له‌گه‌ڵ تووندبوونی قه‌یرانه سیاسییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ناوچه‌كه كه‌وتووەته به‌رده‌م جه‌نگێكی گه‌وره‌ی مه‌ترسیدار و وڵاتێكی زۆری ناچار كردووه بێنه سه‌ر هێڵه بۆ ئه‌وه‌ی "دێوه‌زمه‌ی جه‌نگ" له ناوچه‌كه دوور بخه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت له نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئەمریکا و هاوپهیمانەکانى له كه‌نداو.
هه‌موو جیهان له نێوییشیدا جیهانی عه‌ره‌بی، سووره له‌وه‌ی شه‌ڕێكی نوێ به هۆی سیاسه‌ته‌كانی تاران و، شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كانی له‌ناوچه‌كه سه‌رهه‌ڵنه‌دات. له‌باره‌ی ئه‌گه‌رو سیناریۆر چاوه‌ڕوانكراوه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانه شه‌ڕانگێزییه‌كانی رژێمی ئێران له ناوچه‌كه، تۆڕی میدیایی ئاڤاتوده‌ی بۆچوونی ژماره‌یه‌ك کەسایەتى سیاسی و توێژه‌ری له ڕرۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهان وه‌رگرتووه. له‌نێویاندا پێشبینی "سه‌رهه‌ڵدانی پێكدادان له نێوان تاران وو اشنتۆن" كردووه، هه‌ندێكی دیكه‌شیان بۆچوونی دیكه‌ی هه‌بووه.
ئینتفاز قه‌نبه‌ر سه‌رۆكی پارتی ئایندهی ده‌ستووری عێراقی
له‌باره‌ی خوێندنه‌وه‌یان بۆ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران له كه‌نداو، ئینتفاز قه‌نبه‌ر سه‌رۆكی پارتی ئایندهی ده‌ستووری عێراقی دانیشتووی واشنتۆنی پایته‌ختی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، پرسیارمان کرد..
ئینتفاز گووتی "ئێران هیچ ده‌رچه‌یه‌كی نییه، ته‌نها نانه‌وه‌ی كێشه‌و، هیچیشی نییه بیدۆڕێنێت، بۆیه ئومێدی نانه‌وه‌ی ئاڵۆزی و كێشه‌یه". گوتیشى "ڕژێمی ئێران له ڕرووی ئابوورییه‌وه ده‌خنكێت و، له‌سه‌ره مه‌رگه، به‌تایبه‌ت دابه‌زینی ٩٠%ى ئاستی هه‌نارده كردنی نه‌وت، كه لە ٢.٥ ملیۆن بۆ ته‌نها ٢٣٠ هه‌زار به‌رمیل دابه‌زیوه، به هۆی پاڵەپەستۆکانى ئه‌مه‌ریكاشه‌وه به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر چین، كه تاكه كڕیاری به قاچاخی نه‌وتی ئێرانییه، ئه‌گه‌ری دابه‌زینی زیاتریش هه‌یه".
مه‌سعود زاهد ڕۆژنامه‌نووس و توێژه‌ری سیاسی
هاوكات مه‌سعود زاهد، رۆژنامه‌نووس و توێژه‌ری سیاسی له‌دوبه‌ی، ئیماره‌تی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو ده‌ڵێت "هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئێران له كه‌نداو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه واقعییهكانه كه تاران له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵۆزییهكهوه دركاندوویهتی، كاتێك ئه‌مریكا سه‌رجه‌م لێخۆشبوونهكانی كڕینی نه‌وتی هه‌ڵوه‌شانده‌وه".
باسی له‌وه‌ش كرد "ئێران هه‌ڕه‌شه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كات، كه پێشتر له‌لایه‌ن سه‌رکۆمارى ئێران حه‌سه‌ن ڕووحانییه‌وه ڕاگه‌ینرا، كاتێك گووتی ئه‌گه‌ر نه‌وت هه‌نارده نه‌كه‌ین، هیچ وڵاتێكی دیكه‌ش نه‌وت هه‌نارده ناكات".
