بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

حیزبەکانى ڕۆژهەڵات و ڕاپەڕینى ڕۆژهەڵات

حیزبەکانى ڕۆژهەڵات و ڕاپەڕینى ڕۆژهەڵات
AvaToday caption
حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕاپەرینی ئێستای ئێرانن؟
posted onNovember 19, 2019
noبۆچوون

بۆ وڵام دانەوەی ئەو پرسیارانە و کۆمەڵێک پەرسیاری دیکە ئاڤاتودی پێوەندی بە هەر یەکە لە بەڕێزان فەرهاد شەعبانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە( ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) و ئارام مودەڕەسی ئەندامی کۆمیتەی ناوەنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گرتووە.

ئەمەش دەقی راپۆرتەکە:

 

ئاڤاتودی: بەڕێز فەرهاد شەعبانی ڕوانگەی ئێوە بەرامبەر خۆپێشاندان و بە گشتی ئەو دۆخەی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟

فەرهاد شەعبانی: خۆپێشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو کە لە ڕۆژی هەینیەوە دەستی پێکرد چاوەڕوانکراو بوو. ئەگەر ئەو خۆپێشاندانانە بە کاردانەوە بەرامبەر، بێکاری، گرانی، هەژاری ببینین هەمووی ئەمانە لە کوردستان دووقاتی ئێران هەیە. هەر لە ئیلام هەتا دەگاتەوە ماکۆ . چەندین ساڵە کرماشان وەک پێتەخت و ڕێکۆردداری بێکاری ئێران دەناسرێت. پارێزگای سنە کە ١٦٠٠٠٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە، بێکاری و نەبوونی پێناسەی ئەو پارێزگایە. بێکارانی ڕۆژهەڵات یان ڕوو دەکەن شارەکانی ئێران یان ڕو دەکەنە باشوری کوردستان.

جیا لەمانە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە کوردستان خەریکی کۆڵبەرین و ڕۆژ نییە ئەوانە بە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان بەخت نەکەن. بەهۆی ئەوانە ئێمە پێمان وایە چاوەڕوانکراو بوو لە کوردستان ئەوە ڕووبدات. ئەگەر لە پێش هەموو ئێرانیش نەبێ لانیکەم هاوکات لەگەڵی ئەو هەستانە ڕووبدات.

 

ئاڤاتودی: بۆ خۆپێشاندانەکان تا ئێستا  موکریانی نەگرتۆتەوە؟

فەرهاد شەعبانی: نەبوونی خۆپێشاندان لەو شارانە بە مانای ئەوە نییە ئەو هەموو دەردەی لە بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتە لەوێ بوونی نییە. مەرج نییە خەڵک هەموو پێکەوە بێتە سەر شەقام. کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی داگیرکراو و ملیتاریزەیە. چەند کەس کۆببێتەوە هێزەکانی ئێران هێرشیان دەکاتە سەر. ئەگەر کۆماری ئیسلامی خۆپێشاندانەکانی لە کرماشان، سنە، مەریوان، جوانڕۆ و بۆکان بەو شێوە سەرکوت نەکردبایە خەڵک لەو شارانە دەهاتنە سەرشەقام. ئێمە پێشتر شایەتی ئاخێزی جەماوەری بووین. جار هەبووە بانە یان سنە یان جوانڕۆ بووە بە پێشەنگی خۆپێشاندانەکان و جار هەبووە شارەکانی دیکە.

 

ئاڤاتودی: خەڵکی ناوخۆ چاوەڕوانی چیان لە ئێوە هەیە؟ خەڵک ڕاستە لە مەیدانن بەڵام چاوەڕوانیان لە حیزبەکان هەیە. ئێوە ئامادەن هێزی پێشمەرگەی خۆتان بۆ پاراستنی خەڵک بنێرنەوە؟

