رفتن به محتوای اصلی

جگە لە سولەیمانى سەرکردەیەکى لوبنانیش دەهێنرێتە عێراق

جگە لە سولەیمانى سەرکردەیەکى لوبنانیش دەهێنرێتە عێراق
ئێران هەموو هەوڵى خۆى خستووەتە گەڕ تا حکومەتى نوێى عێراق لە بن دەستى خۆى بێت
هەوڵەکانى ئێران بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق خەریکە سەر دەگرێت
posted onAugust 19, 2018
noدیدگاه

 

ئێران تەنها بەوە نەوەستاوە فەرماندەى سوپاى قودسی خۆى ڕەوانەى عێراق بکات کە چەند ڕۆژێکە لە شارى بەغداو نەجەفە بۆ نزیککردنەوە لایەنە شێعەکانى نزیک خۆى لە چوارچێوەى گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانى، بەڵکو کەسایەتییەکى دیاریی حیزبوڵای لوبنانی تایبەت بە کەیسى عێراق ڕەوانەى بەغدا دەکات، تا پاڵەپەستۆکانیان چڕتر بکەنەوە.

 

بەپێی زانیارییەکانى ناسر جەنابی، توێژەرى سیاسی عێراقی "تاران، محەمەد کەوسەرانى بەرپرسى کەیسى عێراق لە نێو حیزبوڵای لوبنانى خستۆتە نێو دانووستاندنە سیاسییەکانى عێراق". بەگوتەى خۆشى "کەوسرانى نزیکەى هەفتەیەکە لە عێراق جموجۆڵى بەردەوامیی هەبووە تا گرووپێکى شێعە بەهێز دروست بکات بۆ ئەوەى تواناى پێکهێنانى حکومەتێکى نزیک لە تاران بە ئەنجام بگەیەنن". ئاشکراشی کردووە "سەرکردەکەى حیزبوڵا تا ئێستا بە شێوەیەکى فەرمیی کاری لەسەر دوورکەوتنەوە لە موقتەدا سەدر ڕێبەرى فراکسیۆنى سائیرون کردووە و، پێشنیاری هێشتنەوەى کێشەکانى مالیکی  ـ سەدر لەبەردەم لایەنەکان داناوە".

محەمەد کەوسەرانى لە لوبنانەوە هێنراوەتە عێراق بۆ ڕێکخستنى ماڵى شێعە

محەمەد کەوسەرانى لە لوبنانەوە هێنراوەتە عێراق بۆ ڕێکخستنى ماڵى شێعە

 

لەلایەن خۆیەوە ماجید خەیات، سەرۆکى سەنتەرى عێراق بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوەى میدیایی بە ئاژانسەکانى هەواڵى ڕاگەیاند "لەگەڵ شکستهێنانى عەبادی بۆ وەرگرتنى خوولى دووهەمى پۆستى سەرۆکایەتى وەزیران، هادی عامری، سەرۆکى فراکسیۆنى فەتح نزیک لەتاران، خۆى وەک پاڵیۆڕاوی سەرۆکایەتى حکومەت ڕاگەیاندووە". عامری، کە هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانى میلیشیاکانى حەشدی شەعبییە، هەوڵە سیاسییەکانى خۆى بۆ نزیکبوونەوە لەو پۆستە چڕتر کردووەتەوە و, کاریش لەسەر بەدەستهێنانى ڕەزامەندی ئەمریکا و ئێران دەکات. خەیات دەشڵێت "بە شێوەیەکى کاراش سەرۆکى فراکسیۆنى فەتح لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان و بە هەموو ئاراستەکان دەستى بەدانووستاندنى سیاسی کردووە".

ئەمەش لە کاتێکدایە هەفتەى ڕابردوو لەماڵى ئەو سەرکردە شێعەیە، بەسەرپەرشتى قاسم سولەیمانى، و باڵیۆزخانەى ئێران لە بەغداو و شاندێکى باڵای ئەو وڵاتە کۆبوونەوەى فراوانى فراکسیۆنە شێعەکان و بەشێک لە سوننەو کوردەکان بەرێوە چووە. لە بارەى مالیکییەوە، سەرۆکى سەنتەرى عێراق بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوەى میدیایی دووپاتی دەکاتەوە "بە پاڵپشتى ئێران دەیەوێت کلیلی حکومەتى داهاتوو بە دەستیەوە بمێنێتەوە ئەگەر هاتوو نەبێتەوە سەرۆکوەزیرانیش، بەڵام تەواوی دەسەڵاتەکان بە دەستیەوە بمێنێتەوە".

تا ئێستاش گرنگترین ئەو ناوانەى بۆ پۆستى سەرۆکایەتیکردنى حکومەتى داهاتووى بەغدا دیاری کراون، تارق نەجم بەرێوەبەرى پێشووى نووسینگەى مالیکی، فالح فەیاز سەرۆکى حەشدی شەعبی و ڕاوێژکارى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیی عێراق کە هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانى فراکسیۆنەکەى عەبادییە، لە پاڵ ئەوانیش هادی عامری سەرکردەى فراکسیۆنى فەتح و گرووپی میلیشیا بەدی دەکرێت.

ئەو ناوانەش سەرجەمیان لە بەرەى ئێرانەوە نزیکن و پاڵپشتى تەواویان لەل ایەن سولەیمانی و تارانەوە بە دەست هێناوە. لە بەرامبەریشدا بەرەى دژە ئێران هەوڵەکانى خۆیان بۆ دروستکردنى گەورەترین قەوارەى پەرلەمانى چڕتر کردووەتەوەو، ڕایانگەیاندووە "تاکە پاڵیۆڕاویان بۆ پۆستى سەرۆکایەتى حکومەت حەیدەر عەبادییە".