بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

لە کۆبوونەوەی ئازادی ئایین و مافی مرۆڤ لە ئێران، جەخت لەسەر گەمارۆخستنەسەر بەرپرسانی ڕژێمی ئێران کرایەوە

لە کۆبوونەوەی ئازادی ئایین و مافی مرۆڤ لە ئێران، جەخت لەسەر گەمارۆخستنەسەر بەرپرسانی ڕژێمی ئێران کرایەوە
AvaToday caption
posted onMay 24, 2019
noبۆچوون

 

کۆبوونەوە ئازادی ئایین و مافی مرۆڤ لە ئێران کە ڕۆژی چوارشەممە، ۱ی جۆزەردان لە واشنتۆن بەڕێوەچوو گەمارۆخستنەسەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و هاسانکاری بۆ پەنابەرانی ئایینی لە گرینگترین داواکاراییەکانی ئاخێورانی ئەم کۆبوونەوە بوو.

 

لەم کۆبوونەوە، سێناتۆر تێد کروز ئاماژە بە چەوساندنەوە و ئازاری خاچپەرەستان لە دونیادا گوتی: ڕژێمی ئێران بەهێرشکردنەسەر ماڵی خاچپەرەستان، دەسبەسەر و زیندانیان دەکا و لە زیندانەکان ئەشکەنجەیان ئەدا. بەڵام ئەمریکا پاڵپشتی ئەم کەسانەی کردووە و لە داهاتووشدا هەروا دەبێت.  ئێمە دڵنیاین لە کۆتاییدا ڕاستی سەردەکەوێت.

هەروەها سام براون بەک، سەفیری ئەمریکا لە کاروباری ئازادی ئایین، بە جەختکردن لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی پێشلکاری مافی مرۆڤ و ئازادی ئایینە، گوتی: بە کەڵکوەرگرتن لە هەموو ئەو ئامرازانەی کە هەمانە، هەوڵ بۆ مەحکوومکردنی ڕژێمی ئێران لە کۆمەڵەنێونەتەوەییەکان و درێژەی گەمارۆکان لەسەر پێشلکارانی مافی مرۆڤ ئەدەین.

تۆنی پرکینز، کومیسیۆنێری کومیسیۆنی نێونەتەوەیی ئازادی ئایین، یەکێکیتر لە ئاخێوران بوو کە داوای لە دەوڵەتی ئەمریکا کرد، درێژە بەو گەمارۆخستنەسەر بەرپرسانی ئێران بدا کە پێشلکاری مافی مرۆڤ و ئازادی ئایینن. هەروەها هاسانکاری بکا بۆ وەرگرتنی ئەو پەنابەرانەی کە لەژێر ئازار و ئەشکەنجەی کۆماری ئیسلامیدان. ستیڤ کینگ، ئەندامی کۆماریخوازی پەڕلەمانی نوێنەرانیش گوتی: کۆماری ئیسلامی دیکتاتۆریەتی ئایینی پێکهێناوەو پەرەپێدەری توندئاژووییە. داوا لە وەزارەتی دەرەوە دەکەین کە درێژە بە گوشارەکان لە سەر ڕژێمی ئێران بەمەبەستی ئازادی خاچپەرەستان بدا و ڕێژەیێکی زۆرتر لە پەنابەری ئایینی وەربگرێت.

پێشتریش لە ۱۱ی بانەمەڕی ئەمساڵدا، ڕاوێژکاری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاروباری کەمینە ئایینیەکانی ڕۆژەڵاتی ناڤین، باشوور و ناوەندی ئاسیا، ڕخنەی لەسەر ئازار و ئەشکەنجەی کەمینەکان لە ئێران گرتبوو و داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە خێرا هەموو زیندانییە ئایینیەکان ئازاد بکا و ڕێز لە ئازادی مەزهەب بگرێت.