رفتن به محتوای اصلی

کۆماری ئیسلامی پەکەکە دەفرۆشێ؟

کۆماری ئیسلامی پەکەکە دەفرۆشێ؟
posted onMarch 7, 2019
noدیدگاه

سولەیمان سۆیڵۆو وەزیری ناوخۆی تورکیە ڕایگەیاندووە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی ئۆپراسیۆنێکی هاوبەش دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەڕێوە ببەن.

بە گوێرەی هەواڵی ئاڤاتودەی، لە سەفەری سێ مانگ پێشترى حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ئێران بۆ ئەنقەرە، ڕەجەب تەیب ئەردوغان پیشنیاری بە سەرکۆمارى کۆمارى ئیسلامى دا کە ئامادەن لە بەرامبەر سەرکوتی پەکەکە، هاوکاری دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران بکەن، بەڵام سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی کە ١٣ پێگەی لە قەندیل هەیە و بە ئاشکرا پشتى پەکەکەیە، ئامادە نەبوو بۆ سەرکوتی پەکەکە هاوکاری تورکیە بکات، بەڵام ئێستا بە هۆى زیاتربوونى گوشاری ئابووری ئەمریکا لەسەر تورکیە کە دەبێت تەنها تا مانگی ٥ ی زایینی واتە ٢ مانگی دیکە نەوت و گاز لە ئێران بکرێت، بۆتە هۆی ئەوەی ئێران بیر لە فرۆشتنی پەکەکە بکاتەوە، هەر بۆیە ئێستا کۆماری ئیسلامی بەڵێنی هاوکاری بە تورکیە داوە کە لە ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشدا پەکەکە لە قەندیل دەر بکەن.

ئێران و تورکیا و پەرچەم

وەک پێشتر و زۆر جار بڵاومان کردووەتەوە، دوژمنانی کورد و لەسەرووی هەمووشیانەوە کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک ناتوانن دۆستی هیچ یەک لە بەشەکانی کوردستان و پشتیوانی خەباتەکەیان بن.

سەرەڕاى هوشیارکردنەوەی تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، کەچى پەکەکە بەردەوامە لە هاوکاریکردنى کۆمارى ئیسلامى. هەرچەندە پەکەکە لە ساڵی ٢٠١١ى زایینییەوە و بە پاساوی ئیدۆلۆژیکی لە ناوخۆیدا کە گوایا کۆماری ئیسلامی دژی ئیمپریالیزمە و دەکرێت دۆستی پەکەکەش بێت، هاوکاری ئەو ڕژێمە دیکتاتۆرە دەکات و ڕێگەشیان بە دامەزراندنى پێگەى سەربازى بە سوپای پاسداران داوە کە لە جاسوسان و قەندیل جێگیر و بە ڕێگەی قیر لێکیان گرێ بدەنەوە.

ئێران و تورکیا و سەربازى

جیا لەوە بە هۆی هاوکاری پەکەکە و سوپای پاسداران، سەدان کەس لە باشترین خەباتکاران و تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لە ڕیزی گریلادا، نێردرانە باکوور و ڕۆژاواى کوردستان بۆ ئەوەی دژی کۆماری ئیسلامی هیچ حەرەکەتێک نەکەن. ئەو سیاسەتە نادرووستە بووە هۆی ئەوەی ئاگری خەباتی ڕۆژهەڵات دژی کۆماری ئیسلامی لاواز ببێ و هەموو نیگاکان بکەوێتە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان.

ئێستا دوای نیزیک بە ٨ ساڵ، ئەو سیاسەتە گەیشتووەتە خاڵێک کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەرژەوەندی خۆی خەریکە بیر لەوە دەکاتەوە پەکەکە بفرۆشێ بە تورکیە و لە بەرامبەریشدا تورکیە هاوکارى شکاندنی گەمارۆ ئابوورییەکانى سەر کۆمارى ئیسلامى بکات.

پژاک

ئاڤاتودەی بۆ پێشگرتن لە پلانی ئێران و تورکیە داوا لە کۆنسەی سەرۆکایەتی پەکەکە دەکات بێنە سەر سیاسەتی درووستی نیشتیمانی و ڕێگە بە پژاک بدەن کە هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی و بۆ ڕووخانی ئەو ڕژیمە هەوڵ بدات. کاتی ئەوە هاتووە پەکەکە سیاسەتی پێشدەستی هەڵبژێرێ و ڕێگە نەدات ئێران یاری پێ بکات و وەک کارتێکی ئیمتیاز و ساتوسەودا لە گەڵ تورکیە بەکاری بێنێت.