به‌ڵام عه‌لی عاتف، توێژه‌ری كاروباری ئێران له میسر هێمای به‌وه كردووه "هه‌ڵسوكه‌وته شهڕاگێزییهكانی ئه‌م دواییه‌ی ئێران له ناوچه‌كه ئاره‌زوویه‌كه بۆ خوڵقاندنی (تۆقینێك) بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ئه‌گه‌ری بیركردنه‌وه له‌هه‌ر هێرشكردنێك"، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه "له‌لایه‌نی به‌رامبه‌ریشدا ڕژێمی ئێران له ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی جه‌نگ توانی ڕاوه‌ستانی به‌رامبه‌ر هێزی نێوده‌وڵه‌تی نییه".
له دوای كشانه‌وه‌ی ئیداره‌ی ئێستای ئه‌مریكا له ڕێكکهوتننامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ٢٠١٥، له ئایاری ساڵی رابردوو و، سه‌پاندنی چه‌ندین سزای ئابووری یه‌ك به‌دوای یه‌ك به‌سه‌ر رژێمی تاران، قه‌یران و ئاڵۆزییه‌كانی به‌زنجیره به‌دوای یه‌كدا هاتن. یه‌كه‌م هێرشی لابه‌لا له‌ئایاری رابردوو بوو، كاتێك چوار كه‌شتی نه‌وت هه‌ڵگر له‌نزیك به‌نده‌ری فوجێرهی ئیمارات كرایه ئامانج، هه‌ر له‌و كاته‌وه شانه‌شینی سعودیه‌و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان تارانیان تۆمه‌تبار كرد، ته‌نانه‌ت مانگێكی پێنه‌چوو، دوو كه‌شتی دیكه له‌ده‌ریای عه‌ره‌ب ئه‌وانیش كرانه ئامانج.
قه‌نبه‌ر له‌درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی بۆ ئاڤاتوده‌ی هێما به‌وه ده‌كات ڕژێمی ئێران ئومێده‌واره كێشه‌ی زیاتر دروست بكات". به‌بۆچوونی خۆی ئامانجه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه "سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ جه‌نگێكی قێزه‌وه‌ن ڕاكێشێت و، ببێته هۆكارێك بۆ دۆڕاندنی له‌هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ساڵی داهاتوو به‌رێوه بچێت". ئه‌وه‌شی خسته سه‌ر كه تاران "تاكه ئومێدی سه‌ركه‌وتنی دیموكراته‌كانه، ئه‌گینا چاره‌نووسیان داڕمانی ته‌واوه‌تییه، ڕه‌نگه بگاته داڕمانی رژێمیش".
له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێرانیش زاهد پێشبینی ئه‌وه ده‌كات "جێبه‌جێكردنی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێران، كاردانه‌وه‌ی نه‌رێنی له‌سه‌ر ئه‌و رژێمه ده‌بێت و، ئه‌نجامی پێچه‌وانه‌شی ده‌بێت، ئه‌و كات ئه‌ورووپاش له‌پاڵ ئه‌مریكا ده‌وه‌ستێت"، به‌ڵام توێژه‌ره‌كه‌ی كاروباری ئێران له میسر ده‌ڵێت "ئه‌و دەمەلاسکێیانە سه‌رپێچیكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و یاسای كه‌شتیوانیی ده‌ریاییه‌كانه".
سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه زۆره‌كان و، ئه‌گه‌ری پێكدادان زۆر نزیكه، به‌ڵام هیچ لایه‌نێك پشتگیری له‌جه‌نگ ناكات، دوای ده‌ست به‌سه‌راگرتنی نەوتهەڵگرەکەى به‌ریتانیا له گه‌رووی هورمز له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه (به رێكخراوێكی تیرۆریستی هه‌ژمار كراوه)، جێرمی هانت، وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی له‌نده‌ن له‌به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناردنی هێزی سه‌ربازی زیاتری بۆ كه‌نداو كرد.
