
ڕێبەری حیزبوڵای لوبنان ڕۆژی هەینی ٢١ پووشپەڕ لە چاوپێکەوتنێک لە کاناڵی ئەلمەناری سەر بەو گرووپە ڕایگەیاند، واشنتۆن بە تەمای درووستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ گرووپی حیزبوڵای لوبنان.
حەسەن نەسروڵا لە قسەکانیدا گووتی: ئەو کەسانەی لە لایەن دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ ڕاسپێردراون بۆ ناوبژیوانی و دیتنەوەی ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان، "کەسانی خاوەن کردەوەی" ئەمریکان.
حەسەن نەسروڵا لە درێژەی قسەکانیدا وێرای ئەوەی گەمارۆکانی ئەمریکای لەسەر ئەو وڵاتە بە شانازی بۆ گرووپەکەی ناوبرد، گووتی: گەمارۆکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ئەندام پەرلەمانەکانی لوبنان کە دوو کەسیان سەر بە حیزبوڵای لوبنانن، بێرێزیکردنە بە پەرلەمان و دەوڵەتی لوبنان و سەروەری سیاسی ئەو وڵاتە.
ڕێبەری حیزبوڵای لوبنان لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هێزەکانی سەر بەم گرووپە هەموو یاخود بەشێکیان لە سوریە چوونە دەرەوە یاخود نا، گووتی: هێزەکانمان لە شوێنی دیکە جێگیر کردووە، بەڵام ژمارەی ئەو هێزانەمان سرنجدان بە دۆخی ئێستا کەم کردووەتەوە. سوریە و لوبنان مەودایەکی کەمیان پێکەوە هەیە. ئەگەر خوای نەکردە شتێک ڕووبدات، ناردنەوەی دووبارەی هێز لە لوبنان بۆ سوریە کارێکی زۆر سانایە.
حەسەن نەسرووڵا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گووتی: ئەگەر شەڕێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران ڕووبدات، ئیسرائیل بێ لایەن نابێت و گووتیشی، کۆماری ئیسلامی توانایی ئەوەی هەیە بە چڕی بۆردومانی ئیسرائیل بکات.