ناوەندیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی دووشەممە، ٢٣ی خاکەلێوە، ئاشکرابوون و گرتنى چەندین تیرۆریستى ڕاگەیاند و دواتر لە بەیاننامەیەکدا بڵاوى کردەوە:
(حجى عەبدوڵا - خەلیفەى گرووپى تیرۆریستى داعش) فەرمانى داوە بە هەر یەك لە (حارس - والى شیمال / کوردستان) و (ئەبوو ولید - ئەمیرى ئەمنى ویلایەتى شیمال) بۆ ئەنجامدانى کردەوەى تیرۆریستى، ڕاستەوخۆ تیرۆریستانى شانەکە ئاشکراکران و لە ئۆپراسیۆنێکى سەرکەوتوو توانرا تەواوى تیرۆریستەکانى شانەکە دەستگیر بکرێن.
لە ئەنجامى لێکۆڵینەوە دەرکەوت تیرۆریستەکان بە نیاز بوون لە ڕێگاى (بۆمبى چێنراو - عبوە) و (دەمانچەى بێ دەنگ - کاتم صوت) کردەوەکان ئەنجام بدەن و لە سەرەتاى مانگى (٢/٢٠٢١) دوو ئەندامى گرووپەکەیان سەرەتا نەیانتوانیوە ڕاستەوخۆ بێنە هەرێمى کوردستان، بۆیە بەقاچاخ لە سوریاوە براونەتە تورکیا پاشان بۆ ئێران و لەوێشەوە بۆ شارۆچکەى رانیە و پاشان گەیشتوونەتە شارى هەولێر.
تیرۆریستانى دەستگیرکراوەکان بریتین لە (یاسر عەلى ئەحمەد نویران ناسراو بە ئەبوو عەمار) و (ماجد حەسەن ساڵح سایل ناسراو بە عەلى) و (حەسەن عەلى عنیزان حەمد ناسراو بە سعود) و (فراس حەسەن حەموودى حوسێن) و (موخلد ئیبراهیم محەمەد شافى ئەلفەراجى).
کۆمارى ئیسلامى بنەما و کانگاى پەروەردەکردنى تیرۆریستان بووە بە درێژایی دامەزراندنى و ئێستا تاران بووەتە مۆڵگەى مانەوەى بەرپرسە گەورەکانى ئەلقاعیدە و داعش و ئەو وڵاتە گەورەترین مەترسییە لەبەرامبەر کورد و هەرێمى کوردستان ئەوە بەدەر لەوەى گەلانى ئێران و لەوانیش کورد لە ڕۆژهەڵات بەردەوام دەچەوسێنێتەوە.