رفتن به محتوای اصلی

دادگایەکى نەتەوەیی کوردى دژ بە کۆمارى ئیسلامى دامەزرا

دادگایەکى نەتەوەیی کوردى دژ بە کۆمارى ئیسلامى دامەزرا
AvaToday caption
posted onAugust 3, 2020
noدیدگاه

لە چل و یەکەمین ساڵیادی "فتوای" خومەینی بە مەبەستی ژێنۆسایدکردنی خەڵکی کوردستان، ناوەندى "کوردستان تریبووناڵ" بە هاوکارى ئەو زیانلێکەوتوانەی لە ژیاندا ماون، بنەماڵەی قوربانیان و پشتیوانی کۆمەڵێک لە مافناسان، دادوەران وهەروەها بەشداری بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی کورد و بیانی و هەروەها ڕێکخراوی"دیاسپۆرای کورد" لە ژێر سەردێری یاسایی"ڕێکخراوی جیهانی کورد"، دامەزرێنرا.

 

وەک لە بەیاننامەکەیاندا کە بە هەرسێ زمانى کوردى (سۆرانى و لاتینى) و ئینگلیزى و فارسى ـیە، هاتووە، "کوردستان تریبووناڵ" دادگایەکی نەتەوەیی"یە و بە مەبەستی پیکهێنانی دادگایەک بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە.

دامەزرێنەرانى کوردستان تریبووناڵ وایان بڵاو کردووەتەوە کە "هەڵسووکەوتی رێژیم لە کوردستان دەری دەخات که کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیسته‌ماتیک دەیەوێت، نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوێنێتەوە، بەو هۆیەوە و بە مەبەستی بەرەڕووبونەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو هەوڵە سیستماتیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناوەندی کوردستان تریبووناڵ وەک پێویستێکی مێژوویی، دادەمەزرێ".

 

ئەمەش دەقى بەیاننامەى دامەزراندنى ناوەندى کوردستان تریبووناڵ ـە:

هاووڵاتیانی بەرێز
خەڵکی بە ئەمەگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کە ئەوڕۆ لە چل و یەکەمین ساڵیادى "فتوا'ى خومەینى بە مەبەستى ژینۆسایدکردنى خەڵکى کوردستان، دامەزراندنى "کوردستان تریبووناڵ"ـتان پێ ڕابگەیێنین.

رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە درێژایی تەمەنی نگریسی چل و یەک ساڵەی خۆی، لە ژێر ناوی کۆماری ئیسلامی شیعەی "ویلایەتی فەقێ" و هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی، جگە لە ماڵوێرانی، کوشتاری بە کۆمەڵ، ئێعدام و تێرۆر و هەروەها پێشێل کردنی ئازادیە سەرەتاییەکان و بەفیڕۆدانی سامانە گشتییەکان، هیچ چەشنە دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی ئێران نەبووە.
 لە ئاستی نێونەتەوەییشدا کۆماری ئیسلامی لە ژێر سیاسەتی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی خەریکی دەست تێوەردان لە کار وباری نێوخۆیی وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین دایە و بۆتە مەترسی هەرە گەورە بۆ سەر ئاسایش و ئەمنییەتی گەلان لە سەر گۆی زەویدا.


لە ئاستی کوردستاندا، کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لە سەر بناخەی داسەپاندنی یەک زمان و یەک نەتەوە و یەک ئاڵا، و بە بیانووی  پاراستنی چوارچێوەی خاک و وڵاتی ئێران، هەموو سنوورەکانی مرۆڤایەتی بەزاندووە وخۆی له هیچ چەشنە تاوانێك بەرانبەر بە نەتەوەی کورد نەپاراستووە.

هەروەک هەمووتان ئاگادارن، لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا، خومەینی لە رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی، فتوای جیهادی دژی خەڵکی کورد راگەیاند و ئەو فتوایە بوو بە سەرەتایەک بۆ هێرش بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستان و کوشتاری بێبەزەییانەی گوندنشینەکان و ئێعدام و تێرۆری لاوانی کورد، کە تائێستاش هەر بەردەوامە.

 لەو هێرشانەدا کە ٤١ ساڵە درێژەی هەیە، بە هەزاران کەس بە دەستی چەکدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شار و گوندەکانی کوردستان گیانیان لەدەست داوە.

