بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

درێژەى خۆپێشاندانى عێراق.. نیگەرانى تاران و داواکردنى داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا

درێژەى خۆپێشاندانى عێراق.. نیگەرانى تاران و داواکردنى داخستنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا
ڕاپۆرتەکان لاس لە "کودەتاى نیزامى" لە عێراق دەکەن کە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەبوونى "قاسم سولەیمانى" لەو وڵاتە
posted onOctober 5, 2019
noبۆچوون

لە کاتێکدا کە ژمارەى کوژراوانى خۆپێشاندانەکانى عێراق لە ١٣ى ڕەزبەرەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٩٣ کەس و ژمارەى برینداربووان لە سەرووى ٢٠٠٠ کەسەوەیە و خۆپێشاندەران داواى گۆڕینى ڕژێمى عێراق دەکەن، پاش ناکامبوونى کۆمارى ئیسلامى سەرەڕاى دانانى درووشمگەل "حب حسین یجمعنا" و ڕێکلامکردن بۆ ئەربەعینى ئیمام حوسەین، ئێستا خۆپێشاندانەکانى داوەتە پاڵ وڵاتانى ئەمریکا و ئیسرائیل و عەرەبستان.

 

بەشێک لە قسەى بەرپرسانى تاران و ئیمام جومعەکانیان لە نوێژى هەینى، نیشاندەرى ئەوەیە کە ئەوان بوونى خۆپێشاندانێکى وەها بە بەشێک لە پیلانى دژە "مەحوەرى مقاومەت"، ئەویش لە کاتى ڕێوڕەسمەکانى ئەربەعین دەزانن نەوەک خواستەکانى خودى خەڵکى عێراق.

حوسەین شەریعەتمەدارى خاوەن ئیمتیازى کەیهانى تاران لە ژمارەى ئەمڕۆ شەممەی خۆی، پرسیویەتى "ئایا جگە لە ئەمریکا و ئەوروپا و ئیسرائیل و ئال سعود و تەکفیرییەکانى داعش، هیچ دەوڵەت یا حیزب و ڕەوتێکى سیاسى دیکە هەیە هێندە ترسى لە هاوپەیمانى ئێران و عێراق و سوریە هەبێت؟!"

 حوسێن شەریعەتمەدارى کە قسە و دەردەدڵەکانى بە گشتى قسەى دڵى خامنەیی ڕابەرە دیکتاتۆر و پیرەکەى کۆمارى ئیسلامییە، دەست وەردەداتە کاروبارى نێوخۆى عێراق و باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغدا بە "سیخوڕخانە" ناو دەبات و لە بەرپرسانى عێراقى پرسیوە: بۆچى دەرگاى ئەم سیخوڕخانەیە نابەستن؟"

شەریعەتمەدارى ئەو ڕێگەیە بە خۆى دەدات کە بە دنەدانى "لاوانى ئینقیلابیی عێراق"، ڕێنوێنییان بکات کە بە "داگیرکردنى سیخوڕخانەى ئەمریکا و نەهێشتنى ئەم ناوەندى پیلانە"، هەنگاوى جددى هەڵێننەوە وەک چۆن هەنگاوێکى لەم شێوەیە لە ئێران "دەستکەوتى زۆرى هەبووە".

عێراق هیواى خواستووە کە بتوانێت لە شەممەوە ئارامى بۆ وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە و قەدەغکردنى هاتوچۆ لە بەغدا و شارەکانى باشوور هەڵوەشێنێتەوە. هاوکات موقتەدا سەدریش ڕابەرى هاوپەیمانى سائیرون بە درەچوونى هاوپەیمانییەکەى لە پەرلەمانى عێراق، هەڵوەشانەوەى دەوڵەت و بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پێشوەختەى بە ڕێگەچارەى ئەم دۆخە خراپەى عێراق زانیوە.

عادل عەبدولمەهدى سەرۆکوەزیرانى عێراقیش هیواى خواستووە کە "قسەى مەرجەعیەت وەک ڕابردوو ڕووناکى ڕێگەى ئاراستەکردنى خەڵک بێت لەم ساتە دژوارەدا". دەوڵەتەکەى عادل عەبدولمەهدى، بەڵێنى شەفافیەت و نەهێشتنى گەندەڵى داوە و داواى لە خۆپێشاندەران کردووە کە هێرش نەکەنە سەر شوێنە گشتییەکان و هێزە ئەمنییەکان.

لە کاتێکدا کە بەرپرسانى ڕژێمى ئێران دروستبوونى ئەم دۆخەى عێراق بە کارى دوژمنان دەزانن، محەمەد ئەلحەلبووسى سەرۆکوەزیرانى عێراق داواى لە خۆپێشاندەران کردووە کە جگە لەوەى بەرگرى لە خواستەکانى ئەوان دەکات، پێداگریش لەسەر دۆزینەوەى ڕێکارى کردەیی وەک دروستکردنى خانووى هەرزان و ڕەخساندنى هەلى کار کردووەتەوە.

نوێنەرەکانى ئایەتوڵا عەلى سیستانیش بەتایبەت لە کەربەلا پێداگرییان لەوە کردووەتەوە کە خواستى خۆپێشاندەران ڕەوایە. دوێنێ هەینى، ڕاپۆرتگەلێک لەمەڕ ڕوودانى کودەتاى سەربازى لە عێراق و هاوکات لەگەڵیدا ئامادەبوونى قاسم سولەیمانى فەمراندەى سوپاى قودس لە عێراق بۆ فەرماندەییکردنى هێزەکانى حەشدى شەعبی و بڵاوەپێکردنى خۆپێشاندەران، بەرگوێ دەکەوت.

حکومەتى ئێران هیوادارە کە ئامادەبوونى ملیۆنان شێعەى عێراقى، ئێرانى، لوبنانى، بەحرەینى و وڵاتانى دیکە، بە گوڕ و تینێکى گەورەترەوە بەشدارى ڕێوڕەسمەکانى ئەربەعین بکەن و وەک تەوەرێکى سەرەکى وبەرامبەرى حەجى سعودیەى دابنێن. ئێران بۆ ناردنى سێ ملیۆن زیارەتکەرى ئێرانى بۆ عێراق، ئامادەیی خۆى نیشان داوە، بەڵام بە ڕووداوەکانى ئەم جارەى عێراق، ئەگەرى ڕووبەڕووبوونەوەى توندوتیژى و کێشەى گەورەى زیارەتکەران و تووڕەیی خۆپێشاندەرە عێراقییەکان ببێتەوە کە درووشمەکانیشیان نەخاسمە دژى ڕژێمى ئێران و دەستتێوەردانى کۆمارى ئیسلامى هەتا دێت توندتر و توندتر دەبنەوە.