازیاری سوپای سوریایە و لە ناوەندی لێکۆڵینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی سوریا کاری کردووە. بە گوتەی وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەم ناوەندە دامەزراوەیەکی سەربازییە کە مووشەک و چەکی کیمیایی بەرهەم دەهێنێت. دیمەشق ئەم تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنی لە ناوچەکە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، یەکێک لە ئەندازیارەکانی سوپای پاسداران کە بەشداری لە بەرنامەی مووشەکی کۆمارى ئیسلامى لە سوریە کردووە، بە سەختی بریندار بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی تاران و دوو ئەندامی دیکەی پلە مامناوەندی سوپای پاسدارانیش لەم کۆبوونەوەیەدا بوونە، بەڵام بریندار نەبوون.