فەرهاد شەعبانی: کۆماری ئیسلامی لە کوردستان دەستی لە خەلك نەپاراست. ئێمە ئاگاداری ئەو دۆخە هەین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویداوە. بەڵێ بێگومان کۆماری ئیسلامی دەستی نەپاراست. بەڵام ئایا پاراستنی خەڵکی کوردستان بە دەستپێکردنی شەڕی چەکداری دەکرێت لە ئێستادا؟وڵامی ئیمە ئەوەیە : نا

شەڕی چەکدارانە دەستپێکلتردن بۆ پاراستنی خەڵک پێوەندی ڕاستەوخۆی بە ئاستی خەباتی جەماوەری هەیە. کۆماری ئیسلامی لە سنە نەیهێشت خەڵک بێتە مەیدانی ئازادی و هەر لە سەر ڕيێگەوە دەسرێژی لێکردن.

 ئێستا زوویە ، نابێ ئێستا بچینەوە ئەو ئاستە. بەڵام دەبێ لە کوردستان خەڵک بەرامبەر بەو تووندوتیژیانەی کۆماری ئیسلامی هەڵوێستیان هەبێت. نمونە دەتوانین ئاماژە بە هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبی دێموکرات و لە سێدارەدانی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن پەنایی بکەین. دیتمان لە سەر داوای حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری و ئێمە خەڵک چۆن مانگرتنی کرد . ئێستاش دەبێ بەهەمان شێوە کار بکەین. بۆ ئازاد کردنی گیراوان لە کوردستان و بۆ موحاکمەکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکانی ئەم چەند ڕۆژە دەبێ ئێمە هێزە سیاسیەکان لەگەڵ خەڵکی کوردستان کار بکەین و کاردانەوەمان هەبێت. دەبێ مانگرتن بکەین، شوێنی خۆپێشاندانەکان بگوێزنەوە. . دەبێ تاکتیکی تازە هەڵبژێرین. ڕێبەرانی بزووتنەوە لە ناوخۆ بێنە مەیدان و ڕێبەری بزووتنەوە بکەین. بەم شێوە دەڕۆین تا بزانین ئاستی خەباتەکە دەگاتە کوێ، ئەگەر بزانین ئاستی خەباتی جەماوەری گەیشتووەتە ئەو شوێنە کە موداخلەی چەکداری بکەین بێگومان ئێمە یەکەم هێز دەبین کە ئەو کارە دەکەین و هێزی پێشمەرگەمان بۆ پاراستنی خەڵک دەنێرێنە پێش.

 

ئاڤاتودەی: خەڵک داوای یەکگرتنی حیزبەکان دەکات. ئێستا ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران درووست بووە. بۆ بەشداری تێدا ناکەن؟ ئەگەر وای دابنێنن هێزی پێشمەرگە دەچێتەوە ڕۆژهەڵات ئێوە چۆن ئەو کارە دەکەن؟ بە تەنیا یان دەگەل ناوەندی هاوکاری؟

فەرهاد شەعبانی: وڵامی ئێمە ڕوونە. با بە ڕوونی بێڵێین  زۆر زەحمەتە بۆ ئێمە کە ستراتژیمان جیاوازە لەگەڵ ئەو هێزانە لە ناوەندی هاوکاری کار بکەین . ئەو چوار حیزبە ڕۆژێک لە ڕۆژان هیوا دەبەستن بەوەی ئەمریکا بە سیاسەتی تووندوتیژ لەگەڵ ئێران کارێک بکات بۆ مافەکانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان . کە لەوە بێ هیوا دەبن دەچن دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەکەن. هەر لەو ڕۆژانەی پێش خۆپێشاندان ئەوان خەریکی وتووێژن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوون. ئێمە وابیر ناکەوینەوە. تاکتیکی ئێمە وانییە. کەوابوو حەقی ئێمەیە لەوێدا بەشدار نەبین. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئەگەر ئەوان پێذاچوونەوە بە هێندێک سیاسەتی خۆیان بکەن ئێمە نەتوانین هاوکاریان بکەین. مەگەر پار پێکەوە لە ڕێکخستنی مانگرتندا هاوکاری یەکتریمان نەکرد؟

