زەینەب مەولاییڕاد دایکی شەهید کیان پیرفەلەک بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەنیستاگرام کاردانەوەی بەرامبەر گوشارەکانی دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم لەسەر بەهمەن بەهمەنی نیشان دا کە دەیانهەوێت ددانپێدانانێکی زۆرەملێی لەسەر ساغ بکەنەوە بەرامبەر بە کوشتنی کیان و تیرۆریستەکانى خۆیان بەمە ڕزگار بکەن.
زەینەب نووسیویەتی: بەهمەن برای منە. من دایکی کیان هەرگیز هیچ کەسێک قبوڵ ناکەم کە تۆ (ڕژیم) وەک بکوژ دەیانناسێنیت. بۆ دەتەوێت خێڵ و عەشیرەتەکان لە یەکترى بەردەیت؟ موجاهید، حوسێن، مەحمود، ئێستاش بەهمەن... دەتانەوێت چەند کەس بناسێنن، دەى ئاماژەیەکیش بدەن بە تۆکەتبارەکان، زۆر دوور مەکەونەوە.
خاتوو زەینەب بە گاڵتەجاڕییەوە زیادی کرد: باشە دوای دوو سەعات، تیرۆریستانتان لە سنووری ماکۆ گرت کە ٢٤ کاتژمێر لە ئیزەوە دوورە!
بەهمەن بەهمەنی یەکێکە لەو کەسانەی کە بە تۆمەتی کوشتنی کیان پیرفەلەک دەستبەسەر کراوە و دەگوترێت بە "موفسد فی الأرض" تۆمەتبار کراوە. لە ماوەی دەستبەسەرکردنیدا چەندین جار لە زیندانەوە گواستراوەتەوە بۆ ئیدارەی تیرۆریستان ئیتلاعات بۆ ئەوەی بە گوشار و ئازار و ئەشکەنجە بەرپرسیاریەتی کوشتنی کیان بگرێتە ئەستۆ و ددانپیلانانى ناچارى و زۆرەملێیى پێ پڕ بکەنەوە.
ناوبراو یەکێکە لەو یازدە زیندانیانەی کە لە دووهەمین ڕۆژی مانگی ڕەشەممەوە تا ئێستا دژ بە بێ چارەنووسى خۆى لە زیندانی شیبانی ئەهواز مانی لە خواردن گرتووە.