Skip to main content

داعش لە ناوچە سوننە و کوردستانییەکان دەستى بە جووڵە کردووەتەوە

داعش لە ناوچە سوونی و کوردستانییەکان دەستى بە جووڵە کردووەتەوە
چەند چەکدارێک لە شارۆچکەى دوبز دوو کورد دەڕفێنن
posted onNovember 4, 2018
nocomment

 

لە سنوری شاڕۆچکەی دووبز، چەند چەکدارێک دوو هاووڵاتی کوردیان بە ناوەکانی "فەهمی ساڵح" و "سەرحان محمد ساڵح" ڕفاند.

 

بە پێى ئەو هەواڵانەى کە دەست تۆڕی میدیایی ئاڤاتودەى گەیشتوون، هاووڵاتییەکى تەقتەق باسى لەوە کردووە کە چەکدارەکان سەر بە گرووپى تیرۆریستى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شامن کە بە داعش ناسراوە، بەڵام خزمی یەکێک لە ڕفێندراوەکان بە ئاڤاتودەى گوت "پێش چەند ڕۆژێک دەمەقاڵێ دەکەوێتە نێوان بنەماڵی فەهمی ساڵح و سەرکردەیەکی حەشدی عەشائیری سوونە بەناوی ڕەعد ئەسوەد و ئەم سەرکردەى حەشد هەڕەشەیان لێ دەکات، هەر لە پاش چەند ڕۆژێک فەهمى و سەرحان دەڕفێندرێن"، دواى چەند ڕۆژێک فەهمی ساڵح بە کوژراوى دەبینرێتەوە و سەرحان محەمەدیش تا ئێستا چارەنووسى نادیارە.

شایەنى باسە پاش تێکشکانى داعش لە عێراق، جموجوڵەکانی چەکدارانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە سنوری عێراق و سووریا دەستیان پێ کردووەتەوە، بەتایبەت لە ناوچە سونییەکان و شارەکانی موسڵ و کەرکوک و حەویجە. ماوەیەک بەر لە ئێستا ئەم چەکدارانە هێرشیان کردە سەر چەند گوندێکی سنووری حەویجە و موختارى گوندی محمودیەیان سەڕبڕی و دوا بەدوای ئەم ڕووداوەش هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق دەستیان کرد بە پشکنینی باشووری ڕۆژئاوای کەرکوک و لە ئەنجام دا لە گوندی تەلهەلالە لە سنوری شارۆچکەی دووبز شەڕووپێدان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و چەکدارانی داعش ڕووی دا کە بووە هۆی ئەوەى سێ چەکداری داعش کوژران و چەن ماتۆڕسکیلێک و چەک وتەقەمەنییەک دەستیان بەسەردا گیرا.

بە پێى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەى، لە سنووری پاڕێزگای کەرکوک داعش لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوەیە لەم سنوورە و ڕۆژانە کارو چالاکییەکانیان ئەنجام دەدەن و لە دوای نەمانی پێشمەرگەی کوردستان داعش دووبارە بووەتە مەترسی بۆ سەر دانیشتوانی ئەم ناوچانە.