بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە زانکۆ و خوابگاکان هەموو شتێک یاساغە

لە زانکۆ و خوابگاکان هەموو شتێک یاساغە
کۆمارى ئیسلامى دەستى وەردایە ئازادییە تایبەتییەکانى خوێندکارانى زانکۆ
posted onNovember 3, 2018
noبۆچوون

 

زانکۆی ئازادی ئێران لە چوارچێوەی ئیسلامیکردنی زۆرەملێی کەشی زانکۆکان، پڕۆژە بڕیاڕێکی لەسەر شێوەی لەبەرکردنی جلوبەرگ لە لایەن خوێندکاران بۆ بەڕێوەبەرانی زانستگاکانی ئێرانی ناردووە.

 

کچانی خوێندکار نابێ لە فەزای گشتی زانکۆدا جلی ناوماڵ لەبەر بکەن، کراسى قۆڵ کورت و جلی ڕەنگاوڕەنگ و چارشێوی تەنک قەدەغەیە و نابێت جوانکاری دموچاو و زێڕ بەکار بهێنرێت و پێویستیش ناکات کچان نینۆکیان درێژ بکەنەوە. لە لایەکی دیکەوە کوڕان نابێ شاڵواڕی مۆدێلدار و تەسک و تەنگ لەبەر بکەن و موی سەریان بە مۆدێل دابهێنن. نابێ کراس و تیشێرتی قۆڵ کورت لەبەر بکەن، جلەکانیان نابێ سینگ ئاواڵە بێت و مووی سینگیان وەدەر بکەوێ، پاپیۆن و کڕاواتیش قەدەغەیە.

 

٤٠ ساڵى کۆماری ئیسلامی و سەرکوتی ئارەزووەکان

لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ی هەتاوی، لە ژێر نێوی درووستکردنی شۆڕشی فەرهەنگی و پاککردنەوەی زانستگاکان لە بیری دیموکرات و چەپ و ئازادیخواز و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان، بۆ ماوەی سێ ساڵ کۆماری ئیسلامی زانستگەکانی داخست.دوای بە ئەنجامگەیاندنی شۆڕشی فەرهەنگی و ناکاممانەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئیسلامیکردنی کەشی زانکۆکان و لەنێوبردنی بیری ئازاد، پەنایان بردە بەر درووستکردنی ئەنجوومەنە ئیسلامییەکان و دانانی ناوەندێک بە نیوی حەراسەتی زانستگاکان.

ئەو دوو ناوەندە بەر و پشتی پڕۆژەیەک بوون کە یەکیان لە ڕێگەی فەرهەنگی و پڕوپاگندەوە کاری دەکرد بۆ ڕاکێشانی خوێندکاران بۆ لای ئەندێشەی ویلایەتمەداری ئیسلامی و ئەویتریان لە ڕێگەی بانگکردنی خوێندکارانی ئازادیخواز و لێپێچینەوە و گووشارهێنان بۆیان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئارەزو و لەنێوبردنی زەینی ئاڕمانخوازی خوێندکارانی دەدا.

 دوای پتر لە سێ دەیە لەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی زانستگا وەک ناوەندی بەرهەمهێنانی بیری پرسیارکەر و خوێندکار وەک پێشقەڕەوڵی نوێبوونەوە لە ژێر گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێڕەوەی حەقیقی خۆی دوور نەکەوتەوە و ئەوەش وای کردووە دەسەڵات پەنا بباتە بەر کارتێکی گوشاری دیکە بۆ سەرکووت کردنی خوێندکاران.