رفتن به محتوای اصلی

زاگرۆس دەسووتێت و دەسەڵات بێباکە!

زاگرۆس دەسووتێت و دەسەڵات بێباکە!
AvaToday caption
posted onAugust 12, 2019
noدیدگاه

چەند ڕۆژە لە چەند بەرزاییەکى زنجیرە کێوەکانى زاگرۆس، ئاگر بەربووەتە داربەڕوو و قەزوان و پاوانەکان و هەتا دێت شاخەکانى کوردستان زیاتر ڕەش هەڵدەگەڕێن و گیانەوەران دەبنە قوربانى.

دوا بەرزایی لەم زنجیرە کێوانە کە ئاگرى گرت، بەرزاییەکانى ویمیر و دوریسان و دەرەنیشە و چورژى ـى شارى پاوە بوو کە بە هۆى هەڵکردنى با و بێباکى دەسەڵاتەوە، زیاتر لە ١٠ کاتژمێر بەردەوام بوو و زۆرینەى ئەو ناوچانە بوونە خۆڵەمێش.

وەک لەو ڤیدیۆیانەى کە تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى نێردراوە، کێشەى سەرەکى و گلەیی یەکەمیان، بێباکى ڕژێمى ئێرانە لە کوژاندنەوەى ئاگرەکە، وەک هاووڵاتییک گوتوویەتى "ئێمە نزیکەى ٧ کاتژمێرە تەنیا بە دەستى بەتاڵ و بە هاوکارى خەڵکى گوندەکە خەریکى کوژاندنەوەى ئاگرەکەین کەچى کەسێک لە بەرپرسانى شارى پاوەو پارێزگاى کرماشان نەهاتوون بڵێن با هاوکاریتان بکەین".

چالاکانى مەدەنى و بەتایبەت ئەندامانى ئەنجوومەنى ژیواى کە ئەنجوومەنێکى مەدەنییە و گرنگى بە سرووشتى هەورامان و کوردستان دەکات، هاوکارى خەڵکى ناوچە بەرزاییەکان بوونە و بە گەیاندنى ئاو و خۆراک و کوژانەوەى ئاگرەکە ڕۆڵیان گێڕاوە.

ئاگرررررر

گلەیی هاووڵاتییەکى پاوەیی کە لە ڤیدیۆیەکدا لە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى بڵاو بووەتەوە، کاریگەرییەکى زۆر گەورەى لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەبووە بەوەى کە دەڵێت:

ـ ئێمە ئەم کوڕە خۆبەخشانە نزیکەى ١٠ کاتژمێرە ئاگر دەکوژێنینەوە، کەچى هیچ یەک لە بەرپرسانى پاوە و پارێزگاى کرماشان نەهاتوون بڵێن دەستتان خۆش بێت.

ـ پاوە تەنیا ئەم سرووشتەى هەیە، ئەگەر ئەم سرووشتەشى نەمێنێت کەواتە هیچى نامێنێتەوە.

ـ کاتێک کە بەرپرسێک لە ناوچەکە خۆى دانانرێت و کەسێک لە شوێنێکى دیکەوە دەهێنرێت و دەکرێتە حاکم، ئەمە دۆخەکە دەبێت و گرنگى بە ناوچەکە نادات.

ـ ئێوە بەرپرسان تەنیا بەڵێن دەدەن، کاتى خۆى بەڵێنتان دا کە هەورامان بکەنە شوێنى گەشتیارى، ئاخۆ وڵاتێکى سووتاو بۆ گەشتیارى دەبێت!

شایەنى باسە هەندێک لەو کەسە خۆبەخشانەى کە هاوکارى خەڵکى بەرزاییە سووتاوەکانیان کردووە، بە هۆى گەورەیی گڕ و بڵێسەى ئاگرەکە تووشى سووتان بوونەتەوە و ئێستا لە نەخۆشخانەى پاوە چارەسەرێکى سەرەتاییان وەرگرتووە.

 

لینکى ڤیدیۆ: