رفتن به محتوای اصلی

ئەندام پەرلەمانى سعودیە بۆ ئاڤاتودەى: ئێران دەیەوێت عێراق لە وڵاتانە عەرەبییەکان دوور خاتەوە

ئەندام پەرلەمانى سعودیە بۆ ئاڤاتودەى: ئێران دەیەوێت عێراق لە وڵاتانە عەرەبییەکان دوور خاتەوە
posted onJanuary 31, 2019
noدیدگاه

 

دواى ڕووخانى ڕژێمى بەعسى سەدام حوسەین لە ٢٠٠٣، زۆربەى وڵاتە عەرەبیەکان لەنێویاندا شانەشینى عەرەبی سعودیە، بایکۆتى پرۆسەى سیاسی ئەو وڵاتەیان کرد و ئەوکات بیانووى ئەوەیان هەبوو "دەسەڵاتدارانى بەغدا شەرعیەتى یاساییان نییە"، ئەو هەنگاوەش ڕێخۆشکردنێکى گەورە بوو بۆ ئەوەى کۆمارى ئیسلامی ئێران بەئارەزووى خۆی شوێن پێی خۆی تێدا بەهێز بکات.

 

لە بەرامبەردا لەم چەند ساڵەى ڕابردوو، پەیوەندییە دیپلۆماتییەکانى بەغداو ژمارەیەک پایتەختى عەرەبی ئاساییبوونەوەى بە خۆیەوە بینی و چەندین گەشتى سیاسی لەنێوان وڵاتانى عەرەبی و عێراق بەدی هاتن، بەڵام سەردانەکەى سەرۆککۆمارى عێراق بۆ سعودیەو، پەیوەندییە تەلەفۆنى و سیاسییەکانى هەردوو وڵات چووە چۆناغێکى نوێوە، بەتایبەت لە سەروبەندی گەمارۆکانى ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، ڕیاز لەهەوڵی ئەوەدایە بەغدا بۆ بەرەى خۆی ڕابکێشێت.

لەو بارەیەوە محەمەد زولفە، مامۆستای ئەکادیمی و ئەندامى ئەنجومەنى شوراى سعودیە لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى ڕوونی دەکاتەوە "جێنیشینى سعودیە سوورە لەوەى سەرقامگیرى لە ناوچەکە بەدی بێت لە نێویاندا عێراقیش، چونکە هەم وەک دراوسێیەکى سعودیە و هەمیش وەک بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکان".

دووپاتی دەکاتەوە "شانەشین سوورە لەوەى خاکی عێراق نەکرێتە پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر سعودیە، وەک ئەو شێوەیەی ئێران لەرێگەى بەهێزکردنى خۆى لەوێ دەیەوێت ئەنجامی بدات".

 

محەمەد زولفە ١

ئاڤاتودەى : پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانى شانەشینى عەرەبی سعودیەو کۆمارى عێراق چۆن دەبینن، ئاخۆ سەرەتایەکە بۆ هەڵدانەوەى لاپەرەیەکى نوێ لەنێوان هەردوو وڵات؟

محەمەد زولفە: پەیوەندییەکانى عێراق و شانەشین تەنها لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنى لەنێوان جێنیشینى پادشاو، سەرۆک وەزیرانى عێراق چڕ نەکراوەتەوە، پێشتریش چەندین پەیوەندی دیپلۆماتى هەبووە، بەتایبەت لەگەڵ بەرێز حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانى پێشوو، ڕەنگە لەدواى دەستبەکار بوونى بەرێز عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆک وەزیران، میر مەحمەد بین سەلمان، یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنى ئەنجامدرابێت لەم چەند ڕۆژە.

بەڵام بەرێز عەبدولمەهدی، لەماوەى ڕابردوو  پێش ئەوەى ببێتە سەرۆک وەزیران چەندین جار سەردانى ڕیازی کردووەو، بێگومان شانەشین پێی خۆشە پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق، لەئاستێکى باڵا بێت کە لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵات و سەقامگیرى ناوچەکە بێت، چونکە عێراق بەقۆناغێکى قورس تێپەردەبێت و، ناوچەکەش ڕووبەرووى گۆڕانکارى نوێ دەبێتەوە، لەولاشەوە فشارێکى زۆر بەسەر ئێراندا هەیەو، تاران دەیەوێت عێراق بکاتە پەناگەیەک بۆ جێبەجێکردنى خواستەکانى.

