رفتن به محتوای اصلی

گۆڤاری زانستیی هۆژین لەدایک بوو

گۆڤاری زانستیی هۆژین لەدایک بوو
posted onDecember 15, 2018
noدیدگاه

 

کۆڕی ناساندن و تاوتوێکردنی گۆڤاری زانستیی "هۆژین" لە کافە کتێبی ئەندێشە (پیرانشار)، بە بەشداریی ستافی بەڕێوەبەرایەتی بنکەی زانستی ـ فەرهەنگی هۆژان، سەرنووسەر، بەرپرسان و کۆمەڵێک لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری هۆژین بەڕێوە چوو. کۆڕەکە بە بەخێرهاتنی ئامادەبووان و خوێندنەوەی ڕیزبەندی بەرنامە لە لایەن کۆڕگێڕ، "ئەنوەر ئاریامەنێش" دەستی پێ کرد.

 

لەو کوڕەدا، پەیامی کافە کتێبی ئەندێشە (پیرانشار) لە لایەن "تاهیر حوسێنی" پێشکەش کرا و لە پەیامەکەدا ئاماژەکرا بە گرینگیی ڕۆڵی گۆڤاری هۆژین لە داڕشتنی زمانی زانستیی کوردی وەک پێویستیەکی گرینگ بۆ مانەوەی ئەو زمانە و کەڵەکەبوونی دەقی زانستی بە زمانی کوردی.

هەر بە پێى هەواڵى ماڵپەڕى کوردپا، "هادی ڕەحمانپەنا" خوێندکاری دوکتورای ئەندازیاریی مێکانیک لە زانکۆی شەریف، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری "ڕێکخراوەی زانستی-فەرهەنگی هۆژان" و هاوکات نووسەری "گۆڤاری هۆژین" لە وتارێکدا بە نێوی "بۆچی زانست بە کوردی؟" ئەو بابەتەی بەوردی شی کردەوە، دواتر کورتەیەک لە مێژووی دامەزراندنی بنکەی زانستیی هۆژان، ئەو ئەرکانەی بۆیان دیاری کردووە، ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لەسەر ڕێگایان هەبووە و هەیە، گرینگیی پەرەپێدانی زانست بە زمانی کوردی و پەرەپێدانی زانست لە نێو خەڵکدا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە بڕگەی دووەمی ئەو کوڕەدا، دوکتور ئەمیر پەرغازە، دەرچووی دوکتورای ئەندازیاریی مێکانیک، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هۆژان و هاوکات سەرنووسەری گۆڤاری "هۆژین"، لە سێ تەوەری (زمان، زانست و گرافیک) لەسەر شێوازی کارکردن لە گۆڤاری هۆژین، ئەو گۆڕانکارییانەی لە سەرەتاوە بەسەر شێوازی دەرچوونی گۆڤاردا هاتووە، شێوەی داتاشین و جێگیرکردنی وشە زانستییەکان، هاوکاران و هاوڕێیانی گۆڤار و هتد...قسەی بۆ ئامادەبووان کرد.

دواتر فاروق ئەحمەدی، دەرچووی ماستەری ئەندازیاریی کیمیا (پێترۆکیمیا)، بەرپرسی گشتیی گۆڤار ، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هۆژان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئێستای هۆژین، باسێکی لەسەر پڕۆژەکانی ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی بنکەی زانستیی هۆژان کرد، کە بەنیازن لە داهاتوودا پەرەی پێ بدەن، لەوانە بەشی زانستی بۆ منداڵان بە زمانی کوردی، سازکردنی کورتە فیلمی زانستی و داکیۆمێنتاری بە زمانی کوردی، دووبلەی فیلمی زانستی، فەرهەنگی سەرهێڵی سێ زمانەی زانستیی کوردی ـ فارسی ـ ئینگلیسی، وەرگێڕان و لەچاپدانی کتێبی زانستی، پلاتفۆرمی هاوکاریی پڕۆژە زانستییەکان و هتد... پێشکەش کرد.

لە درێژەی کۆڕەکەدا، ڕەحمەت نادری، ماستەری کۆنینەناسی، مامۆستای زانکۆ، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی ئێستا و نووسەری گۆڤاری هۆژین، بەگشتی باسێکی لەسەر شێواز و ڕێگاکانی پەیوەندیگرتن بە بنکەی زانستی هۆژان و بەتایبەتی گۆڤاری هۆژین کرد.

دوابەدوای پێشکەشکرانی وتارەکان، پانێلێک بۆ ستاف و بەرپرسانی بنکەی هۆژان و گۆڤاری هۆژین پێک هات و وڵامی پرسیار، ڕەخنە، تێبینی و پێشنیارەکانی ئامادەبووانیان دایەوە. لە کۆتاییی کۆڕەکەدا ڕێزلێنانی بنکەی مەدەنیی ئەندێشە (پیرانشار) بۆ ڕێزگرتن لە هەوڵ و تێکۆشانی بێوچانیان لە پێناو پەرەپێدانی ڕۆژنامەگەری زانستیی کوردی، پێشکەش بە گۆڤاری هۆژین و بنکەی زانستی هۆژان کرا.
بنکەی مەدەنیی ئەندێشە (پیرانشار)، وێڕای بەرزنرخاندنی تێکۆشانی بنکەی زانستی ـ فەرهەنگی هۆژان و گۆڤاری هۆژین لە پەرەپێدان و خزمەت بە زمان و ڕۆژنامەگەری زانستیی کوردی، ئامادەیی خۆی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ ناوەندگەلی هاوشێوە ڕاگەیاند و هاوکات داوا لە هەموو پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکان دەکات هاوکار و یاریدەدەری ئەو بەڕێزانە بن بۆ سەرکەوتنی پرۆژە پیرۆز و بەنرخەکانیان.