بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆتایی "ئەندازیاری" تیرۆر و تێکدانى ئێران

کۆتایی هێنان بە "ئەندازیاری" تیرۆرو تێکدانى ئێران
posted onJanuary 3, 2020
noبۆچوون

کارزان حەمید

دواى دوو رۆژ لەهێرشی لایەنگرانى حزبوڵلای عێراق، کە لەلایەن ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکى دەستەى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی لە ٢٠٠٧ دامەزراوە، بۆ سەر باڵیۆزخانەى ئەمەریکا لەبەغدا، هێرشە ئاسمانیەکەى نزیک فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى کۆتایی بەچالاکیی و ژیانى دەهێنێت.

 

لەو هێرشە کەبەرەبەیانى هەینى لەلایەن ژمارەیەک فرۆکەى بێفرۆکەوانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرێوەچوو، ژمارەیەک کەسایەتى تیرۆریستى داواکراوى واشنتۆن کردە ئامانج، گرنگترین ئەو کەسایەتیانەش "قاسم سولەیمانى، فەرماندەى سوپای قودس، ئەبومەهدی موهەندیس، جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی، کۆمەڵێک سەرکردەى باڵاى میلیشیا عێراقییەکەشی تێدا بووە".

موهەندیس مێژووییەکى درێژى کارکردنى لەگەڵ میلیشیا توندڕەوە ئێرانییەکان هەیە، بگرە لەدروستکردن و ڕاهێنانیان، بۆیەش لەسەر ئەو کارەی دەبێتە گەورە ڕاوێژکاری سولەیمانى لەناوچەکە.

سەرۆکى پێشووى حزبوڵلا خاوەنى ١٩ نازناوى سیاسییەو، کاتێک واشنتۆن لە ٢٠٠٩ دەیخاتە نێو لیستی سزایەکانى، ئاشکرا دەبن، گرنگترین ئەو ناوانەش (جمال جەعفەر مەحمەد عەلى و، ئەبو مەهدی بەسڕی، جەمال جەعفەر ئیبراهیمی، جەمال تەمیمی) بووە.

هاوکات ئەو کەسایەتیە رۆڵێکى باڵاو گرنگی هەبووە لەجێبەجێکردنى ئەجێنداکانى رژێمى ئێران لەعێراق و وڵاتانى ناوچەکە، بەجۆرێک ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان بە " گرنگترین کەسایەتى دادەنرێت کارى لەگەڵ ئێران لەدواى ٢٠٠٣ ـەوە کردووە"، تەنانەت بە "کارمەندی رێگەپێدراوی لەلایەن تارانەوە پێبەخشراوە".

سەرەتاى هاریکارییەکانى لەگەڵ رژێمى ئێران بۆ سەردەمى کارکردنى لەگەڵ حزبی دەعوەى عێراقی دەگەرێتەوە، کەبەهاوبەشى لەگەڵ حزبوڵلای لوبنانى کاریان بۆ تەقاندنەوەى باڵیۆزخانەى کوەیت لە ١٩٨٣ کردووەو، لەساڵى ١٩٨٥ ـیش هەوڵى تیرۆر کردنى میری کوەیتدا.

دواتر موهەندیس سەرۆکایەتى سوپای بەدر، باڵى سەربازی پێشووى ئەنجومەنى باڵاى شۆڕشی ئیسلامی عێراق کردووە، کەبەشداریی لەچەندین کردەوەى تێکدەرانەو تیرۆریستى دژى رژێمى پێشووى عێراق کرد.

دواى رووخاندنى رژێمەکەى سەددام حوسێن، ناسنامەى ئێرانى وەردەگرێت و، پۆستى راوێژکاری سولەیمانى پێدەسپێدرێت.

بەو هۆیەى رۆڵێکى کاریگەرى هەیە لەنێو میلیشیاکان و، کۆکردنەوەى لایەنگرى بۆ ئێران، ساڵى ٢٠٠٧ ئەرکی دروستکردنى کەتیبەکانى حزبوڵلای پێڕادەسپێدرێت، کەئێستا بەیەکێک لەهێزە بەهێزەکانى نێو میلیشیاکانى حەشدی شەعبی دادەنرێت، جگە لەوانەش رۆڵێکى گرنگی هەبووە لەشەڕی سووریا لەساڵى ٢٠١٣ هێزى بۆ ئەو وڵاتەش ناردووە، بۆ ئەوەى پشتگیری لەرژێمەکەى بەشار ئەسەد بکات.

لەتەمموزی ٢٠١٧ ئەبو مەهدی موهەندیس، کەپیاوی دووهەمى نێو میلیشیاکانى حەشدی شەعبی بووە، لەمیدیاکانى ئێران دەردەکەوێت و، بەفارسی دەڵێت " سەربازێکى حاجی قاسمم".

جگە لەکردەوەى تیرۆریستى و، ئاژاوەنانەوە لەزۆربەى وڵاتان وەک سووریا، لوبنان و، عێراق، تومەتباریش بووە بە " کوشتنی خوێپشاندەرانى عێراق، کە لە ١ تشرینى یەکەمەوە (ئۆکتۆبەر)ـى ساڵى رابردووەوە دژى دەستێوەردانى ئێران و گەندەڵى رژاونەتە سەر شەقام و، تاوەکو ئێستاش بەردەوامیی هەیە".

بەگووتەى رێکخراوى هیومان رایتچ ووتچی نێودەوڵەتى " کەتیبەکانى حزبوڵلا هێرشیان کردۆتە سەر خۆپێشاندەران و، بەرپەرچی داواکارییەکانیان بوونەتەوە".

تەنانەت لەراپۆرتەکەى خۆیشدا باسى لەوە کردووە " ژمارەیەک هێزى چەکداری نەناسراو، هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانى عێراقی دەکەن و، چەندین تاوانى کوشتن و ئەشکەنجەدانیش لەدواى خۆیان لەنێو گۆڕەپانەکەى بەغدا بەجێدەهێڵن".

گووتیشى "  لە ٨ کانوونى یەکەم (دیسەمبەر)ـى رابردوو فەرماندەى هێزەکانى ئۆپەراسیۆنى بەغدا لەهەمان خێوەتى پزیشکى خۆپێشاندەران دەردەکەوێت و، ژمارەیەک گیراو کەدەستوچاویان بەستراوەتەوە ئازاد دەکات، بەشێک لەگیراوانیش دووپاتیانکردۆتەوە رووبەرووى ئەشکەنجە بوونەتەوەو، یەکێکى دیکەش ئاشکراى کرد لەلایەن کەتیبەکانى حزبوڵلا دەستگیر کراون".

هاوکات لەئاب (ئۆگستۆس) گرووپەکانى حەشدی شەعبی ویلایەتە یەکگرتووەکانیان تومەتبار کرد، بەئامانج کردنى بارەگاکانیان کەچواریان بەشێوەیەکى نامۆ تەقێنرایەوە.

لەڕاگەینراوەکەیاندا کە واژۆی جێگری سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی لەسەر بووە باسى لەوە دەکرد " بەرپرسیارێتى یەکەم و کۆتایی لەرووداوەکان دەخەینە ئەستۆی هێزە ئەمەریکییەکان".

وەزارەتى خەزێنەش سەرجەم قەواڵەو سەرمایەى حزبوڵلاو موهەندیس بلۆک دەکات، بەگووتەى خۆى " مەترسییەکى ئەمنین بۆ سەر عێراق".

هاوکات پەیمانگەى واشنتۆن لەدواى ٢٠١٥ ـەوە ئاشکراى دەکات " میلیشیا توندڕەوە شیعەکانى نزیک لەئێران هەڕەشەیەکى گەورەیە بۆ سەقامگیرى هەرێمایەتى و بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان".

دەشڵێت " سەرەڕای سەرقاڵى واشنتۆن بە شەڕى دژى داعش، گرنگە ئەمرۆ خۆی بۆ هەڵگەڕانەوەى میلیشیا شیعە توندڕەوەکان ئامادە بکات، کە مەترسییەکى زۆر گەورەترە بۆ بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکاو هاوپەیمانانى".