هەروەها کاریشى لەسەر ڕاکێشانى سەرکردە عێراقییەکان دەکات و، تێکەڵییەک لەنێوان بەشێک لەسەرکردە عێراقییەکان لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى ئێران لەسەرخاکى عێراق لەناوچەکە دروست بووە.

میر مەحمەد بین سەلمان، سوورە لەسەر سەقامگیرى ناوچەکە لەنێویاندا عێراق، بۆ ئاسایشى خۆیشى وەک دراوسێیەکى شانەشینى عەرەبی سعودیە، هاوکات نایەوێت عێراق بکرێتە پێگەیەک بۆ جێبەجێکردنى داواکارییەکانى ڕژێمى ئێران دژى دراوسێیەکانى، چ لەبەرامبەر شانەشین یاخود وڵاتانى کەنداو، تەنانەت لە سووریاش، کەئێستا گۆڕانکارى تازە لە گۆڕەپانى ئەو وڵاتە بەدی دێت. ڕەنگە ئێران خۆى لەگۆشەیەکى تەسک ببینێتەوەو، فشارى زۆر بەهێزیشى لەسەرە بۆ ئەوەى وڵاتە عەرەبیەکان جێ بهێڵێت، ئەم پرسەش شانەشینى سعودیە پشتگیرى لێدەکات و لەپێناو بەرژەوەندی ئاسایشى نەتەوەیی عەرەبی بەرەو پێشەوە پاڵی پێوە دەنێت.

 

محەمەد زولفە ٢

ئاڤاتودەى: کاتی سەردانەکەى بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراق بۆ شانەشینى عەرەبی سعودیە، کۆمەڵێک کەیسى هاوبەش خرانە ڕوو لەنێویاندا کەیسى ئابوورى و سیاسی، لەقۆناغەکانى داهاتوو نزیکبوونەوە لەنێوان ڕیازو بەغدا دەبینین بۆ بەرەنگاربوونەوەى دەستێوەردانەکانى ئێران لەعێراق؟

محەمەد زولفە: بێگومان بەرێز بەرهەم ساڵح، یەکێکە لە سیاسەتمەندارە لێهاتوو و شارەزاکان، ڕەنگە لە هەندێکیان زاناتر و تێگەیشتووتر و سیاسیترە، هەروەها پارێزگارى لەبەرژەوەندی عێراق دەکات، سەرەڕاى لەوەى لە پێکهاتەى کوردە لەو پۆستە، بەڵام بەشێوەى گشتى سەیرى بەرژەوەندی عێراق دەکات، تێروانینى بۆ بەرژەوەندییەکانى عێراق لەروانگەى دروستکردنى پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ دراوسێیەکانى، نەوەک ژێر دەستەى یەک دراوسێ بێت وەک ئێران، کەدەیەوێت عێراق لەدراوسێیە عەرەبەکانى دوور بخاتەوەو، تاکلایەنانە ئەجێندای خۆى لەسەرووى بەرژەوەندییەکانى گەلى عێراق جێبەجێ بکات.

سەردانەکەى بەرێز سەرۆک بەرهەم ساڵح بۆ ڕیاز، ئاماژەیەکى بەهێزو کاریگەرى گەورەی هەیە، چونکە عێراق بەزۆربەى پێکهاتەکانیەوە، لەوە دەگەن، کە لەبەرژەوەندی ئەوان و لەئاسایش و سەقامگیرى ئەواندایە پەیوەندییەکى بەهێز لەگەڵ شانەشینى عەرەبی سعودیەو سەرجەم وڵاتانى عەرەبی هەبێت و، پاڵپشتى لەئاسایشى نەتەوەیی خۆی بکات.

ئێمە ئێران ڕەت ناکەینەوەو، کەسیش پێگەى جوگرافی عێراق وەک دراوسێی ئێران هەڵنابژێرێت، بەڵام دراوسێیەتى بنەماو دەرەئەنجامی خۆی هەیە، پێویستە ئێران کێشەکان و ئازارەکانى عێراق بەکارنەهێنێت، بەڵکو هەموو کێشە ناوخۆییەکانی بەغدا پێویستە لەناوخۆى عێراق لەسەر بنەماى پەیوەندییە بەهێزەکانى لەگەڵ دراوسێیەکانى چارەسەر دەبێت، نەوەک لەسەر فەرمانەکانى سیاسەتى ئێرانی.

