ئێوارەی ڕۆژی شەممە، لە ئەنجامی تەقینەوەی نارنجۆکێکی دەستی لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و گەنجێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
تەقینەوەکە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سەقز ڕوویداوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هەر سێ قوربانییەکە لە تەمەنی هەرزەکاری و گەنجیدان. ئەو کەسەی لە ڕووداوەکەدا بریندار بووە، دەستبەجێ لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە تەندروستییەکان و لەژێر چاودێریی چڕی پزیشکیدایە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەقینەوەکە بەهۆی "کێشەی تایبەتی و خێزانییەوە" بووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوە فەرمییەکان تائێستا بە فەرمی وردەکاریی هۆکاری ڕووداوەکە و ناسنامەی قوربانییەکانیان ڕانەگەیاندووە.
