بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ئێران سائیرون و فەتح لێک نزیک دەکاتەوە

ئێران سائیرون و فەتح لێک نزیک دەکاتەوە
ئەم دوو هاوپەیمانییە، یەکیان لە ئەمریکا و ئەویتریان ئێران پشتگیرى لێ دەکات
عەبادی لە شارى بەسرەوە ئیدانەى سووتاندنى قونسوڵخانەى ئێران لەو شارە کرد
posted onSeptember 10, 2018
noبۆچوون

 

پاش سووتاندنى زۆربەى بارەگای حزب و میلیشیا عێراقییەکان لە پارێزگاى بەسرە و قونسوڵخانەى کۆمارى ئیسلامی و باڵەخانەى پارێزگا و ئەنجومەنى پارێزگا، سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچووى عێراق سەردانى ئەو شارەى کرد و وەک هەمیشە  لە بارەگاى فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانى بەسرە مایەوە.

 

لە ئەنجامی خۆپێشاندانێکى یەک هەفتەیی کە دانیشتووانى بەسرە دژى نەبوونى خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و، گەندەڵی حزبە دەسەڵاتدارە نزیکەکانى ئێران ئەنجامیان دا، حەیدەر عەبادى ناچار کرد هەم لە دانیشتنێک لەمەڕ پرسەکانى بەسرە دانیشن و هەم سەردانى شارەکە بکات. سەردانەکەى حەیدەر عەبادی لە کاتێکدایە سەرجەم کاغەزی هاوپەیمانییە سیاسییەکانى بەغدا تێکەڵ بە یەکتر بوونە و، رکابەرەکانیشى هەوڵى دوورخستنەوەى لە پۆستەکەى دەدەن.

لیستى سائیرون زۆرترین دەنگى لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق بەدەست هێنا

لیستى سائیرون زۆرترین دەنگى لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى عێراق بەدەست هێنا

 

سەرۆکوەزیرانى ماوەبەسەرچوو کە تا هەفتەیەک پێش تووندبوونەوەى گرژییەکانى پارێزگاى بەسرە، چانسێکى گەورەى لە بەر دەمدا بوو، بەڵام ئاڵۆزییەکانى هەفتەى رابردوو ئەو هەڵەى بەتەواوەتى لە دەست دا. لە یەکەم دانیشتنى نائاسایی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کە لەسەر داواى موقتەدا سەدر رێبەرى ڕەوتى سەدر و سەرۆکى هاوپەیمانى سائیرون ئەنجام دراوە، باڵانسى هاوپەیمانییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات.

سەدر، یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەى پشتگیرى لە خوولى دووهەمی عەبادی دەکرد، بەڵام بە هۆى بەسرەوە پشتگیرییەکەى خۆى کشاندەوە و، نوێنەرەکانى لە پەرلەمانى عێراق داواى دەست لەکارکشانەوەى عەبادی و حکومەتەکەیان کرد. هۆکارەکەشیان بۆ شکستهێنانی بووە لە دابینکردنى خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکانى بەسرە.

هاوکات هاوپەیمانى فەتح، کە لە لایەن هادی عامری سەرۆکى رێکخراوی بەدر و سەرکردەیەکى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران چوونە پاڵ هاوپەیمانى سائیرون، داوایان لە عەبادی کرد دەست لەکارکێشانەوەى خۆى پێشکەش بکات.

عەبادی لە شارى بەسرەوە ئیدانەى سووتاندنى قونسوڵخانەى ئێران لەو شارە کرد و، لە کۆبوونەوەیەکیشیدا دوور لە میدیا و رۆژنامەنووسان وەک نووسینگەکەى بڵاوی کردەوە "خزمەتگوزاری بەبێ دابینکردنى ئاسایش بەدی نایەت"، بەڵام خۆپێشاندەرانى بەسرە لەبارەى سووتاندنى قونسوڵخانەى تاران لە شارەکەیان بۆ پاڵپشتیکردنى ئەو وڵاتە بووە لە سەرخستنى گەندەڵکاران و، پیسکردنى ژینگەى ئاوی شەت عەرەب و، گرتنەوەى 31 رووبار بەئاراستەى شەت عەرەب. جگە لەوانەش بەهۆکاری سەرەکیی بۆ دابەزینى ئاستى کشتوکاڵى و خراپبوونى ژینگەى شارەکەیان دەزانن.