لەسەر پرسی هاوبەش تا ئەو شوێنەی نەهێڵین کۆماری ئیسلامی دووبەرەکی بنێتەوە لە نێو حیزبەکان ئێمە هاوکاری یەکتری دەکەن.پێش لە دەستپێبوونی ئەو ئاخێزە ئەوان چوون لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانیشتن، هیوایان بە کۆماری ئیسلامی بوو. ئێمە لەو باوەڕەدانین. ئەوانە والە ئێمە دەکات نەتوانین بچینە ناوەندی هاوکاری. ئێمە لەو باوەڕەداین  کۆماری ئیسلامی هەرچەندە زیاتر بکەوێتە ژێر گوشارزیاتر دەستدەکات بە فریوکاری. سیاسەتی موزاکرەی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ حیزبە کوردیەکان لە پێناو پاراستن  ومانەوەی خۆیەتی. بەڵام بە گشتی هەمووی ئەوانە بەواتای ئەوەنییە لە کاتی پێویست و مێژووییدا ئێمە نەتوانین کاری هاوبەشیان لەگەڵ بکەین.

 

ئاڤاتودی: پێوەندی ئێوە لەگەڵ پژاک چۆنە؟ بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا تەمای ئەوەتان هەیە ڕێککەوتنی نێوان خۆتان و پژاک ببەنە قۆناغێکی دیکە؟

فەرهاد شەعبانی: ئێمە هاوکاریمان لەگەڵ پژاک وەک هاوکاریمانە لەگەڵ حیزبەکانی دیکە. هیچ ڕێککەوتنێکی ستراتژیکمان لە نێوان نییە. پێمان وایە دەبێ کارێک بکەین حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە دەوری یەکتری کۆبکەینەوە.

 

ئاڤاتودەی :دۆستە سەرتاسەریەکانی ئێوە لە ئێران  کێن؟ هاوپەیمانەکانتان کێن؟

فەرهاد شەعبانی: هاوپەیمانە ستراتژیەکانی ئێمە هێزە چەپ و کۆمۆنیسیت و کرێکاریەکانی ئێرانن. ئەوانە مافی دیاریکردنی چارەنوسی ئێمە وەک کورد بە فەرمی دەناسن. هێزەکانی دیکە پشتیوانی خۆپێشاندانەکان دەکەن بەڵام لەڕێوە باسی تەواویەتی ئەرزی دەکەن. سبەینێ لە ئەگەری ڕوودانی هەر ئاڵوگۆڕیئک ئەو هێزە ناسیۆنالسیە ئێرانیانە دێن باسی نەتەوەی ئاریایی دەکەن باسی ئێرانی یەکگرتوو دەکەن بۆیە جارێکی دیکە ئەوانە دێن و پەلاماری کوردستان دەدەنەوە.و تانکەکانیان دەنێرن بۆ شارەکانی کوردستان. بۆیە ناکرێ هێزە هاوپەیمانەکانمان سەڵتەنەت تەڵەبەکان بن یان ئەو هێزانە بن کە لەژێر هەر ڕاگەیەنراوێکیان باس لە پاراستنی تەواویەتی ئەرزی دەکەن. لە ڕوانگەی ئەوانە ئێمەی کورد ئیبتیدا بە ساکن تەجزیەتەڵەبین. یەکێک لە هۆکارەکانی ناکۆکیمان لەگەل حیزبەکانی ناوەندی هاوکاری ڕاست دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرسە.

ئێمە پێمان وایە باشترین ڕیگە بۆ کورد هاوخەبات بوونە لەگەڵ هێزە سەرتاسەریەکان بەڵام هەر هێزێکی سیاسی کە نەتوانی مافی چارەنوسی خەڵکی کوردستان بە فەرمی نەناسێ ئێمە ناتوانین دۆستایەتی لەگەڵ بکەین.

پرسی مافی چارە نوسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئێمە هێڵی سوورە.

 

 

بەشی دووهەم و بۆچوونەکانی ڕێزدار ئارام مودەڕسی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و بەرپرسی سکرتاریای ئەو حیزبە.

