بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

تورکیا چەکی تاقمێک ئوپۆزسیۆنی سووریا دابین دەکا

تورکیا چەکی تاقمێک ئوپۆزسیۆنی سووریا دابین دەکا
AvaToday caption
posted onMay 26, 2019
noبۆچوون

 

بەرپرسانی باڵای ئوپۆزسیۆنی سووریا، ڕایانگەیاند کە تورکیا بە مەبەستی پێشگرتن لەو هێرشانەی ڕووسیا پاڵپشتی لێدەکا، چەکی تاقمێک لە ئوپۆزسیۆنی سووریا دابین دەکا. هەواڵدەری ڕۆیتەرز، ڕۆژی شەممە ٤ی جۆزەردان لە زمانی فەرماندەی یەکێک لە هێزە دژبەرەکانی دەوڵەتی بەشار ئەسەدەوە نووسیبووی: تورکیا ئامادەگی خۆی بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی لە باکووری ڕۆژاوی سووریا ڕاگەیاندووە.

 

لەم ڕاپۆرتە ئاماژە بەو کەرەستانە کراوە کە هەناردە کراوە و نێوی چەندین تانک، مووشەکهاوێژی گراد، مووشەکی دژەتانک و مووشەکی تاو هێنراوە. بە وتەی شایەتحاڵێک و هەروەها یەک لەو ئەندامانی ئوپۆزسیۆن "کاروانێکی سەربازی تورکیا لە شەودا ڕۆییشتووتە نێو بنکەیێک لە باکووری حەمات لە نزیکی جەبەلەلزاویە کە لە باشووری ئیدلیبە. تا ئێستا تورکیا هیچ دژکردەوەیێکی بۆ ئەم هەواڵە نەبووە".

هەروەها ناجی موستەفا وتەبێژی بەرەی ئازادیبەخشی نەتەوەیی کە پاڵپشتی تورکیای لەگەڵە، دابینکردنی کەرەستە شەڕەکەرەکانی نە پشتڕاست کردووتەوە و نە بەدرۆشی خستووتەوە. بەپێ هەواڵدەری ڕۆیتەرز ناجی موستەفا گوتوویەتی: ئەنبارێکی گەورە لە کەرەستە شەڕکەرییەکانمان هەیە کە تانک و مووشەکی دژەتانک و پاڵپشتی لوجێستیکی برایانی تورکی لە خۆ گرتووە.

لە لایێکی دیکەوە سەرچاوەیێکی پەیوەندیدار لەگەڵ ئەرتەشی سووریا بە ڕۆیتەرزی گوتووە کە ئەرتەش هێرشی خۆی بۆ سەر باکووری ڕۆژاوای سووریا زیاتر دەکاتەوە. بە پێ هەواڵدەری ڕۆیتەرز: سەرچاوەیێکی زانیاری ڕۆژاوایی گوتوویە واشنتۆن ڕێی خۆش کردووە بۆ ئەو بەشە لە ئۆپوزسیۆنی سووریا کە تورکیا پاڵپشتییان دەکا، تا لە مووشەکی تاو کەڵک وەربگرن.

پێشتر واشنتۆن ڕایگەیاندبوو نیشانەگەلێک هەیە کە بەشار ئەسەد لە دوایین هێرشەکانی خۆی لە گازی ژەهراوی کەڵکی وەرگرتووە و ئەگەر ئەمەش پشتراست بکرێتەوە خێرا بە شێوەیێکی باش ڕووبەڕووی دەبینەوە. ئوپۆزسیۆنی سووریا لەم دواییەدا ڕایانگەیاندووە کە حکوومەتی ئەم وڵاتە لە کاتی هێرشکردنەسەر دژبەرانی لە پارێزگای ئێدلیب لە ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی مەی لە چەکی کیمیایی کەڵکی وەرگرتووە.

پێشتریش بە فەرمانی دوناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا هێزەکانی ئەمریکا بە بۆنەی کەڵکوەرگرتنی سووریا لە کەرەستە کیمیاییەکان، دووجار لە ڕێکەوتی ئاڤریلی ۲۰۱۷ و ئاڤریلی ۲۰۱٨ ناوچەژێردەستەکانی دەوڵەتی سووریای بوردوومان کرد.