لە سێشەممەى رابردووەوەش نزیکەى 30 هەزار کەس بەهۆى ژەهراویبوونیان بە ئاوی پیس و خراپی ژینگەى شارەکەیان ڕەوانەى نەخۆشخانە کران. ئەمەش وای لە هاوپەیمانى سائیرون و فەتح کرد، پێکەوە هێرشەکانیان دژى عەبادی دەست پێ بکەن.

لە بنەڕەتیشدا هەردوو هاوپەیمانییەکە لە ڕووى پاڵپشتیکردنی نێودەوڵەتییەوە دژ  بە یەک، کە یەکەمیان لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە پشتگیری لێدەکرێت، ئەوەى دووهەمیش لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. هەرچەندە دانیشتنەکەى پەرلەمان لەسەر ئاست داخوازییەکانى خەڵکی بەسرە نەبووە، بەڵکو گفتوگۆکانى لەسەر تۆمەتبەخشینەوە بووە لەنێوان حکومەتى ناوەندی و لۆکاڵی.

هاوپەیمانى فەتج کە هادى عامرى سەرۆکایەتى دەکات، لە کۆمارى ئیسلامى نێزیکە

هاوپەیمانى فەتج کە هادى عامرى سەرۆکایەتى دەکات، لە کۆمارى ئیسلامى نێزیکە

 

لەلایەن خۆیەوە حەسەن عاقولی گوتەبێژى هاوپەیمانی سائیرون، کاتێک رایگەیاند "داوا لە سەرۆکوەزیران و کابینە حکومەتەکەى دەکەن دەستبەجێ دەست لە کار بکشێتەوە و داواى لێبوردنیش لەگەلی عێراقی بکات"، خەونەکەى عەبادی بۆ بەدەستهێنانى پشتگیری ئەو هاوپەیمانەى لە گۆڕ نرا. تەنها ئەو فراکسیۆنە هێرشى نەکردە سەر عەبادی، بەڵکو دووهەم گەورە فراکسیۆنیش کە هاوپەیمانى فەتحە ئەویش هێرشەکانى تووندتر کرد و، داواى دەستلەکارکێشانەوەى دەستبەجێی عەبادی کردووە.

ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژى هاوپەیمانى فەتح ئاشکراشی کردووە "لەچەند کاتژمێری داهاتوو ئێمەو سائیرون لەسەر هێڵ کار دەکەین بۆ پێکهێنانى حکومەتێکى نوێ و بونیاتنانى عێراق". ئەو لێدوانە نوێیەى ئەو سەرکردەیە وەک پشتلێکردنە لە عەبادی و فراکسیۆنەکەى، کە چاوەڕوان دەکرێت شەممەى داهاتوو کۆتایی بە ئیفلیجبوونى دانیشتنە کراوەکەى پەرلەمان بهێنن. پێشبینى ئەوە دەکرێت "گەر هاتوو هەردوو فراکسیۆن گەیشتنە لێکگەیشتنێکى هاوبەش ئەوا بەخێرایی دانیشتنەکان دەست پێ دەکەنەوە و، سەرۆکوەزیرانێکى نوێ دێتە پێشەوە".

نزیکبوونەوەى هەردوو هاوپەیمانى سائیرون و فەتح بە سەرکەوتنێکى دیکەى ئێران لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق دادەنرێت، کە هەوڵ دەدات حکومەتێکى نوێ نزیک لەخۆى لەبەغدا بنیات بنێت.