بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

گۆڕانکارییەکی گەورە لەپەرلەمانی عێراق بەڕێوەیە

گۆڕانکارییەکی گەورە لەپەرلەمانی عێراق بەڕێوەیە
کوردەکان هەموویان پاڵێوراویان بۆ ئەو پۆستە هەیە
posted onOctober 1, 2018
noبۆچوون

لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى عێراق، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لە نێو خۆیاندا چڕتر بووەتەوە و، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی خەریکە لە پڕۆسەى سیاسی و فراکسیۆنەکاندا بەدی دێت.

لەو نێوەندەدا کەریم کەعبی، جێگری یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان داواى لەلایەنەکان کردووە "پابەندی وادەى دەستوورى هەڵبژاردنى سەرۆککۆمار بن". بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کاتژمێر 8:00 ئێوارە بە کاتى هەولێر، پرۆسەى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێی وڵاتەکەى کۆببێتەوەو، یەکێک لەو کاندیدانەى خۆیان بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتووە دەستنیشان بکات.

گرنگترین ئەو کەسایەتیانەش لە ڕکابەرى دان بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆککۆمار بریتین لە "د.بەرهەم ساڵح، کاندیدی یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی دیموکراتى کوردستان، سروە عەبدولواحید، سەلیم شوشکەیی، کاندیدی کۆمەڵی ئیسلامی، لەتیف ڕەشید، سەردار عەبدوڵا"، جگە لە چەند ناوێکی دیکە.

ئێوارەى دوێنێ یەکێتى لەرێگەى شاندێکى باڵاوە گەیشتنە بەغدا بۆ یەکلایی کردنەوەى پرسی سەرۆکایەتى کۆمارو، هاوکات داواشیان لەئەندامانى فراکسیۆنەکەى کردووە دەنگ بە بەرهەم ساڵح بدەن. ئەمرۆش پێش دەستپێکردنى کۆبوونەوەکان شاندێکى پارتى بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکى پارتى بەی اوەری شاندێکی حزبەکەى گەیشتۆتە بەغدا.

سەرچاوە نزیکەکانى نێو پەرلەمانیش ئاشکراى کردووە "پارتی بەنیازە پێش دەستپێکردنى کۆبوونەوەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کۆمار، هاوپەیمانیەتى لەگەڵ فراکسیۆنى بونیات کە بریتییە لە دەوڵەتى یاسا و هاوپەیمانى فەتح کە بەرەى نزیک لە ئێران ناسراون ڕابگەیەنێت". پەرلەمانى عێراق لە ڕاگەینراوێکشدا داواى لەسەرجەم کاندیدانى سەرۆکایەتى کۆمار کردووە کاتژمێر 6:00 لەنێو هۆڵی پەرلەماندا ئامادە بن، واتا دوو کاتژمێر پێش پرۆسەى دەنگدان.

پارتى پێشتر داواى کردووە لە نێو "فراکسیۆنە کوردییەکان پۆستى سەرۆکایەتى کۆمار یەکلایی بکرێتەوە"، بەڵام یەکێتى ڕایگەیاند "ئەگەر بەیەک کاندیدی هاوبەش نەگەیشتنە رێکنەکەوتن، ئەوا پێویستە لە نێو هۆڵی پەرلەمان ئەو پرۆسەیە یەکلایی بکرێتەوە"، کە ئەمەش پێچەوانەى هەڵوێستەکانى پارتییە. لەلایەن خۆیشیەوە ڤیان سەبری سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لەپەرلەمانى عێراق دووپاتی دەکاتەوە "پۆستى سەرۆککۆمار ئیستحقاقی کوردە، بە بێ ئەوەى موڵکی حزبێکى دیاری کراو بێت".

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەى دانیشتنەکانى پەرلەمان برێت ماکگۆرک، نێردەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا بۆ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش گەیشتە بەغداو، یەکەمین کۆبوونەوەشى لەگەڵ فوئاد مەعسوم سەرۆکى عێراق بووە. گرنگترین کەیسەکانى ماکگۆرک بۆ گفتوگۆکردنى پرسى هەڵبژاردنى سەرۆ کۆمارى عێراقە.

بە پێی خشتەى دانیشتنەکانى پەرلەمانیش یەک بابەتى لەخۆ گرتووە ئەویش "هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارە"و، مەحمەد حەلبوسی، سەرۆکى پەرلەمانیش راستەوخۆ سەرۆکایەتى دانیشتنەکان دەکات.