بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

عامری بە فەرمانى سولەیمانى داواى هەڵوەشانەوەى سیستەمی پەرلەمانی دەکات

عامری بە فەرمانى سولەیمانى داواى هەڵوەشانەوەى سیستەمی پەرلەمانی دەکات
AvaToday caption
posted onNovember 2, 2019
noبۆچوون

ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح لە پەیامێکیدا بۆ لایەنە سیاسییەکان، ھەڵوێستی خۆی لەبارەی چارەسەری کێشەى ئێستای عێراق ڕاگەیاند و تیایدا باسى لەوە کرد کە دەبێت دەستوور هەموار بکرێتەوە و سیستەمى پەرلەمانى هەڵوەشێتەوە.

 

هادى عامرى کە سەرۆکى سازمانى بەدرى سەر بە کۆمارى ئیسلامییە، دوێنێ نامەیەکى وەک چارەسەرى دۆخى ئێستا ئاڵۆزییەکان عێراق بڵاو کردەوە کە لە بەشێکیدا هاتووە "لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێزم بۆ ھەموو ئەو دەستپێشخەرییە سیاسییە ڕاستگۆ و دڵسۆزانەی لە پێناو جێبەجێکردنی داواکاری رۆڵەکانی گەلی عێراق خرانەڕوو، ئێمە وای دەبینین چارەسەری ڕاستەقینە خۆی لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پرۆسەی سیاسیدا دەبینێتەوە لە ژێر سایەی دەستوور و ھەمواری دەستووردا، لەبەرئەوەی شکستی سیستەمی پەرلەمانی سەلماوە و چیتر سودی نەماوە، بۆیە پێویستە سیستمەکە بە سیستەمێکی تر بگۆڕدرێت کە بۆ دۆخی ئێمە گونجاو بێت".

عامرى بەوەش ناوەستێت و نمونەى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەهێنێتەوە و دەڵێت "هەروەک چۆن حکومەتە نێوخۆییەکان (مەبەستى ئەنجومەنی پارێزگاکانە) شکستیان ھێناوە و پێویستە ھەڵبوەشێنرێنەوە و پارێزگاریش ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە ھەڵبژێردرێت".

هادى عامرى کە وەک مۆرەیەکى سەرەکى کۆمارى ئیسلامى دادەنرێت، بە فەرمانى قاسم سولەیمانى فەرماندەى سوپاى قودسى پاسداران ئەم بەیاننامەیەى بڵاو کردووەتەوە، بە پێى زانیاریی میدیا عێراقییەکانیش لە ڕۆژى سێشەممەوە تا ئێستا قاسم سولەیمانى لە بەغدایە و ڕۆژى چوارشەممە لەجیاتى عادل عەبدولمەهدى سەرۆکوەزیرانى عێراق کە فەرماندەى هەموو هێزەکانى ئەمنی و چەکدارەکانیشە، کۆبوونەوەى ئەمنى ئەنجام داوە.

دوو جارە خۆپێشاندان لە شارە گەورە و بچووەکانى عێراق بەڕێوە دەچێت کە تا ئێستا زیاتر لە ٢٦٠ کەس بە دەستى هێزەکانى حەشدى شەعبی و سوپاى قودسى کۆمارى ئیسلامى کوژراون و زیاتر لە ١٢ هەزار کەسیش بریندار بوون. خۆپێشاندەران بە بەردەوام دروشم لە سەر لابردنى گەندەڵان و ڕووخاندنى دەسەڵاتى بەرپرسە گەندەڵەکانى عێراق و دەرکردنى کۆمارى ئیسلامى لە وڵاتەکەیان بەرز دەکەنەوە.