ناوچەی هەورامان لە ٤٤ـەمین دانیشتنی کۆمیتەی میراتی جیهانیی "یونسکۆ"دا، وەک میراتێکی بە نرخی جیهانیی تۆمار کرا و ئەمەش دڵخۆشبوونى گەلى کوردى لێ کەوتەوە.
هەر بەم بۆنەیەوە، ڕێکخراوى یۆنسکۆ بەیاننامەیەکى بڵاو کردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتى:
وێنا کولتوورییەکانی هەورامان
ناوچە دوورە دەست و شاخاوییەکانی هەورامان لانکە و گەواهیدەری کولتووری خەڵکی هەورامانن. هەورامییەکان وەک هۆزێکی کورد لە ۳۰۰۰ ساڵ پێش زایینەوە لەو ناوچەیە دەژین، کاری باخداری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەکەن. لەناو دڵێ چیاکانی زاگرۆس، لە پارێزگاکانی سنە و کرماشان بە درێژایی سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران، لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە: لە ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتەوە ژاوەرۆ و تەخت (لە پارێزگای سنە). لە ڕۆژئاواشەوە لهۆن (لە پارێزگای کرماشان).
شێوازی ژیانی خەڵکی هەورامان بە شێوەیەکە، خۆیان لەگەڵ سروشت و سەختی ناوچەکە گونجاندووە. بیناسازی و دروستکردنی خانوو لە ناوچە لێژەکان، چاندنی دار و درەخت لەسەر بەرد و ناوچە شاخاوییەکان، شێوازی بەخێوکردنی ئاژەڵ و کۆچی کورت ماوەیی وەزری، لە دیارترین جیاکەرەوەکانی ژیان و کولتووریی هەوارمییەکانە، کە ساڵانە بەگوێرەی وەرزەکان لە بەرزایی و پێدەشتەکاندا ژیان دەکەن (زستانان لەناو گوند و هاوینان لەناو باخ).
بەردەوامی لە ناوچەکەیان ماونەتەوە و ژیانیان کردووە، کە بە چەندین خەسڵەتی جیاکەرەوەی ژینگەی و تایبەتی ناسراوە، ئەم خەسڵەتانەش لە هەڵکۆڵراوی سەر بەرد، ئەشکەوت، پەناگە، چیاکان، پاشماوەی شوێنە کاتی و هەمیشەییەکانی نیشتەجێبوون، شوێنکار، گۆڕستان، رێگا، گوند، قەڵا و زۆر شتی دیکەدا نەخشێنراوە و دەردەکەون.
ئەو ۱۲ گوندەی لە پرۆژەکەدان، گەواهیدەر و سەلمێنەری ئەوەن، خەڵکی هەورامان سەرەرای نەبوونی خاکی بەپیت لە ناوچە شاخاوییەکانیان توانیویانە وەڵامێکی باشی سروشت بدەنەوە و خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن.