بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران سەرقاڵبوونى سعودیە بەخاشقچی بەهەل قۆستەوە

ئێران سەرقاڵبوونى سعودیە بەخاشقچی بەهەل قۆستەوە
posted onOctober 21, 2018
noبۆچوون

بەهۆى رووداوەکانى ئەمدواییەى کونسڵخانەى شانەشینى عەرەبی سعودیە لەئەستەنبوڵی تورکیا، کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکى چڕتر دەستى وەرداتە نێو کاروبارى سیاسی لوبنانەوەو، لەرێگەى حزبوڵلای لوبنانیەوە، هەوڵى پێکهێنانى حکومەتى نوێی ئەو وڵاتە پەکخستووە.

سعودیە بەیەکێک لەگەورە پاڵپشتیکاری حکومەتى بەیروت دادەنرێت، بەردەم هاریکاری دارایی و سیاسی پێشکەش بەو وڵاتە کردووە، لەبەرامبەریشدا ئێران هاریکارییەکى بێسنوورى حزبوڵلای لوبنانى دەکات، لەرێگەى ئەو حزبەوە پلان وئەجیندای خۆى بەسەر لوبناندا سەپاندووە.

بڕیاربوو سەعد حەریری، کابینەى نوێی حکومەتى لوبنانى لەم چەند رۆژەى داهاتوو پێکبهێنیت، بەڵام ئەو حزبەو، لەدواى ئەویشدا دەرگاى گەیشتن بەرێکەوتنێکى نوێ بەسەرۆکایەتى حەریری داخست.

سەرچاوە سیاسییەکانی نێو گۆڕەپانى بەیرون ئاماژەیان بەوەداوە " ئەو گۆڕانکارییەى لەهەڵوێستى حزبوڵلای لوبنانى دروستبووە، بەهۆى هەستى ئێرانە کەپێی وایە حەریری ناچار دەبێت، تەنازولی زیاتر پێشکەش بکات".

هۆکارەکەى تارانیش بەهۆى سەرقاڵبوونى ریازە بەکەیسى کوشتنى جەمال خاشقچییە، کەرۆژنامەنوسێکى سعودیەو لەرۆژنامەی واشنتۆن پۆست ووتاری دەنووسی و لەنێو کونسڵخانەى ئەو شانەشینە لەئەستەنبوڵ کوژراوە.

رووداوەکەش  سەرقاڵییەکانى حکومەتى و بەرپرسانى سعودیەى لەبرى گۆڕەپانى نێودەوڵەتى بەرەو ناوخۆیی بردووە.

تەنانەت حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتى حزبوڵلا لەپەیامێکیدا کەئێوارەى هەینى بڵاوکراوەتەوە، جەختى لەوە کردووە " پێویستە نەیارانى سەعد حەریری لەسوننەکان نوێنەرایان هەبێت لەحکومەتى داهاتوو".

هیمای بەوەشکردووە " ئەوان نزیکەى دوو لەسەر سێی ئەو تایفە پێکدەهێنن"، بەپێی شیکردنەوەى چاودێرانیش " دەبێ ئۆپۆزسیۆنى سوننەکان داواى دوو وەزارەت لەحکومەتى نوێ بکەن".

تاران جگە لەدەستێوەردانى لەکاروبارى ناوخۆیی لوبنان، دەستى لەکاروبارى ناوخۆیی عێراقیش وەرداوەو، تەنانەت رۆڵێکى سەرەکیی هەبوون لەسەرخستنى کاندیدێکی نزیک لەرژێمەکەى بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمانى ئەو وڵاتە.

یەمەن و سووریاش بەدەر نین لەدەستێوەردانەکانى تاران، چ لەرووى سەربازی و دارایی و سیاسیەوە.

ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ ئاڵۆزییە ناوخۆیی و سیاسی و ئابوورییەکانى پێچەوانەیە، خەڵکەکەى بەهۆى خراپی ڕەوشى ئابوورى و داراییەوە، خەریکە رووبەرووى برسێتیەک و قەیرانێکى گەورە دەبێتەوە.

شیکردنەوەکانى کۆمارى ئیسلامی پەیوەست بەپێکهێنانى حکومەتى نوێی لوبنان، بەشێوەیەکى کتوپڕ گۆڕانکاری بەسەردا هەیە، کەچەندین خاڵ سەرچاوەى گرتووە، یەکەمیان کوژرانى خاشقچی، لەنێو کونسڵخانەى ریاز لەتورکیا، هەروەها تاران هیچ پەلەى نیە لەبەشداریی کردنى حزبوڵلا لەحکومەتى تازەی ئەو وڵاتە.

ئێران دەیەوێت پرۆسەى پێکهێنانى حکومەت بۆ دواى سەپاندنى قۆناغی دووهەمى سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بێت، چونکە ئەو وڵاتە گرەوی لەسەر " دۆڕاندنى کۆمارییەکانە لەهەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەران (کۆنگرێس) وپیران بەرامبەر دیموکراتەکانە"، کەبڕیارە 6 تشرینى دووهەمى داهاتوو بەرێوەبچێت.

دۆڕاندنى زۆرینەى کۆنگرێس لەلایەن کۆمارییەکان، گورزێکى گەورەیە بۆ ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەمەریکا، ئەنجامەکەشى ئیفلیج بوونى سیاسەتە توندڕەوەکانیەتى بەرامبەر ئێران.

کوشکی سپی بڕیاری داوە لە 5 تشرینى دووهەم قۆناغی دووهەمی سزا ئابوورییەکانى دژى ئێران بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە، کەئەمجارە کەرتى ووزەو نەوت لەخۆ دەگرێت.

واشنتۆن لەبارەى هۆکارى سەپاندنى سزاى نوێ بەسەر ئەو وڵاتە دووپاتیدەکاتەوە کە " ئێران سیاسەتێکى شەڕانگێزەى لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست پەیڕەو دەکات"و، ئەو وڵاتەشى بە (رێکخراوی تاوانکاری) وەسفکردووە.

دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەتى لوبنانى سەرەتا لەنێوان سەرۆک کۆمارو هێزە لوبنانیەکان بەسەرۆکایەتى سەمیر جەعجەع، بوون، کەهەردوو لایەن داوای وەزارەتى دادیان دەکرد، بەڵام نەسروڵلا لەئێوارەى هەینیەوە، ئاڵۆزییەکانى تووندتر کردو، کێشەکانى خۆى لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى راسپێدراو یەکلایی دەکاتەوە.