ئاگری دارستانەکانی ئاوایی دەرەوەران، دۆڵەبێ، کۆڵیت و حاجی عەبدۆڵا خەریکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت و کارەسات بخۆڵقێنێت.
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەی، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتى ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، دارستانەکانی ئاوایی دەرەوەران، دۆڵەبێ، کۆڵیت و حاجی عەبدوڵا ئاگری تێبەردراوە و تا ئێستایش بەردەوامە؛ لە یەکەمین کاتەکانی ئاگرکەوتنەوەکە چالاکانی ژینگەپارێز ئامادە بوون و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن.
بەڵام بە هۆی سەختیی شوێنی ئاگرلێکەوتنەوە و کەمى کەلووپەلى پێویست بۆ کوژانەوەى ئاگرەکە بۆ ژینگەپارێزان و خەڵکى خۆبەخش، تا ئێستا بەربە ئاگرەکە نەگیراوە و زیاتر پەرەی سەندووە.
ئاگری چیاکانی دۆڵەبێ ئەوەندە بەهێزە کە تەوژم و خێرایی ئاگرەکە ئاواییەکانی دەوروبەریشی گرتۆتەوە.
فەرمانگەی سەرچاوە سرووشتییەکانی مەریوان دەستەودامان وەستاون و هیچ هە هەنگاوێکی بۆ کوژاندنەوە و کۆنترۆڵی دۆخەکە هەڵنەگرتووە و لە بەرامبەر داواکاریی پەیتا پەیتای ژینگەپارێزان بۆ یارمەتیان، خۆیانیان لێ کەڕ کردووە. بە شێوەیەک کە ژینگەپارێزان ناچارن بوون داواکاریی گشتی بنووسن و داوا لە خەڵکی خۆجێئی بکەن تا بێنە پێش و فریای سرووشتە جوانەکەى مەریوان کەون تا هەمووى نەبێتە خۆڵەمێش.
چەند دیمەنێک لە سووتانى دارستانەکانى مەریوان و ماندوویی و دەستەوەستانى خەڵکى ژینگەپارێز