لە هێرشی بە کرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر گوندەکان تەنیا لە سێ ساڵی یەکەمی پاش دامەزرانی ئەو رێژیمە، زیاتر لە ٣١٣ کەس لە گوندنشینەکان کە زۆربەیان ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە بوون، بە شێوەیەکی هەرە دڕندانە کۆمەڵکوژ و  ٣٨ گوندیش بە تەواوی وێران کراون.
کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەستپێکی دامەزرانییەوە ، سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژییانە، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠٤ لاوی بە تاوانی کوردبوون لە سێدارە داوە و پتر لە ٤٤٩ کەسی لە نێوخۆ و دەرەوی ئێران تێرۆر کردووە کە بەشێکی بەرچاو لەو قوربانیانە تەمەنیان لەکاتی ئێعدام و تێرۆردا لە ژێری ١٨ ساڵدا بووە.

دیارە سەرکوتی کوردستان چەند ڕەهەندی بووە و لە ئێستادا وەکوو هەموولایەک ئاگادارن وێرای سەرکوتی ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی دەبینین که رۆژانە لاوانی کورد لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات، بە بیانووی کۆڵبەری بەدەستی هێزە چەکدارەکانی رێژیم دەکوژرێن.
لە ساڵی٢٠١٩ی زایینی دا زیاتر لە ٧٠ کۆلبەر بە تەقەی راستەوخۆی جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکان گیانیان لە دەست داوە.

هەڵسووکەوتی رێژیم لە کوردستان دەری دەخات که کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیسته‌ماتیک دەیەوێت، نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوێنێتەوە.

بەو هۆیەوە و بە مەبەستی بەرەڕووبونەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو هەوڵە سیستماتیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ناوەندی "کوردستان تریبووناڵ" وەک پێویستێکی مێژوویی، دادەمەزرێ.


 هاووڵاتیانی بەڕێز،

"کوردستان تریبووناڵ" دادگایەکی نەتەوەیی"یە کە بە هاوکاری ئەو زیانلێکەوتوانەی لە ژیاندا ماون، بنەماڵەی قوربانیان و پشتیوانی کۆمەڵێک لە مافناسان، دادوەران وهەروەها بەشداری بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی کورد و بیانی و هەروەها ڕێکخراوی"دیاسپۆرای کورد" لە ژێر سەردێری یاسایی"ڕێکخراوی جیهانی کورد" بە مەبەستی پیکهێنانی دادگایەک بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە.

ئەو دادگایە کاری خۆی لە سێ تەوەری "ژینۆساید"، "تاوان دژی مرۆڤایەتی" و "تاوانی شەر" چڕ دەکاتەوە.
"کوردستان تریبووناڵ" دادگایەکی جەماوەری و سەڕبەخۆیە و کاری یاسایی خۆی لە سەر بنەمای دادگایەکی گەلی و بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان لە رێگای کۆمیسیۆنی لێکۆلینەوە و دادوەران جێبەجێ دەکات. ئامانجی سەرەکی لە پێکهێنانی "کوردستان تریبووناڵ"، لێکۆلینەوە لە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چوارچێوەی دادگا و گواستنەوەی بریاری کۆتایی دادگا بۆ بیر و رای گشتی و هەروەها بەدوادا چوون لە ئاستی نێونەتەوەیی دایە.

لەو پێوەندییەدا بۆ بەرەو پێش‌چوونی کار و باری دادگا، دەستی هاوکاری بۆ هەموو تاکێکی کورد، بنەماڵەی قوربانیان و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکان سەبارەت بە کۆ کردنەوە و تۆمار کردنی بەڵگەی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان درێژ دەکەین و هەروەها داوا لە زیانلێکەوتوان و بنەماڵەی قوربانیان دەکەین، بۆ پێشکەش کردنی سکاڵای خۆیان لە رێگای ئیمەیل و ماڵپەڕی "کوردستان تریبووناڵ "وە پێوەندیمان پێوە بگرن.


هاونیشتمانانی بەرێز،

با چیتر رێگا نەدەین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەردەپۆش بکرێت. یارمەتیمان بدەن تا لە رێگای "کوردستان تریبووناڵ"وە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی ڕۆژهەڵات بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردستاندا، بە پێی ئایینی دادوەری یاسای نێونەتەوەییی بەدوادا چوونی بۆ بکرێت.

 

وێرای رێز و سپاسی بێسنوورمان!

دەستەی بەرێوەبەری "کوردستان تریبووناڵ"

گەلاوێژی ١٣٩٩ بەرانبەر بە جولای ٢٠٢٠