بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کۆڵبەری بە بڕوانامەی دوکتۆرا و پسپۆڕى باڵا

کۆڵبەری بە بڕوانامەی دوکتۆرا و پسپۆڕى باڵا
AvaToday caption
نوێنەرێکی پەڕلەمان: لاوانى کورد بە بڕوانامەی بەرزەوە خەریکی کۆڵبەرین
posted onJuly 6, 2019
noبۆچوون

 

ئەحسەن عەلەوی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی ئاوەدانی پەڕلەمانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی پێنجشەمە ۱۳ی پووشپەڕ، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەری فارس، سەر بەسوپای پاسداران گوتی "کۆڵبەرانی کورد بە بڕوانامەی دوکتۆرا و پسپۆڕى باڵا لە نێو دەیان هەزار کۆڵبەری کوردی دیکەن کە لەم ساڵانەى دواییدا بۆ بەدەستهێنانی داهاتێکی زۆر کەم، گیانی خۆیان لەو کەژ و کێوانە لە سنوورەکانی ئێران و عێراق دەخەنە مەترسی و ڕۆژدوای ڕۆژ ڕێژەشیان زیاتر دەبێتەوە."

 

ئەحسەن عەلەوی گوتوویەتی "کەسانێک لە دەرچووانی زانکۆکان و بە بڕوانامەی باڵا و دوکتوراوە خەریکی کۆڵبەرین کە پێویستیان بە پاڵپشتی دەوڵەت هەیە بەڵام هیچ چوارچێوەیێکی سەقامگیر بۆ بژیوی ژیانیان ڕەچاو نەکراوە و بە داخەوە بێبەرین لە هەرچەشنە پاڵپشتییەک لە بنکە و دامەزراوە حۆکمییەکانن."

ئەم ئەندامی باڵای پەڕلەمانە سەبارەت بە بازاڕی سنووری گوتی "بەداخەوە بەرپرسێکی ڕاستەقینە بۆ بەدواداچوون و کردنەوەی بازاڕی سنووری بوونی نییە"، هەروەها گوتیشی "شێوازی چالاکی بازاڕی سنووری دەتوانێ لە دۆخی ئێستادا و بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان،  بەسوود بێت و یارمەتیدەری وڵات بێت"

ئەحسەن عەلەوی ئاماژەی بەم ڕاستییە کردووە کە "دەڵاڵ و هەلپەرەستەکان لە تاران بەگواستنەوەی چەند شتومەک و کاڵا قازانجی ملیۆنی وەردەگرن بەڵام کۆڵبەرانی چەوساوە کە ئیشێکی شەرافتمەندانەیان هەڵبژاردووە و بەدوای ئیشی نایاسایی نەکەوتوون، لە ناوچە شاخاوییەکان باری قورس لەکۆڵ دەنێن و تەنیا چەند هەزار تمەن وەردەگرن."

کۆڵبەرىی

ئەم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی ئاوەدانی پەڕلەمان ، زۆربەی ڕستەکانی لەم وتووێژە، تێکەڵ بە وشەی "بەداخەوە" بوو. لەکاتێکدا یاسادانێرێک دەبێ لەبری خەم نواندنی بێ کەڵک کە هیچ کێشەیێک چارەسەرناکا، وڵامدەر بێت و بڵێ کە لەو پێگەیە چ هەنگاوێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی لەڕادەبەدەری لاوانی کورد و لاوانی بێکاری دیکە لە ناوچە هەژارەکانی ئێران، هەڵگرتووە.

ئەحسەن عەلەوی دەبێ وڵام بداتەوە،  پەڕلەمانێک کە سەرۆکەکەی، عەلی لاریجانی جەختی لەسەر ڕێکخستنی دۆخی کۆڵبەران کردووە، بۆ پێشگرتن بە کوشتنی کۆڵبەران لەم ناوچە شاخاوییانە چی کردووە و یان بۆ دادخوازی خوێنی کەسانی کوژراو چ هەنگاوگەلێکی هەڵگرتووە و بەدواداچوونەوەکانی پەڕلەمان چ گۆڕینێکی لە سیاسەتەکانی ڕژێم دروستکردووە؟

ڕەسوول خزری نوێنەری ناوچە کوردنشینەکانی پیرانشار و سەردەشت لە پارێزگای ورمێ، چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاشکرای کردەوە کە تەنیا لەم ناچەیە ۱٥ هەزار کۆڵبەر هەیە کە بە هەژمارکردنی بنەماڵەکانیان ژیانی ٨۰ هەزار کەسیان بەستراوەتەوە بەکۆڵبەری.

خزری گوتبووی کە خەڵکە سنوورییەکان نەتەنیا لەژێرباری گەمارۆوە بیانییەکانن بەڵکوو لەنێوخۆشدا لەژێر  گەمارۆن و ڕووبەڕووی داخستنی ڕێڕەوی کۆڵبەرانن.