باسی لههاوپهیمانیهكی نێوده‌وڵه‌تیش كردووه، بۆ پاراستنی جموجۆڵی ده‌ریایی له‌و رێڕه‌وه. ڕۆژنامه‌نووسه‌كه‌ی ئیماره‌ت گووتی "ئێران به‌داگیركردنی نەوتهەڵگرەکەى به‌ریتانیا، هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیژی به‌قازانجی ئه‌م ریكا كردووه". توێژه‌ره‌كه‌ی میسریش ده‌ڵێت " ئه‌گه‌ر ئه‌و بارگرژییه به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، به دووری نازانم گورزوهشاندنێكی جۆری دژی تاران به دی بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رپه‌رچی ئه‌و رژێمه بداته‌وه"، له‌هه‌مان كاتیش‌دا بیرۆكه‌ی "جه‌نگێكی كراوه"ـی ڕه‌ت كرده‌وه.
به گووته‌ی خۆی " هه‌موو لایه‌نه‌كان جه‌نگێكی له‌و شێوه‌یان ناوێت، ته‌نانه‌ت خودی ئێران ئاماده نییه بۆ جه‌نگێكی هاوشێوه".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه سه‌رۆكی پارتی ئایندهی ده‌ستووری عێراقی، له واشنتۆنه‌وه بۆچوونێكی جیاوازتری هه‌بووه و، ده‌شڵێت "به‌ڵی ده‌كرێ، به‌ڵام شتێك هه‌یه په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی به‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستاوه هه‌یه؛ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ترامپ ڕه‌وشی ئه‌مریكای به به‌راورد له‌گه‌ڵ رابردوو، گۆڕیوه". شیكردنه‌وه‌ی زیاتریشی بۆ ده‌كات به‌وه‌ی "په‌ره‌پێدانی پیشه‌سازی نه‌وتی ئه‌مریكا ئه‌و وڵاته‌ی له هاوردهكارهوه بۆ هه‌نارده‌كار گواسته‌وه".
" ئه‌گه‌ر ئێران له ئامانجێكی ئه‌مریكا بدات و، ببێته هۆكارێك بۆ كوشتنی ئه‌مریكییه‌كان، ئه‌وا بڕیاره‌كانی ترامپ به سزادانی ئێران له ڕرێگه‌ی هێرشێكی ئاسمانی فراوانه‌وه ده‌بێت"، وه‌ك ئینفاز قه‌نبه‌ر گووتی. هاوكات توێژه‌ره میسرییه‌كه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه " پێكدادان تا ئێستا به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ له‌نێوان هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ڕووی نه‌داوه، به‌ڵام تا ئێستا ته‌نها له‌لایه‌ن رژێمی ئێرانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت".
ئه‌وه‌شی خسته سه‌ر كه " ئه‌گه‌ر ئه‌و دەمەلاسکێ و خۆهەڵگڵۆفینانەى ڕژێمی ئێران بۆ سه‌ر نەوتهەڵگرە نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌ربازی ده‌بێته ئه‌گه‌رێكی حه‌تمی و، ئه‌مه‌ش ته‌نها پرسه‌كه به‌كاته‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه". هه‌ر تایبه‌ت به‌و پرسه له به‌شداربووانمان پرسی " ئاخۆ ئێران یاری به كارتێكی براوه له له‌نده‌ن و واشنتۆن ناكات، كه هه‌ردوو وڵات سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردنن؟".
له‌وه‌ڵامدا عه‌لی عاتف له میسره‌وه رایگه‌یاند "بێگومان رژێمی ئێران یاری به‌كارتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی ئه‌مریكا ده‌كات و، له پرسی به‌ریتانیاش ده‌یه‌وێت سوود وه‌ربگرێت". ئه‌و توێژه‌ره‌ی كاروباری ئێران ده‌شڵێت "ڕژێمی تاران، چاوه‌ڕوانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكایه، بۆ ئه‌وه‌ی جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆك دوناڵد ترامپ دیاریی بكرێت".
