Skip to main content

جلوبەرگى قوتابییە کوردەکان فڕێ دەدرێت و جلى ئازەرییان لەبەر دەکرێت

کەواوپانتۆڵى قوتابییە کوردەکان فڕێ دەدرێت و جلى ئازەرییان لەبەر دەکرێت
AvaToday caption
قوتابييە شنۆییەکانیان ناچار کرد جلوبەرگى ئازەرى لە یارییە خۆجێییەکان لەبەر بکەن!
posted onAugust 7, 2019
nocomment

 ١٢ کەس لە قوتابی و خوێندکارەکانى شنۆ لە فێستیڤاڵى خۆجێیی پارێزگاکان لە نێوان ٤١ تیم ، بە جلوبەرگى جوانى کوردییەوە بەشدار بوون و پلەى یەکەمى پارێزگایی ئێرانیان بەدەست هێنا. لە هەنگاوێکى دژە کوردییانەدا کاتێک کە قوتابی و خوێنکارەکانیان نارد بۆ کێبەرکێى سەرتاسەرى لە نیشابوور، ناچاریان کردن جلە کوردییەکانیان دابکەنن و جلى ئازەرى لەبەر بکەن.

ئیبراهیم خالیدى ڕاهێنەرى تیمى شنۆ لەمبارەوە گوتوویەتى "سەرەڕاى ئەوەى کە وەزارەت پێداگرى لەوە کردووەتەوە دەبێت تیمەکان بە جلوبەرگى خۆماڵییەوە ئامادە بن، بەڵام بەرپرسانى پەروەردەى عەشایەرى پارێزگا بە هۆى دەمارگرژى نەتەوەییەوە ڕێگەیان نەدا تیمە براوەکەى ئێمە بە جلوبەرگى کوردییەوە لە فێستیڤاڵە سەرتاسەرییەکە ئامادە بن و بە ناچارى جلوبەرگى ئازەرییان لەبەر کردن".

ئەمەشیان لەژێر ئەو بیانووەوە ئەنجام داوە کە "لەبەر ئەوەى لە ئێران ئازەریابەجانى ڕۆژئاوا بە ناوى ئازەرییەکانەوە دەناسرێت، ناتوانن جلوبەرگى کوردى لەم فێستیڤاڵە لەبەر بکەن".

کۆمارى ئیسلامى هەردەم هۆکار بووە بۆ بچووککردنەوە و لەنێوبردنى فەرهەنگى دەوڵەمەندى کوردى و لە زۆر ڕێگەوە کارى بۆ توانەوەى کوردەکان کردووە و پەروەردەش یەکێکە لەو ڕێگەیانەى کە تا ئێستاشى لەگەڵدا بێت پڕیەتى لە تێهزرینى هەڵە و دەمارگرژانە دژ بە نەتەوەی کورد.