رفتن به محتوای اصلی

سعودیە هاوپەیمانییەکى نوێ دژى ئێران و نەیارانى دروست دەکا

سعودیە هاوپەیمانییەکى نوێ دژى ئێران و نەیارانى دروست دەکا
ئەم هاوپەیمانییە لە هەوڵى دروستکردنى ناتۆیەکى عەرەبییە کە دوژمنى سەرەکى ئێران دەبێت
posted onDecember 16, 2018
noدیدگاه

 

شانەشینى عەرەبی سعودیە هەوڵەکانى بۆ کۆکردنەوەى زۆرترین وڵاتی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ڕابەرایەتى کردنیان بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆمارى ئێسلامی ئێران و هاوپەیمانانى بەردەوامیی هەیەو، دوایین هەوڵەکانى ڕیازیش لەو بارەیەوە دروستکردنى " هاوپەیمانى وڵاتانى سنوورى دەریای سوور"ـە.

 

دەریاى سوور یەکێکە لەناوچە ستراتیژییەکانى گەشتە دەریاییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و، بووەتە یەکێکە لەناوچە پڕ لە ناکۆکی و ڕکابەرییەکانى وڵاتانى جیهان وەک ئێران، تورکیاو قەتەر. بۆ دروستکردنى هاوپەیمانى هاوسنوورى دەریاى سوور، هەر یەک لە میسر، جیبۆتى، سۆماڵ، سوودان، یەمەن و ئوردن گەیشتنە پایتەختى سعودیەو، بەشداریی کۆبوونەوەى هاوبەشیان کردووە، بەبێ ئەوەى بگەنە ڕێککەوتنێکى کۆتایی.

چاوەڕوان دەکرێت تیمێکى پسپۆڕ لەداهاتوو لە قاهیرە کۆ ببنەوەو، گفتوگۆى هونەرى لەسەر ئەو پرسە بکەن. لەنێو ئەو وڵاتانەى کە هاوسنوورن لەسەر دەریاى سوور، ئەریتریا بەشداریی نەکردووە، کە ئەو وڵاتە کۆمەڵێک دوورگەى لەنێو دەریاکە هەیە و، بە ڕووبەرى ١١٥٠ کیلۆمەتریش کەنارى لەسەر دەریاى سوور هەیە.

لەسەر ئاستى کیشوەرى ئەفریقاش ئەسیوبیا، کە هیچ سنوورێکى لەگەڵ ئەو دەریاییە نییە، بەڵام خاوەنى زۆرترین ڕێژەى دانیشتووانى قۆڵى ئەفریقییە نزیک بێت لەو پێگە جوگرافییە. دواى دوو ڕۆژ لەکۆبوونەوەى بەردەوام عادل جوبەیر، وەزیرى دەرەوەى حکومەتى ڕیاز ڕایگەیاند "ئەو هەوڵانەى شانشینەکەیان لە چوارچێوەى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خۆى و دراوسێیەکانى دێت"، گووتیشى "هاوکات بۆ سەقامگیرى زیاترى ئەو ناوچەیە، بەتایبەت لەنێوان وڵاتانى هاوبەشەوە".

جوبەیر ڕوونیشی کردەوە "تاچەند هەماهەنگی و هاوبەشى لەنێوان وڵاتانى ئەو ناوچەیە هەبێت، کاریگەریى دەرەکی نەرێنى لەسەر ناوچەکە کەمتر دەبێت". ڕیاز لەپاڵ ئەو هاوپەیمانییە کە بە نیازە دروستى بکات، ڕابەرایەتى هاوپەیمانییەکى عەرەبی دەکات دژى حوسییەکانى یەمەن، کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتى دەکرێن.

جگە لەوانەش ئەو شانشینە کە یەکێکە لە نەیارە سەرسەختەکانى کۆمارى ئیسلامی ئێران، لە هەوڵى دروستکردنى ناتۆیەکى عەرەبیە دژى دەستێوەردانى ڕژێمى تاران بەتایبەت لەوڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەک عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن. هەریەک لە سعودیە و ئیمارات بە دوو وڵاتى هاوپەیمانى ستراتیژی لە دوورگەى عەرەبی دادەنرێن و، دەیانەوێت باڵى ڕۆژاواى کەنارە ئەفریقییەکان بپارێزن و، لە هەمان کاتیشدا نەیارەکانیان نەتوانن جێی پێیان لەو ناوچەیە دروست بکەن.

گرنگیی ئەو دەریایە لەوەیە دەروازەى گەرووی باب مەندەبی لێیەو، ڕۆژانە بەلایەنى کەمەوە ٣.٢ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەوێدا بەرەو ئەوروپا و ئەمریکا و ئاسیا تێپەردەبێت. لەم ساڵانەى دواییشدا ئەو ڕێڕەوە دەریاییە بووە ئامانجێکى ئاسانى چەتەکانى دەریاو میلیشیا حوسییەکانى یەمەن.

وەزیرەکەى سعودیە جەختى لەوەش کردۆتەوە کە "بەشێکى هاوپەیمانییە بۆ پتەوکردنى بازرگانى و پاراستنى ژینگەیە"، کە ئەو وڵاتە بە تێچووى ٥٠٠ ملیار دۆلار، بە هاوبەشى لەگەڵ ئوردن و میسر، پرۆژەیەکى وەبەرهێنانى زەبەلاحی لەو ناوچەیە ئەنجام داوە بۆ ئەوەى ببێتە پێگەیەکى گەشتیاریى گرانبەها. کە ئامانجی ڕیاز ئەوەیە "سەرچاوەى داهاتى دارایی خۆى فراوانتر بکات و، کەمتر پشت بەداهاتى نەوت ببەستێت".