رفتن به محتوای اصلی

مەزڵووم عەبدی: ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا ناوبژیوانی لەنێوان کورد و دیمەشدا دەکەن

مەزڵووم عەبدی
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دێموکرات
posted onFebruary 3, 2025
noدیدگاه

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دێموکرات، دەڵێت: بە هاوکاری لایەنە ناوبژیوانەکان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا خەریک دانوستاندنن بۆ ئەوەی سازشێک بۆ داهاتووی سوریا بکەن، لەوانەش داهاتووی کورد.

مەزڵووم عەبدی بە ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیەتێد پرێسی گوتووە، وڵاتانی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا ناوبژیوانی لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و دەسەڵاتی نوێی دیمەشقدا دەکەن؛ بەڵام ئەو وردەکاریی زیاتری باس نەکردووە.

مەزڵووم عەبدی گوتوویەتی: کورد لە سووریا نایانهەوێ لەو وڵاتە داببڕێن و دەسەڵات و پەرلەمانی تایبەت بە خۆیان پێکبێنن، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان؛ بەڵام خەڵک لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەیانهەوێت لە چوارچێوەی سوریایەکی ناناوەندییدا خۆبەڕێوەبەریی خۆیان هەبێت.

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات HSD گوتوویەتی: ئەوان دەیانهەوێت سووریا بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، بەڵام دەسەڵاتێکی "ناناوەندی، سێکولار و دێموکراتیکی هەبێت و لەودا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت" لەوانە کورد، تورکمەن، ئەرمەنی، مەسیحی، عەلەوی، دروزی و...

سووریا لە پێکهاتەی جیاواز پێکدێت، بەڵام زۆرینە لە ئیسلامی سوننە پێکدێت. لەوەڕا کە هێزەکانی هەیئەت تەحریر شام هەڵگری ئایدیۆلۆژیای سەلەفی – جیهادین، نیگەرانی ئەوەی دروستکردووە کە رەنگە دەسەڵاتێکی بناژۆخوازی ئیسلامگەرا لە سووریادا بچەسپێنن.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی نوێی سووریا، دوای گەیشتنی بە دەسەڵات هەوڵی داوە لە پێشینەی بناژۆخوازیی خۆی مەودا بگرێت و کەسایەتییەکی میانەڕەو و واقیعگەرا لە خۆی نیشان بدات.

زۆربەی هێزە دژبەرەکانی حکومەتی بەشار ئەسەد قبوڵیان کردووە خۆیان هەڵوەشێننەوە و ببنە بەشێک لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی حکومەتی نوێی سووریا، گەرچی روون نییە ئەمە لە کردەوەدا چۆن جێبەجێ دەبێت.

هێزەکانی سووریای دێموکرات قبوڵیان نەکردووە خۆیان هەڵوەشێننەوە، بەڵام بەگوتەی مەزڵووم عەبدی، ئەوان دەیانهەوێت ببنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری یان بەشێک لە ستراتیژیی بەرگری سووریا.

لە پەیوەندیی لەگەڵ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، مەزڵووم عەبدی هیوای خواست هێزە هاوپەیمانەکان نەکشێنەوە و گوتی: داوایان لێدەکەین لە باکووری رۆژئاوای سووریادا بمێننەوە.

هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا مەترسی ئەوەی دروستکردووە کە ئەمریکا بیهەوێت لە رۆژئاوای کوردستان بکشێتەوە.