 

محەمەد زولفە ٣

ئاڤاتودەى: دواى ٢٠٠٣ گۆڕەپانى عێراق ڕووبەرووى کشانەوەى زۆربەى وڵاتانى عەرەبی بوویەوە، ئاخۆ ئێستا ئەو وڵاتانە بەرابەرایەتى شانەشینى عەرەبی سعودە لەوە گەیشتن، پێویستە پێگەو شوێنیان لەبەغدا بەهێز بکەن؟

محەمەد زولفە: بێگومان؛ بەڵام دبەداخەوە لە ٢٠٠٣ وەک دەزانن عێراق ڕووبەرووى گۆڕانکارییەکى مەترسیدار بوویەوە، کە لەلایەن ئەمەریکاوە دەستى وەردراو، ئێرانیش ئیستغلالی مانەوەى بەشێک لەسەرکردە عێراقییەکانى سەر خاکەکەى کردووە، بەداخەوە ئەوان لایەنگیرییان بۆ ئێران زیاتر بووە لەوەى بۆ عێراق بێت.

ئەو سەرکردە عێراقییانە بوونەتە ئێرانى بە تەواوەتى پابەندی ڕێنماییەکانى تارانن، هاوکارییان لەگەڵ کردووە بۆ ئەوەى عێراق لەجەستەى عەرەبی دووربخەنەوە، ئەمەش لەساڵانى ڕابردوو عێراقی لەبرا عەرەبەکانى دوورخستەوە.

وڵاتانى عەرەبی هەوڵیاندا باڵیۆزەکانیان بنێرن و، لەگۆڕەپانى عێراقی بوونیان هەبێت، بەڵام ڕووبەرووى تیرۆرکردن و کوشتن و گۆشەگیرى دەبوونەوە، پێدەچێت گەلى ڕەچەڵەکی عەرەبی عێراق گەڕایەوە بیرکردنەوەى مێژوویی عەرەبی خۆیداو، لەم ساڵانەى دواییدا کارى کردنەوەى کەناڵەکانى پەیوەندیی لەگەڵ برا عەرەبەکان لەنێویاندا شانەشینى عەرەبی سعودیە کردەوەو، بەو هۆیەوەش بەرێز موقتەدا سەدرو بەشێک لەسەرکردە نەفەسە عەرەبیەکان سەردانی ڕیازیان کرد.

پێدەچێت تێگەیشتن کە ڕەوشى عێراق سەقامگیر نابێت، تەنها بەگەڕانەوەى بۆ لای برا عەرەبەکانى و، لێرەوە شانەشینى عەرەبی سعودیە گەڕایەوەو باڵیۆزخانەکەى کردەوە، ڕاستە یەکەم باڵیۆزى لەبەغدا ڕووبەرووى تەنگ و چەڵەمە بوویەوە، ئەویش بەهۆى بیرى تایفی بەشێک لەسەرکردە عێراقییەکانەوە بوو.

لێرەوە ناکرێت سەقامگیرى بۆ عێراق دروست بێت، تەنها بەپەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ دراوسێیەکانى دەبێت تاوەکو ئارام ببێتەوە، وڵاتانى عەرەبی و لەنێویاندا شانەشینى عەرەبی سعودیەو، وڵاتانى کەنداو هەست بەدڵنیایی دەکەنەوە بەوەى عێراقییەکان خۆیان ڕابەرایەتى عێراق دەکەن و، پاروویەکى ئاسان نیە بۆ ئێران، بۆ ئەوەى بەئارەزووى خۆى بەپێی بەرژەوەندییەکانى بیسوورێنێت.

سەیرى ڕەوشى بەسڕاو ڕەوشى شارەکانى باشوورى عێراق بکەن، کەهەموویان لەپێکهاتەى شیعەن، پرسیار لەبارەى ژیانە خراپەکانیان بکەن، سەیرى ڕەوشى باکوورى عێراق و شارە سوننیەکانیش بکەن کەبەهۆى داعشەوە ڕووبەرووى وێرانکاری بووە وەک موسڵ، کە ڕەوشێکى ئاڵۆز دەژێن و، بەشێکى گەورەى نەینەواو چەندانى شارى دیکە تووشى داڕمان بووەتەوە، بۆیە عێراق پێویستى بەیەکێکە دەستى هاریکارى بۆ درێژ بکات، بەتایبەت لەبرا عەرەبەکانى کەبەهیچ شێوەیەک بێبەشى ناکەن لەیارمەتیدانى عێراق بۆ ئەوەى لەو ناخۆشییە دەربازی بێت.

