لەم ماوەیەدا بە سەدان دۆنم زەوى کوشتوکاڵى و گەنم و جۆى کوردانى پارێزگاى کەرکوک لە لایەن تیرۆریستەکانى داعش و عەرەبە هاوردەکراوەکانەوە سووتێنران و بەرووبوومى ساڵێکیان بەبا چوو، کەچى ئێستا نۆرە گەیشتووەتە سەر خوێندکارانى پۆلى ١٢ى ئامادەیی ئەو پارێزگایە و بە ئاشکرا زوڵمیان لێ دەکرێت و خەریکە ڕەنجى ١٢ ساڵ خوێندنیان بەم تاقیکردنەوە وزارییە کە لە لایەن وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى ناوەندییەوە دانراوە، بەفیڕۆ دەچێت.
ئێستا لەشاری کەرکوک، قوتابیانی خوێندنى کوردی پۆلى شەشەمی ئامادەی (١٢) خەریکی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵن کەچی لەبری ئەوەی هاوکاری و ئاسانکارییان بۆ بکرێت، حکومەتی بەغدا نادادپەروەرانە لەگەڵیان دەجووڵێتەوە و وەک چاودێرێکى سیاسى باسى لێوە دەکات "سزای سیاسییان دەدات"، ئەویش لە ڕێگەی پرسیاردانانەوە کە ئەم پرسیارەکانى ئەمساڵ بە هەموو شێوەیەک زۆر جیاوازان لەساڵانی ڕابردوو.
وەک چەندین خوێندکارى کوردى شارەکەش باسى لێوە دەکەن "ئەمساڵ مامەڵەیەکی ناتەندروستمان بەرامبەر دەکرێت لە لایەن ئەو هێزی پاراستنەی کە زانکۆی کەرکوک دەپارێزن و چەند کارمەندێکیان بە نەتەوە عەرەبن و قوتابیانی کەرکوک و دەوروبەری تاقیکردنەوەکانی تێدا ئەنجام دەدەن".
قوتابییەکان باس لەوە دەکەن کە "دوێنێ قوتابییەک ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدانیش بووەتەوە"، بەمەش دەردەکەوێت کە وەزارەتی پەروەردەی عێراق جیاوازی دروست دەکات لە نێوان خوێندنی بەشی کوردی و بەشی عەرەبی و بە ڕووونى ئەمە دیارە. یەکێک لە مامۆستا کوردەکانى پۆلى ١٢ى ئامادەییەکان باسى لەوە کرد کە وەزارەتى پەروەردەى عێراق لەبەر گرانى تاقیکردنەوەى عەرەبی، "بڕیاری داوە بە دووبارەکردنەوەی تاقیکردنەوە لەو بابەتە تەنیا بۆ خوێندنی بەشی عەرەبی لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، کەچی هەرچەندە خوێندکارانى خوێندنی زمانی کوردیش هەمان کێشەیان هەبووە، بەڵام هیچ کەسێک هەوڵی ئەوەی نەداوە بۆ ئەوەی بابەتی زمانی عەرەبی قوتابییە کوردەکانى خوێندنی بەشی کوردی دووباره بکرێتەوە لەگەڵ ئەوەى کە زمانى عەرەبی بۆ کوردەکان وەک زمانى دووەم هەژمار دەکرێت و پێویستە تاقیکردنەوە و پڕۆگرامى ئەوان ئاسانتر بێت لە خودى عەرەبەکان، وەک چۆن عەرەبەکان تاقیکردنەوەى کوردى ئەنجام نادەن".
باوکى دوو قوتابی دووانە کە هەردوو کچەکەى لە پۆلى ١٢ى ئامادەیین، گلەیی لە بەڕێوبەری پەروەردەی خوێندنى کوردى پارێزگاى کەرکوک دەکات و دەڵێت "بەداخەوە ئەو پیاوە هیچ بەدواداچوونێک ناکات بۆ ئەوەی مافی قوتابیانی خوێندنی بەشی کوردی وەربگرێتەوە و ئێستا کورد لەکەرکوک لەناو زیندانێکی گەورەدا دەژیت".