مه‌سعود زاهد، له دوبه‌ی پاڵپشتی قسه‌كانی توێژه‌ره میسرییه‌كه ده‌كات و، ئه‌وه‌شی خسته سه‌ر "دوای زیادبوونی بارگرژییه‌كانی ئه‌م چه‌ند هه‌فته‌ی دوایی، ئێران ده‌ستی كردووه به‌یاریكردن به كارتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی واشنتۆن ". ئاشكراشی كرد "ناشكرێت گره‌و له‌سه‌ر كارتی گۆڕانكارییه‌كانی به‌ریتانیا بكرێت، كه ئێستا له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت به‌رێوه ده‌چێت، چونكه سه‌رجه‌م ڕه‌وت و پارته‌كانی بەریتانیا دژی رێكاره‌كانی تاران بوون بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی نەوتهەڵگرە به‌ریتانییه‌كه، به‌و هۆیه‌وه‌ش رژێمی ئێران خۆی له به‌رده‌م یه‌كگرتوویی ناوخۆیی به‌ریتانیا دۆزیوه‌ته‌وه". پێی واشبووه " ئه‌سته‌مه دابه‌شكارییه سیاسییه ناوخۆییه‌كانی له‌نده‌ن، كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرسه سه‌روه‌رییه‌كانی ئه‌و وڵاته بكات".
له‌به‌رامبه‌ریشدا ئینتفاز قه‌نبه‌ر، له واشنتۆنه‌وه روونی ده‌كاته‌وه "ئێمه له یارییه‌كه‌ی ئێران تێگه‌یشتوون، وه‌ك باسم كرد ده‌یه‌وێت ترامپ بۆ شه‌ڕێك راكێشێت، بهڕهڵاییهكی قێزه‌وه‌ن له كه‌نداو بخوڵقێنێت". سیاسییه عێراقییه‌كه دهشیگێرێتهوه كه " ئه‌و پرسه وه‌ك كه‌رسته‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن دیموكراتخوازهكانهوه به كار ده‌هێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی ترامپ بڕووخێنن و، دواتر سزایه‌كانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگیرێت و بگه‌رێنه‌وه سه‌ر رێكه‌وتننامه ئهتۆمییهكهو كێشه‌كانیش چاره‌سه‌ر بن". دووپاتی ده‌كاته‌وه "ترامپ له یارییهگه تێگه‌یشتووه و، چاودێری گێچه‌ڵییه‌كانی ئێرانیش ده‌كات و، ئه‌وانه‌شی ئیحراج كردووه، كه ڕه‌خنه له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له فشاری به‌هێزتر(Maximum Pressure) ده‌گرت دژی ئێران وه‌ك ئه‌ورووپا و به‌ریتانیا".
له دوای ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی نهوتتهەڵگرەکان، قه‌یرانێكی ڕاسته‌قینه بۆ زۆربه‌ی كاروانه نه‌وتییه‌كانی گه‌رووی هورمز له كه‌نداو دروست بووه، مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌شی بۆ وڵاته زلهێزه‌كان دروست كردووه، به‌تایبه‌ت له‌نێوان له‌نده‌ن و واشنتۆن و هاوپه‌یمانانی له لایه‌ك و تاران و ملیشیا چه‌كداره‌كانی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له لایه‌كی دیكه‌وه. ئێران له ڕرێگه‌ی ده‌ستبه‌سه‌را گرتنی نەوتهەڵگرەکانى به‌ریتانیا ترامپ بۆ شه‌ڕێك راكێشێت، به‌ڵام سه‌رۆكی ئه‌مریكا توانیویه‌تی رژێمی ده‌سه‌ڵاتداری تاران ئیحراج بكات و، نه‌كه‌وێته نێو ئه‌و ته‌ڵه‌یه.
عاتف له‌و باره‌یه‌وه هێما به‌وه ده‌كات "ئێران ته‌نها له‌سه‌ر كات یاریی ده‌كات و، پرۆسه‌كه تا هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٢٠ درێژه‌ی پێ بدات". له‌لایه‌ن خۆیشیه‌وه سه‌رۆكی پارتی ئایندهی ده‌ستووری عێراقی له كۆتایی قسه‌كانیدا ده‌ڵێت " ئێران به‌رده‌وام لایه‌نگرانی له‌ده‌ست ده‌دات و، له‌به‌رامبه‌ریشدا ترامپ هاوپه‌یمانه‌كانی روو له زیادبوون ده‌كه‌ن، ئه‌مریكا ئه‌و سوود له‌و دینامیكییه وه‌رده‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كی سه‌ربازی و نێوده‌وڵه‌تی دروست بكات، پشتگیری له لێدانی ئێران بكه‌ن".