بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

وڵاتانی ئەوروپا هاوکارییە سەربازییەکانیان بەهێزتر دەکەن

وڵاتانی ئەوروپا هاوکارییە سەربازییەکانیان بەهێزتر دەکەن
AvaToday caption
posted onNovember 13, 2019
noبۆچوون

ئەم هەوڵەی ئەوروپا بە تایبەت لە دوای قسەکانی سەرکۆماری فەرانسە کە گووتبوی ناتۆ تووشی وەستانی مێشک بووە، هەنگاوێک بە ئاراستەی سەربەخۆیی زیاتری ئەوروپا لە ڕووی سەربازی لە ئەمریکا ئەژمار دەکرێت.

 

وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەوروپایی لە پێناو بەهێزبوونی هاوکارییە سەربازییەکانی خۆیان ١٣ پڕۆژەی نوێیان پەسەند کرد. بڕیار وایە ناوەندێکی هەماهەنگى سایبری لە ژێر بەڕیوەبەری ئاڵمان درووست بکەن و هەروەها لەچوارچێوەی ڕێککەوتنەکاندا  دەکرێ ئاماژە بە گەشەی سیستەمی ژێردەریایی بێسەرنشین و بەهێزکردنی پەروەردەی سەربازانی یەکیەتی ئەورپا بکەین.

پڕۆژەی نوێیەکانی یەکیەتی ئەوروپا لە دوو توێی پەیمانی pesco هەماهەنگ دەکرێن. ئەو پەیمانە بۆ دابینکردنی بودجە و گەشەی ناردنی هێز لە ساڵی ٢٠١٧ لە نیوان وڵاتانی ئەوروپایی واژۆ کراوە. ئامانجی ئەو پەیمانە هەڵسواڕانی زیاتر و سەربەخۆیی سەربازی لە ئەمریکا و ئەندامانی دیکەی ناتۆ وەک تورکیە لە بواری بەرگریدایە.

هۆکاری پەسەندکرانی ئەو پڕۆژانە تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستەکانی سەرکۆماری ئەمریکا کە تا ئێستا چەندین جار گرینگی پەیمانی ناتۆی بردووەتە ژێر پرسیار. ئیمانوئیێ ماکرۆن چەندین جار جەختی لە ئامادەبوونی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری نیزیکتری بەرگریکردن لە یەکیەتی ئەوروپا کردووەتەوە.

سەرکۆماری فەرانسە وەفاداری ئەمریکای بە پەیمانی ناتۆی بردووەتە ژێر پرسیار و حەوتووی پێش ڕایگەیاند ناتۆ تووشی وەستانی مێشک بووە.

بەو حاڵەوە فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتی ئەوروپا دوای دانیشتنی وەزیرانی بەرگری ئەو وڵاتانە لە بڕۆکسێل گووتی: ئەوروپا درێژە بە هاوپەیمانە سەربازییەکانی دەدات، بەڵام ئەگەر ئەوە دەرەتانی جێبەجێبوونی نەبێ ئەوە ئەوروپاییەکان دەبێت بۆخۆیان دەستپێشخەری بکەن. لە هەمانکاتدا گووتی: هاوکارییەکانی ئەوروپا لەگەڵ ناتۆ تا ئیستا ڕوون و ئەرێنین.

بە پێی بەرنامەی گەشەی بەرگری ئەوروپا، فەرانسە بە زیاترین هاوکاری لە ئاستی بەڕێوەبەری و جێبەجێکردنی ٤٧ پڕۆژە بە هاوکاری ئاڵمان، ئیتاڵیا و ئیسپانیا ڕۆڵی سەرەکی لە تواناییە سەربازیەکانی ئەو یەکیەتییە هەیە.

فەرانسە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەیەکە بۆ شوێنهەڵگرتنی مووشەکی بالستیک لە ئاسمان و لەگەڵ ئیسپانیا و سوید لە بواری پەرەپێدان بە چەکی ئەلیکترۆنی فرۆکە شەڕکەرەکانی ئەوروپا بە ئامانجی زاڵ بوون بەسەر پەدافەندی ئاسمانی دووژمن هاوکاری دەکات.

بڕیار وایە فەرانسە بە هاوکاری ئیتالیا نمونەی نوێی کەشتی سەربازی مۆدێرن بۆ گەشتی سنوورە ئاوییەکانی ئەوروپا درووست بکات. فەرانسە، پورتوگاڵ، ئیسپانیا و سوید هەوڵی پەرپێدانی سیستەمی دژە ژێردەریایی دەدەن بە مەبەستی پارێزگاری لە هێڵەکانی هاتوچۆ و پەیوەندی دەریایی.