بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆمارى ئیسلامى زاگرۆسى کردە خۆڵەمێش

کۆمارى ئیسلامى زاگرۆسى کردە خۆڵەمێش
AvaToday caption
٨ ڕۆژە بەڕووەکانى ئیلام دەسووتێن
posted onJuly 20, 2019
noبۆچوون

هەشت ڕۆژە ئاگرێکى بەرفراوان لە دارستان و دار بەڕوو و وەنەکانى (قەزوان) بولى لە بەخشى چوارى سەر بە پارێزگاى ئیلام بەر بووە و لە لایەن دەسەڵاتەوە هیچ هەنگاوێکى کردەیی بۆ نەنراوە بۆ ئەوەى ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

بە هۆى ئەم ئاگرکەوتنەوەیە، زیاتر لە دەیان هەزار هێکتار زەوى و دارستان سووتاوە، ئەوە سەرەڕاى ئەوەى کە سەدان گیانلەبەریش گیانیان لەدەست داوە.

بە پێى لێکدانەوە سەرەتاییەکان، زیاتر لە ١٥ هەزار داربەڕوو و ٥ هەزار دار وەن (بنێشت) و ١٠٠٠ دار کەیکف و ١٠٠٠ دار گۆیژ تا ئێستا لە نێو ئاگرەکە سووتاون. ئەم دارستانانە بە زێدى مارێکى دەگمەن بە ناوى مارى کلک جاڵجاڵۆکەیی دەناسرێت و لە دونیادا وێنەى زۆر کەمە، بە هۆى ئاگرەکەوە چەندین مار سووتاون و زۆر کەس لاشەکانى بینیون.

لەگەڵ هەموو ئەمانەیش، دەیان هێکتار پاوان کە بۆ مەڕ و ماڵاتى خەڵکى ناوچەکە بەسوود بوونە و خۆراکی ئاژەڵەکانیان لەوە پاوانەوە بوو، سووتاون و بە پێى قسەى ئاژەڵدارەکان کارەساتێکى گەورە بەڕێوەیە بەرامبەر نەمانى ئاڵف و خۆراکى ئاژەڵەکانیان و بەمەش دەرفەت و هەلى کارى لەم بوارە کەمتر دەبێتەوە.

زاگرۆس ٢

دامەزراوەکانى کۆمارى ئیسلامى و درۆکردن:

لە هەشت ڕۆژى ڕابردوودا،  ڕێکخراوى سەرچاوە سرووشتییەکان چەندین جار دەنگۆى کۆنتڕۆڵکردنى ئاگرەکەیان بڵاو کردووەتەوە، کەچى ئاگرەکە هەر بەردەوام بووە و خەڵکەکەش بڵاوکردنەوەى دەنگۆى کوژاندنەوەى ئاگرەکەیان بۆ بێ مەسئولیەتى و فریودانى خەڵک زانیوە و هەست دەکەن دەسەڵات بە دەستى ئەنقەست ئاگرەکە ناکوژێنێتەوە.

هەر لەبەر ئەمەشە خەڵکەکە ناڕەزایەتییەکى زۆریان دەربڕیوە و ئێستا دژى ئیدارات و کارگێڕییەکانى ئەو دامەزراوە سرووشتییەکانە وەستاونەتەوە و دەپرسن ئاخۆ گەلۆ ئەگەر ئەم دامەزراو و ڕێکخراوە دەوڵەتییانە کە بۆ پاراستنى ژینگە دامەزراون، ئەگەر هیچ کارێک ناکەن و تەنیا درۆ دەکەن، کەوایە بۆ چى باشن؟ ئەو هەموو کەسە دامەزراوە کە بە واستە و لە بنەماڵە بەسیجى و شەهیدەکانى کۆمارى ئیسلامین و دەیان دەزگاى ئۆتۆمبێلیان لەبن پێیە و بودجەیەکى گەورەیان بۆ دابین کراوە، تەنیا لەبەرژەوەندى ڕژێمەکەیە و پەیوەندى بە خزمەتى سرووشت و خەڵکى کوردستانەوە نییە.

