بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

خولێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران لە ڕێگەدایە

گزارش آواتودی از تأثیرات موج جدید تحریم های آمریکا بر وضعیت معیشیتی مردم
ڕاپۆڕتی ئاڤاتودەی لەسەر کاریگەریی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکا لەسەر بژیوی ژیانی خەڵک
posted onNovember 10, 2018
noبۆچوون

 

گەڕانەوەی گەمارۆکان دژی کۆماری ئیسلامی، ئابووری بەڵالێدڕاوی ئێرانی لەگەڵ قەیرانی نوێ ڕووبەڕوو کردووەتەوە. قەیرانگەلێک کە بە باوەڕی خەڵکی ئێران مودیریەتی هەڵە و سیاسەتی نادرووستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕۆڵێکی یەکجار زۆری هەیە لە قوڵترکردنەوەیاندا.

 

لە ڕاستیدا چەقۆی تێژی ئەو گەمارۆیانە زۆر شارەزایانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ئێسقانی چینی هەژار و مامناوەندی کۆمەڵگا ڕۆکراوە بۆ ئەوەی دەسەڵات وا نیشان بدات ئەوەی کە خەساری سەرەکی لەو گەمارۆیانە وەبەر دەکەوێت خەڵکە و بەو شێوە سیاسەتە هەڵەکانی خۆیان بە ئەستۆی گەمارۆکانی ئەمریکا دابێنن و لەو ڕێگەوە بیری خەڵک لە ئامانجی سەرەکی گەمارۆکان کە پاوانخوزی و سیخوڕپەروەری دەسەڵاتە دوور بکەنەوە.

لەو بارەوە کۆمەڵیک لە فەرمانبەرانی تۆڕی تەندرووستی ئێران بە ئاڤاتودەیان گووت: ژیانی ئێمە کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گەمارۆکان و چوونەسەری نرخی دۆلار. ئەو بەڵیننامەیەی وەزارەتی تەندرووستی و دەرمان لەگەڵ ئێمەی واژووی کردووە لەسەر بنەمای دۆلاری ٣٣٠٠ تمەنی بووە و ئەوە لە حاڵیکدایە کە نرخی دۆلار ئێستا سەرووی ١٥٠٠٠ تمەنە. ئێمە لە کاتێکدا دەتوانین درێژە بە ڕەوتی بێ کێشەی ژیانی ساڵانی ڕابڕدوومان بدەین کە مانگانەمان وەک چەند بەرابەربوونی نرخی دۆلار چەند بەرابەر و بەرز بێتەوە.

لە درێژەی قسەکانیاندا فەرمانبەران ئەوەشیان گووت "تەنیا ١٠ لەسەد بە مووچەی مانگانەی ئێمەوە زیاد کراوە و بەو جۆرە نە تەنیا هیچ پاشەکەوتێکمان نابێت بەڵکوو نیوەی دوهەمی هەرمانگێمان بە کوێرەوەری تێپەڕ دەبێت و هەموو ئەو قەرزانەی لەسەرمانن زۆر بە چەتوونی دەتوانین پاکیان بکەین و بیاندەینەوە".

قسەی ئەو فەرمانبەرانە لە کاتێکدایە کە سەردەمانێک ئەو چینە بە بەشێک لە بەشە پێکهێنەرەکانی چینی ناوەڕاست دەهاتنە ئەژمار. یەکێک لە فەرمانبەران بە ئاڤاتودەی گووت، دەرمان و خۆراک لەو پێداویستیانە نین کە گەمارۆیان خراوەتە سەر و ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئێمە لە دەرمانخانەکاندا لەگەڵ کەمبوونی دەرمان ڕووبەڕووین. لە درێژەی قسەکانیدا گووتی "بە پێی ئەو هەواڵانەی بە ئێمە گەیشتووە دەوڵەت بۆخۆی بە ئەنقەست پێش دەگرێت لە هاتنی دەرمانی نوێ و دەرمانی ماوەبەسەرچوو هاوردەی بازاڕەکان دەکات".

