
ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز بۆ بەرز راگرتنی یادی شەهیدانی هەڵەبجە، هەڵمەتێکی نەمام چاندنی بەرفراوانی لە کوێستانەکانی دەوروبەری گەڕەکی سەرچنار ڕێکخست.
ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە، نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ئۆگران و چالاکوانانی بواری ژینگە، لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکی ناوچەکە بەشدارییان لە هەڵمەتەکەدا کرد. بەشداربووان سەدان نەمامی بەڕوو، بادام و گۆیژیان چاند.
جەلال نوزاد، سکرتێری ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی سەقز، لە وتەیەکدا جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی هەڵمەتەکانی نەمام چاندن کردەوە و داوای لە هەمووان کرد هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن لە پاراستنی ژینگەی کوردستان. هەروەها ئاماژەی بەوەدا وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و بەشداری گشتی لەم بوارەدا زۆر گرنگە.
کامیل محەمەدجانی، چالاکوانی مەدەنی، بە چەند پارچە شێعر و گۆرانییەکی کوردی رێزی لە یادەکە گرت و جۆش و خرۆشی بە بەشداربووان بەخشی.
ئازاد ئەمینی، ئەندامی ئەنجومەنی زانستیش گوتی: بەردەوامیدان بە نەمام چاندن و چاودێریکردنیان بۆ گەشەکردنیان ئەرکی هەموو تاکێکە و پێویستە هەمووان بە هەستێکی بەرزەوە بەشداری لە ئاودانی نەمامەکاندا بکەن.
جێی ئاماژەیە، ژمارەیەکی بەرچاوی ژنان و منداڵان لەو هەڵمەتەی رۆژی ٢٣ رەشەمەی ١٤٠٣دا بەشدارییان کردبوو.