شڕۆڤەکارێکى سیاسى لە ڕۆژهەڵات پێى وایە، دەسەڵات بۆى گرنگ نییە کوردستان وێران بێت یا بسووتێت یا هیچى لێ نەمێنێت، چونکە کۆمارى ئیسلامى هیچ کات هیوایەکى گەورەى بە کوردستان نەبووە و نییە و هەر ئەمەیش واى کردووە کە بە ناوچەیەکى شەڕزەدە و مەترسیدار هەژمارى بکات و هەردەم بە میلیتاریزەکردنى خەریکى پیلان و چەوساندنەوە بێت.

بە هۆى گوێپێنەدان و بەدەستى ئەنقەستى کۆمارى ئیسلامى، یەک لەسەر شەشى دارستانەکانى زاگرۆس بە هۆکارى جیاواز لەنێو چوونە و ئەم ئاگرکەوتنەوەیش هۆکارى گەورەترە بۆ ئەوەى بەشێکى زۆرتر لەم شەش بەشە بە لەنێوچوو هەژمار بکرێن.

غوڵامحوسێن حیکمەتیان بەڕێوەبەرى گشتى سەرچاوە شرووشتییەکانى پارێزگاى کەهگیلویە و بویر ئەحمەد، بە ئیرناى گوتبوو کە لە سەرەتاى ساڵى نوێوە تا ئێستا ٢٨٠ هێکتار دارستانى ئەم پارێزگایە سووتاوە. وەحید محەمەدى تەبار بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕیی قەیرانى ئەم پارێزگایە باس لەوە دەکات کە کەرەستەى پێویست دابین نەکراوە بۆ ئەم حاڵەتانە و دەسەڵات زۆر گوێ بە سرووشتى ناوچەکە نادات.

زاگرۆس ٣

زاگرۆس بە هۆى دەسەڵاتەوە ڕوو لە نەمانە!

دارستانەکانى زاگرۆس لە ئێران هێندە بەرینن کە ١١ پارێزگا دەگرێتەوە و نزیکەى ٦ ملیۆن هێکتار لەخۆ دەگرن کە لە ساڵى ١٣٨٧ى هەتاوییەوە تا ئێستا ملیۆنێک هێکتارى لەنێو چووە و وشک بووە و سووتاوە. بە پێى لێکدانەوەکانى خودى دەسەڵات، دارستانەکانى زاگرۆس ٤٠%ى دارستانەکانى ئێران پێک دەهێنن کە ٧٠%ى دارەکانى دار بەڕوون و دارەکانى دیکەیشى دارى کەیکەم و وەن و گۆیژ و هەنجیر و هەرمێ کێویلە و بادام و ... ـن کە لە ٥٠٠٠ ساڵ بەر لە ئێستاوە پڕتر بوون، بەڵام ئێستا شاش و کەم بوونەتەوە و هۆکارەکەشى خودى دەسەڵاتە.

مەترسییەکى دیکەى لەنێوچوونى دارستانەکانى زاگرۆس، کەمبوونى ئاوى شیرینە، چونکە لە پانتایی دارستانەکانى زاگرۆس، ٤٠%ى ئاوى شیرینى ئێران دەستەبەر دەکرێت و وەک ژینگەپارێزان گوتوویانە بە کەمبوونەوە و نەمان و سووتانى دارستانەکانى زاگرۆس سەرچاوەکانى ئاویش وشک و کەم دەبنەوە.

زاگرۆس ٤

تا ئێستا زاگرۆس چەندى لێ سووتاوە؟!

کەهگیلویە و بویرئەحمەد: ئەم پارێزگایە ٨٧٣ هەزار و ٦٠٠ هێکتار دارستانى زاگرۆسى لەخۆیدا جێ کردووەتەوە کە تا ئێستا دەیان هێکتارى سووتاوە و ئەو دار بەڕووەى کە لەم دارستانە هەیە و بەنێوبانگترین داربەڕووى دونیایە، وردە وردە بەرەولەنێوچوونە. سێ ساڵ بەر لە ئێستاش بە هۆى ئەوەى کە ٧٥ جار ئاگر دروست بوو، ٩٥٠ هێکتار لە دارستانەکان بوونە خۆڵەمێش.