 

ناهاوئاهەنگی لە هەموو جومگە ئابورییەکانی ئێران دەبیندرێت

لە حاڵێکدا بە پێی هەڵسەنگاندنی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی پەرلەمان هێڵی هەژاری بۆ بنەماڵەیەکی ٥ کەسە پێنج میلیۆن تمەن بۆ هەر مانگێک لەبەر چاو گیراوە، بەڵام حەقدەستی پەسەندکراو بۆ یەک کرێکار لە لایەن وەزارەتی کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتییەوە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی بەرزی هەڵاوسان و دۆخی شێواوی ئابووری یەک میلیۆن و چواڕسەد هەزار تمەن دیاری کراوە.

کۆمەڵێک لە کرێکارانی کەرتی پیشەسازی و خەزمەتگوزاری لەسەر دۆخی ژیانی خۆیان بە ئاڤاتودەیان گووت: بە هاتنەئارای ئەو دۆخە ئێمە توانایی دابینکردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەمان نییە. حەقدەستی کەم و پێنەدراومان هێزی لێ بڕیوین بە جۆرێک کە واهەست دەکەین کەرامەتی ئینسانی خۆمان لە دەست داوە و لە ژێر گوشاری هەڵاواردن و نایەکسانیدا خەریکە پان دەبینەوە.

یەکێکی دیکە لە کرێکاران کە دەستی لە چەند جێگاوە بریندار و دۆخی تەندرووستی زۆر خراپ بوو گووتی: لە کاتێکدا دەسەڵاتداران باس لە بێ کاریگەری بوونی گەمارۆکان دەکەن  ئەوەی بە چاوی خۆم دەیبینم بەتاڵبوونەوەی سفرەی بنەماڵەکەمە.

ئەگەر بێتوو چەند کاتژمێرێک لە جێگای ئێمە بژین بە دڵنیاییەوە تامی تاڵی گەمارۆکان دەچێژن و درەنگ یان زوو ناچاریان دەکەین بەوەی ئەو تامە تاقی بکەنەوە.

هەر لەو بارەوە چەند مامۆستایەک بە ئاڤاتودەیان گووت: چۆنیەتی هەڵبژاردنی مامۆستایەک لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە بۆ دامەزراندنی لەسەر بنەمای دەروەستی ئەو کەسەیە بە نیزام نەک لیوەشاوەیی، هەر بۆیە تا پێش لە ساڵیک لەمەوبەر مامۆستایان لە بەشە کۆنەپارێزەکانی کۆمەڵگە بە ئەژمار دەهاتن کە تا ئاستێکی زۆر بە کۆماری ئیسلامی وەفادار بوون.

 ڕاستی ئەوەیە دۆخی ئابووریی هەنووکەیی و موچەی کەمی مامۆستایان و لە ژێر هێڵی هەژارییان و چەندبەرابەربوونی نرخی پێداویستییە گرینگەکانی ژیان وای کردووە ئەو چینەش هیچ شتێکی نەمێنی بۆ لە دەست دان. دیاردەی وەفاداری دیاردەیەکی دوو لایەنەیە و کاتێک کۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر دۆخی خراپی ژیانی خەڵک خۆی بە بەرپرسیار نابێنێت و پێگەی مامۆستا لە هەموو لایەکەوە دەشکێ ئیدی هۆکارێک بۆ قەبووڵکردنی ئەو دۆخە نابینین و لە ناڕەزایەتییەکانی ئەو جارەدا هەموومان بەشداری دەکەین.

ئابووری کە سەردەمانێک دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی دەیگوت ئابوورى هى گوێدرێژە (اقتصاد مال خر است)، ئێستا بووەتە بە ڕمێک کە کۆڵەکەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئامانج گرتووە و خەریکە دەیشکێنێت. بە درێژەکێشانی ئەو دۆخە بە زوویی بە وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەین کە گەمارۆ کەمەرشکێنەکانی ئەمریکا چۆن کۆماری ئیسلامی تێکدەشکێنێت و لە کۆتاییدا یان توشی تەسلیمبوون یان ڕووخانی دەکات.