بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لەبرى خۆشگوزەرانى ئێران 700 ملیۆن دۆلار بۆ حزبوڵلا تەرخانکردووە

لەبرى خۆشگوزەرانى ئێران 700 ملیۆن دۆلار بۆ حزبوڵلا تەرخانکردووە
posted onNovember 8, 2018
noبۆچوون

کۆماری ئیسلامی ئێران ساڵانە تەنها بۆ پاڵپشتى کردنى حزبوڵلای لوبنانى ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج دەکات، هاوشێوە ئەو ژمارەیەش بگرە زیاتریش بۆ پاڵپشتى کردنى میلیشیا چەکدارەکانى وڵاتانى دیکەیە، کەتاران بۆ ئەنجامدانى پەشێوی و ناسەقامگیرى لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەکاریان دەهێنێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە ڕەوشى ئابوورى ناوخۆیی تاران لەلێوارى داڕماندایەو، هاوڵاتیان ئاستى بژێوى رۆژانەیان بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزیوە، بەتایبەت دواى سەپاندنی هەردوو قۆناغەکانى سزاکانى ئەمەریکا بەسەر ئەو وڵاتە.

لەلایەن خۆیشیەوە بەرپرسێکى واشنتۆن ئاشکرای دەکات " ئەو سزایانەى بەسەر تاراندا سەپێنراوە، بۆ رێگرى کردنى کۆماری ئیسلامیە لەپارەدارکردنى تیرۆر لەسەرتاسەرى جیهان".

دەشڵێت " ساڵانە ئێران ٧٠٠ ملیۆن دۆلارى بۆ حزبوڵلای تیرۆریست تەرخانکردووە، دەکرا ئەو پارەیە بۆ کۆنترۆڵکردنى هەڵاوسان و، باشترکردنى ژێرخانى ئابوورى وڵاتەکەى و نەهێشتنى بێکارى خەرجبکردبا".

نایسن سیلز، رێکخەرى کاروبارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆری وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا راشیگەیاند " سزا تووندەکانى وڵاتەکەى بەسەر رژێمى کۆمارى ئیسلامی، ئامانجی رێگرى گرتنە لەپاڵپشتى و بڵاوکردنەوەى تیرۆرە لەجیهاندا".

گووتیشى " دەبێت تاران هەڵسوکەوتى بگۆرێت و، هاوشێوەى وڵاتێکى سروشتى پەیڕەوی یاسا نێودەوڵەتیەکان بکات، پاڵپشتى کردنی میلیشیا تیرۆریستیەکانی ناوچەکە رابگرێت".

هیماى بەوە کردووە " دەکرا ئەو پارانە بۆ خزمەتکردنى گەلی ئێرانى و خۆشگوزەرانیەکانى خەرجبکرێت".

سیلز ئاشکراشی کردووە " دەمانەوێت بگەینە رێکەوتنێک بۆ ئەوەى ئێران وەک وڵاتێکى سروشتى مامەڵە بکات، توانا بالیستیەکانی ڕادەستى بریکارەکانى نەکات، کەناسەقامگیرى لەناوچەکە دروست دەکەن".

لەبارەى لێدوانەکانى تورکیاش لەپابەند نەبوونیان بەسزاکانى ئەمەریکاوە، جەخت لەوە دەکاتەوە " کوشکی سپی شیکردنەوە بۆ هەڵوێستە دەکەن"، بەبێ ئەوەى زانیاریی لەبارەى هەنگاوەکانیان بەرامبەر ئەنکەرا باس بکات.

گرنگترین داواکارییەکانى کوشکی سپی کەلەلایەن مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوە خراوەتە بەردەم بەرپرسانى تاران " راگرتنى پاڵپشتى کردنی ئەو وڵاتەیە لەمیلیشیا چەکدارییەکان".

وەزارەتى دەرەوەى واشنتۆن لەکاتى جێبەجێکردنى قۆناغی دووهەمی سزایەکانیان دژى ئێران ١٢ داواکاریی خرایەروو، کەگرنگترینیان راگرتنى دەستێوەردانە لەکاروبارى ناوخۆیی وڵاتانى ناوچەکە کەتاران ماوەیەکى زۆرە لەرێگەى بریکارەکانى پێگەى خۆى بەهێز کردووە.

رێکخەرى کاروبارى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆری وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا بەدووریشى زانیوە ئێران بتوانێت پێچکردنەوە لەسزایەکان ئەنجامبدات.

هۆکارەکەشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە " پێش جێبەجێکردنى هەردوو قۆناغی سزایە ئابوورییەکان کۆمپانیا بیانیەکان لەو وڵاتە کشانەوە".

سزا ئابوورییەکانى واشنتۆن دژى تاران، قەیرانێکى گەورەى بۆ ئەو رژێمە دروستکردووە، هاوکات کاریگەرییەکى گەورەى لەسەر بەهاى تمەنى و نرخى کاڵاکان و دڵنیایی لەناوخۆى ئەو وڵاتە دروستکردووە.