Skip to main content

پڕۆژەیەکى سوپاى پاسداران گوندى کانى چەرمۆ لەنێو دەبا

پڕۆژەیەکى سوپاى پاسداران گوندى کانى چەرمۆ لەنێو دەبا
AvaToday caption
سوپای پاسداران لەوەڕگەی خەڵکی کانى چەرمۆی دیواندەرە لەنێو دەبات
posted onFebruary 20, 2019
nocomment

 

کۆمپانیای "ڕێگەی ئاوریشمسازانی کوروش" کە خاوەنەکەی بە ناوی "محەمەد وەنایی" و کەسێکی سەر بە سوپای پاسدارانە لە نیزیک گووندی "کانى چەرمۆ" خەریکی دەرهێنانی کانزای سروشتی ئاسنە.

 

محەمەد وەنایی ئەو پڕۆژەی بە یاوەری کەسێک بە ناوی "فواد محەمەدی" بەڕێوە دەبات و ئەو کارە بووەتە هۆی ئەوەی لەوەڕگەکانی گووندی کانى چەرمۆ بەرەو لەنێوچوون بچێت، ئەوە لە کاتێکدایە هیچ پشکێک بۆ خەڵکی ئەو گووندە لەبەر چاو نەگیراوە. ئەو کانزا سرووشتییە ٧٠٠ مەتر لە گووندی کانى چەرمۆ دوورە و بەشێکی دیکەی پڕۆژەکەش وابڕیارە بەمزووانە دەستى پێ بکرێت کە ١٠٠ مەتری لە گووندەکەوە دوورە. ئەوە لە کاتێکدایە مەودای یاسایی بۆ چالاکی دەرهێنانی سەرچاوە ژێر زەوییەکان دەبێت لانیکەم ٥٠٠ بۆ یەک کیلۆمەتر بێت.

 

کۆماری ئیسلامی و پێشێلکردنى مافی خەڵک:

جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە لە کاتێکدایە کە دەزگای ناوەندی سەرچاوە سرووشتییەکان زۆر بە ئاسانی ڕێگە لەنێوبردنی لەوەڕگەکانی خەڵکی بە خاوەنی پڕۆژەکە داوە و لە بەرامبەردا لە ماوەی دوو ساڵی ڕابڕدوو ئەو ناوەندە بە بیانووی لەنێوبردنی لەوەڕگە و پاوانەکان سزایەکی زۆری بەسەر خەڵکی ئەو گووندەدا سەپاندووە.

ئاسەوارەکانی ئەو پڕۆژە لە سەر ژیان و سرووشتی خەڵکی دەڤەرەکە ڕەنگدانەوەى گەورەى هەیە بەوەى کە:

یەکەم: لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە لەنێو دەچێت و بەمەش خەڵکی مەڕداری ئەو ناوچەیە هەژارتر دەبن.

دووهەم: شوێنی گەشتیاری ناوچەکە کە  قوللە"ى ناوە، لەنێو دەچێت.

 

سەرەڕای ناڕەزایەتی خەڵک پڕۆژەکە بەردەوامە:

ئەگەر چی ڕۆژی ١٩ ڕێبەندان خەڵکی گووندی کانى چەرمۆ بە کۆمەڵ و ئاشتییانە کارکردنى کانەکەیان ڕاگرت، بەڵام چەند ڕۆژ دواتر و لە ڕۆژی ٢٣ ڕێبەندان بە هاوکاری هێزە نیزامییەکان پڕۆژەکە دەستی بە کار کردەوە. هاوکات بۆ ئەوەی خەڵک لە هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک بپرینگێننەوە، پرسى ناڕەزایەتى خەڵکەکە بە سیاسی کرا و زۆرێکیان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شارستانی دیواندەرە و بنکە نیزامییەکان بانگهێشت کران و لێپرسینەوەیان لێ کراوە بە بیانووى جۆراوجۆر.

ئەگەر چی خەڵکى کانى چەرمۆ سوور بوون لەسەر بەدواداچوون بۆ پرسەکەیان و ڕێگەی دادوەرییان گرتووەتە بەر و هەوڵی وەستاندنى پڕۆژەکەیان داوە، بەڵام تا ئێستا دەزگای دادوەرى کۆمارى ئیسلامى هیچ وەڵامێکی نەداونەتەوە.

کاناڵە تلێگرامییەکانی دیواندەرەش سەرەڕای داوای خەڵکی ئەو گووندە، کەچى تا ئیستا بێدەنگیان هەڵبژاردووە و نوێنەری دیواندەرەش لە پەرلەمانی ئێران هیچ وەڵامێکی دواکاری خەڵکی نەداوەتەوە.

بە گوێرەی سەرچاوەکانی تۆڕى میدیایی ئاڤاتودەی، بە هۆی نیزیکبوونی ئەو کانە لە گوندى کانى چەرمۆ و لەنێوچوونی لەوەرگەکان، خەڵکی ئەو گووندە ناچار دەبن شوێنی ژیانی خۆیان جێ بهێڵن.

شایەنى باسە گووندی کانى چەرمۆ لە ڕووی سیاسی و ئەمنیەتییەوە بۆ سوپای پاسداران و ئیتلاعات گرینگییەکی تایبەتی هەیە، ئەویش بە هۆی ئەوەی ئەو گووندە بە "ناوەندى کۆمەڵە " ناسراوە و چەندین شەهیدی لە ڕێگەی مافەکانی خەڵکی کوردستان هەیە.

 

 

لینکى ڤیدیۆى پڕۆژەکە: