هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری کرنی سەر بە پارێزگای کرماشان، سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسانیان دەستبەسەر کردووە و پاش تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ، تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە.
ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانبار هێزە حکومەتییەکانی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی سەید فەرشاد شەفیعی لە شاری کرن و خۆی و هاوژین و کچەکەیان دەستبەسەر کردووە.
دەستبەسەرکراوەکان بریتین لە سەید فەرشاد شەفیعی (٤٥ ساڵ)، ئیلهام مێهرابی هاوژینی و سەیدە غەزەل شەفیعی کچیان، کە تەمەنی ٢٣ ساڵە و ژەنیار و مامۆستای ئامێری تەمبوورە.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە دەستبەسەرکردنی ئەم سێ ئەندامەی بنەماڵە شەفیعییە دوای ئەوە هاتووە کە ناوبراوان بەشدارییان لە ناڕەزایەتییە هێمنانەکانی شاری کرندا کردووە. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیاندا هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەرییان پێ نەبووە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر رووداوەکە و بەدواداچوونی بەردەوامی کەسوکاریان بۆ ناوەندە ئەمنییەکان، تاوەکو ئێستا شوێنی ڕاگرتنیان ئاشکرا نەکراوە و هیچ زانیارییەک لەبارەی بارودۆخی تەندروستی و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە، لەبەر دەستدا نییە.
کەمایەتییە ئایینییەکان لە ئێران، بەتایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکان، بەردەوام رووبەڕووی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان دەبنەوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی و پەیڕەوانی ئایینی یارسان دەربڕیوە.