ڕەنگە بەگەڕانەوەى عێراق بۆ عەرەبییەکەى و عێراقییەکەى لەپێناو بەرژەوەندییەکانى خۆی باشترین بژاردە بێت لەوەى سەیرى بەرژەوەندییەکانى دیکە بکات.

محەمەد زولفە ٤

ئاڤاتودەى: بەشێک لەمیدیا عەرەبیەکان باس لەنزیکبوونەوە عێراق ـ سعودیە دەکەن، بەوەى بەرێنمایی ویلایەتە یەکگرتووەکان بووە، بۆ ئەوەى لەیەک بەرە لەبەرامبەر ئێران بووەتەوە، کەهاوکاتە لەگەڵ ڕیزبەندییەکانى واشنتۆن بەرامبەر ڕژێمی ئێران؟، ئاخۆ هاوپەیمانییەکى هاوبەش هەیە بۆ گۆشەگیرکردنى زیاترى ئێران لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست؟

محەمەد زولفە: شانەشینى عەرەبی سعودیە لەمێژوو و پەیوەندییەکانی خۆیدا نەیویستووە زیان بەئێران بگەیەنێت، بەڵام ئێران لەسەرەتاى شۆڕشەکەى ساڵی ١٩٧٩، ئەوان سیاسەتیان لەسەر دەستێوەردان لەکاروبارى ئەوانى دیکە بونیاتناوە، شانەشینى عەرەبی سعودیە لەماوەى ساڵانێکى درێژدا هەوڵی داوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئێران باش بکات، تەنانەت لەکاتى شاه عەبدوڵا خوای لێخۆشبێت، هەڵوێستى ڕوون بوو کاتێک ئەمەریکا لەسەردەمى جۆرج بۆشى کوڕ و ئەوانەى لەدوایشدا هاتوو لە قۆناغە دیارییەکان ویستیان ئاڵۆزییەکانیان لەگەڵ ئێران بیگەننە شەڕ، بەڵام ئەو ڕێگرى لێکردووە، چونکە نەیویستووە زیان بەگەلى ئێران بگات و، ئاڵۆزی بۆ گەلە عەرەبییەکانیش دروست بێت.

بەداخەوە ڕژێمى ئێران بەرژەوەندییەکانى لەسەر دەستێوەردان لەکاروبارى ئەوانى دیکە بنیاتناوە، لە ڕێگەى هەڵاتن بۆ پێشەوە تا کێشە ناوخۆییەکانى چارەسەر بکات. لەبارەى بابەتى ئەو ڕۆژنامە عەرەبیانەى باست لێوەرکردن، بەداخەوە ئەو ڕۆژنامانە سەر بەحزبە عەرەبییەکانن، بەتایبەت ئەوانەى لەئاسمانى ئێرانەوە دەسوورێنەوە، هەموو شتێک بەرێگاى شێواندن شێواندنى پەیوەندییەکان لەنێوان عێراق و شانەش شیدەکەنەوە، ئامانجەکەیان وا نیشانداوە کە عێراق لەریزی سعودیە دژى ئێران دەوەستێت، یاخود وەک دەڵێن، فەرمانى ئەمەریکییە بۆ سەر سعودیەو عێراق و سەرکردایەتیەکانیان.

هەرچەندە لەقۆناغێکى هەستیار تێدەپەرن، بەڵام سەرکردەکانى بەغدا پێویستە بەیەک ڕیز بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئێران بووەستن، کەس نایەوێت چ عێراق بێت یاخود سعودیە زیان بە ئێران بگەیەنن. بەهەموو دڵنیاییەک دەڵێم شانەشین سوورە لەوەى خاکی عێراق نەبێتە پێگەیەک بۆ زیان گەیاندن بەسعودیە، وەک ئێران دەیەوێت، کە هێزێکى زۆرى لە گۆڕەپانى عێراقی لە سوپاى قودس و سوپای پاسداران و حەشدی شەعبی پڕ کردووە، وەک ئەوەیە عێراق بۆ دژى وڵاتانى عەرەبی ئامادە کرابێت.

ئەگەر نزیکبوونەوەى عێراق ـ سعودیە بۆ بەرژەوەندی هەردوو وڵات بێ بەرەنگاربوونەوەى ئێران تا دەست لە کاروبارى وڵاتانى عەرەبی وەرنەدات، ئەوا پرۆسەیەکى جێی دەستخۆشی و سرووشتیە.