 

ئاڤاتودەی: دەگوترێ شەوی ڕابردوو واتە شەوی ٢٧ گەڵاڕێزان لە لایەن تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی تۆپباران کراون ، ڕاستە؟

ئارام مودەڕەسی: بەڵێ شەوی ڕابردوو دەمژمێر دە و سی خولەک تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی بۆردومانی پێگەکانی ئێمەیان لە گەروی ڕۆست و دۆڵی ڕۆست کرد. تۆپبارانەکانی خەساریان نەبوو بەڵام بوون بە هۆی ترس و دڵە ڕاوکەی خەڵک.

ئیمە نیگەرانی ئەوەین کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدا بردنی خۆپێشاندان و ئەو دۆخەی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتۆتە ئارا بەرنامەی تۆپبارانی ئێمەی هەبێت.

 

ئاڤاتودەی: خەڵکی کوردستان بە تایبەت ئەوانەی کە ئێوە پێوەندیتان لەگەڵیان هەیە داواکاری چیان لە ئێوە هەیە؟ ناتانهەوێ پشتگیری پێشمەرگانە بۆ پاڵپشتی لە ڕاپەرینی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرنە بەر؟

ئارام مودەڕەسی: ئێمە لە ژێر گوشارداین و خەڵک چاوەڕوانی لێمان هەیە. ڕاستیەکەی ئێمە شیمانەی ئەوە ناکەین کۆماری ئیسلامی بکەوێ. لەگەڵ ئەوە دەزانین بۆ نمونە لە مەریوان ئاماری قوربانیەکان زۆر لەوە زیاترە کە بڵاو دەبێتەوە. لە مەریوان ئاماری قوربانیەکان لە سەرووی ٤٠ کەسە. پێمان وانیە ناڕەزایەتیەکان زۆر درێژەیان هەبێت. نابێ مەجالی تووندوتیژی زیاتر بۆ ڕژیم بڕەخسێ. لە شاری مەریوان ٣٠٠ کەس دۆینێ هاتبوونە سەر شەقام بە بێ ئەوەی هیچ دروشمێک بدەن بەڵام هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تەقەیان لێکردوون و چەند کەسیان لێ شەهید کردوون. ئێمە دەمانهەوێ خەڵک بە سەرکەوتنەوە بچنەوە ماڵێ. ئەمە خەسارە خەڵک بریندارە، ئێمە ئەو خەسارە دەبینین.

سەبارەت بە نەجوڵاندنی هێزی پێشمەرگە بۆ پاڵپشتی خەڵک داهاتوو ڕوونی دەکاتەوە ئەو بڕیارەی ئێمە و حیزبەکانی دیکە چەند بەرپرسانە بووە. ئێستا ژیرانە نییە خەڵک ببەینەوە مەیدانێکی دیکەی شەڕ و سەردەمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ماویەتی.

حکومەتی کۆماری ئیسلامی لە ئیستادا چۆن دەبینن؟ حکومەت ئامادەی سەرکوتە و سەردەمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێستا نەهاتووە و ماویەتی. هێزی پێشمەرگە کاتێک دەبێت پێوەستی خەڵک بێت کە ڕژیم لاواز بووبێت. نابێ لە بیرمان بچێت ئێستاش ئیمکاناتی تاران لە خەڵکی زیاترە. حیزبەکان خەڵک تەحریک بکەن خەسارەکان زیاتر دەبن.

 

ئاڤاتودەى: ناوەندی هاوکاری لەسەر ئەو دۆخە چۆن دەڕوانێ؟

ئارام مودەڕیسى: ئێمە دۆینێ لە ناوەندی هاوکاری کۆبوونەوەمان هەبوو، لەوێ باس لە گرتنە بەری ڕێکاری مەدەنی کرا و لێتانن ناشارمەوە تەنانەت باس لەوە کرا ئەگەر بە پێویستمان زانی و دۆخە گەیشتە ئاستێک و هەل و دەرفەتێک درووستبوو ئێمە هێزی پێشمەرگەی خۆمان لە شاخەکانەوە بەرەو نیزیکی شارەکان جوڵە پێبکەین.