بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

چوار سەرنشینە دەستبەسەرەکەى ئێران ئازاد کران

چوار سەرنشینە دەستبەسەرەکەى ئێران ئازاد کران
AvaToday caption
posted onJuly 13, 2019
noبۆچوون

پۆلیسی جەبەل تارق ئازادبوونی چوار سەرنشینى نەوتهەڵگرەکەی گریس ـ ۱ی ڕاگەیاند، بەڵام بڵاویشى کردەوە کە دەسبەرداگرتنی نەوتهەڵگرەکە بەردەوامە.

بەپێ ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، پۆلیسی جەبەل تارق ڕۆژی هەینی ۲۱ی پووشپەڕ لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند "٤ سەرنشینی گریس ـ ۱ ئازاد کراون. لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم بابەتە درێژەی هەیە و نەوتەڵگرەکەش ڕاگیردراوە". نەوتەڵگری گریس ـ ۱، حەفتەی ڕابردوو لە لایەن هێزە دەریاییەکانی بەریتانیاوە دەستی بەسەر داگیرا و پاشان پۆلیس هەواڵی دەسبەسەرکردنی دوو کاپیتانی ئەم کەشتییەی ڕاگەیاندبوو.

وتەبێژی پۆلیسی جەبەل تارق گوتبووشی کە ئەم کەسانە بە تۆمەتی پێشلکردنی گەمارۆکانی یەکێتی ئەورووپا دژی سووریا دەسبەسەر کراون و لە نێو ڕاگەیاندنە عەرەبییەکاندا وا بڵاو کرایەوە کە "ئەم نەوتهەڵگرە چەکوچۆڵیشى پێ بووە و ویستراوە بگوازرێتەوە بۆ سوریا".

هەروەها پۆلیس دوێنێ، یەک ڕۆژ پاش دەسبەسەرکردنی دوو کاپتانی ئەم کەشتییە ، دەسبەسەرکردنی دوو سەرنشینی دیکەی  ڕاگەیاند.  دەسبەسەرداگرتنی ئەم نەوتهەڵگرە، ناڕەزایەتی وڵاتى ئێرانی لێکەوتەوە. ئەمریکا ڕەزامەندی خۆی بۆ ئەم هەنگاوەی هێزە دەریاییەکانی بەریتانیا لە نزیکی بەندەری جەبەل تارق دەربڕیبوو.

ماوەیەک و پاش دەستبەسەرداگرتنى نەوتهەڵگرێکى ئێرانى لە لایەن بەریتانیا و هێرشە تیرۆریستییەکانى سەر نەوتهەڵگرەکانى ئیمارات و عەرەبستان و نەرویج، گێرمەوکێشە لە نێو ئاوەکانى کەنداوى فارس دروست بووە و ئێستا مەترسى تێپەڕینى نەوتهەڵگرەکان لە گەرووى هورمز زیاتر و زیاتر بووە.

هەواڵدەری بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا گوتی، بەریتانیا بۆ زیادکردنی ئاسایشی کەشتییەکان لە ناوچەی کەنداوی فارس، خەریکی وتووێژە لەگەڵ ئەمریکا و ئەم وتووێژانە لە هەلومەرجێکدایە کە مەترسی ئێران بۆ سەر کەشتیڕانی لەزیادبووندایە.

بەمەش وەک لە ڕاپۆرتێکى سی.ئێن.بی.سی ئەمریکا، هاتووە کە لە زمانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیایێکی پاپۆڕەوانییەوە وەرگیراوە، "بەهای بیمەی ئەو نەوتهەڵگرانەی کە لە گەرووی هورمزەوە تێدەپەڕێن، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو و لە پاش هێرشکردنە سەر نەوتهەڵگرەکان لە کەنارەکانی ئیمارات، دە هێندە زیادی کردووە" و وەک ئابووریناسان باسى لێوە دەکەن ئەگەرى زیادبوونى بەهاى نەوت زۆرە لەم کاتانەدا.