کرماشان: ئەم پارێزگایە ملیۆنێک و ٧١٩ هەزار هێکتار دارستانەکانى زاگرۆس لەخۆیدا جێ کردوەتەوە. لە ماوەى ئەم چوار مانگەى ڕابردوودا، ١١ جار ئاگر لە دارستانەکان بەر بووە و زیاتر لە ٣٠ هێکتارى سووتاوە.

خوزستان: لە ماوەى چوار مانگدا ١٠٠ جار ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانى ئەم پارێزگایە ڕووى داوە کە کەم وێنە بووە و نزیکەى ١١٠٠ هێکتار لە دارستانەکانى زاگرۆس لەم پارێزگایە سووتاوە.

ئیلام: ٦٤٢ هزار هێکتار لە دارستانەکانى زاگرۆس دەکەوێتە ئەم پارێزگایەوە و ٩٠%ى دارەکانى دار بەڕوو و دارە وەنن (قەزوان) کە بەم ئاگرە هەشت ڕۆژەییە زۆرێکى سووتاوى!

مەریوان: دوو ساڵ بەر لە ئێستا ١١٠ جار ئاگر لە دارستان و بەرزاییەکانى ئەو شارە بەربوو و ٧٠٠ هێکتار دارستان و زەوى بووە خۆڵەمێش و پارەکەش ٣٦٤ هێکتار لە دارستانەکانى شارەکە سووتان و لە ٢٥ى ڕەزبەرى ٢٠١٨ـەش بوو کە شەریف باجوەر چالاکى مەدەنى و ژینگەپارێزى کورد و ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەرى ئەنجوومەنى سەوزى چیا لەگەڵ هاوڕێیەکى بە ناوى ئومێد کۆنەپۆشى کە ئەندامى هەمان ئەنجوومەن بوو لە کاتى ئاگرکەوتنەوەکە گیانیان لەدەست دا.

بە پێى ئامارەکانى خودى دەسەڵاتیش، زۆرینەى ڕەهاى هۆکارەى سووتانەکانى دارستانەکانى زاگرۆس بە دەستى ئەنقەست و لە لایەن مرۆڤەوە ئەنجام دراوە و بە پێى شاهیدى و قسەى هاووڵاتییانى ئەو ناوچانەش کە دارستانەکانى لەخۆ گرتووە، دەستى سوپاى پاسداران و کۆمارى ئیسلامى لەم کارەساتانەدا زۆر ڕوون و ئاشکرایە و لەوانەشدا کە دەستى نییە، نەبوونى کەرەستەى ئاگرکوژێنەوە و بەهاناوەنەچوون و خۆلەگێلیدانى دەسەڵات بەشێکى دیکەى کارەساتەکەیە کە دووبارە هۆکارەکەى دەدرێتەوە پاڵ دەسەڵات و وەبەرچاونەگرتنى کوردستان و ئەو ناوچانە کە کێشەساز و مەترسیدارن!

زاگرۆس ١

سووتانى دارستانەکان و خەسارى ئابوورى:

سوتانى دارستانەکانى زاگرۆس بووەتە هۆى ئەوەى کە خەسارێکى گەورەى ئابوورى سەرەتا بەر خەڵک و ناوچەکە بکەوێت و دواجاریش بەر دەسەڵات بکەوێت، هەڵبەت دەسەڵات زۆر گوێى لەم خەسارە ئابوورییە نییە.

بە پێى قسەى قاسم سەبزعەلى فەرماندەى یەکەى پاراستنى ڕێکخراوى دارستانەکان و بەرزاییەکانى ئێران کە بۆ هەواڵدەرى مێهر قسەى کردووە، سووتانى هەر هێکتارێکى دارستانەکان، ٥٦ ملیۆن تمەن زەرە و لە سووتانى هەر هێکتارێکى پاوانەکان نزیکە ١٧ ملیۆن زەرەر دروست دەبێت.

کەوایە بە پێى ئەو ژمارانەى سەرەوە، خەسارى سووتانى دارستانەکانى زاگرۆس لە کەهگیلویە و بویر ئەحمەد لەم چوار مانگەدا یەکسانە بە ١٠ ملیار و ٢٢٠ ملیۆن تمەن. سووتانى دارستانەکانى کرماشانیش یەکسانە بە ملیارێک و ٦٨٠ ملیۆن تمەن.