نازم دەباغ ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە قسەى لەسەر گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا لەسەر کۆمارى ئیسلامى کرد و ترامپی بە "بازرگانێکی شێت'' ناو برد.
دەباغ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی هەوالی ئانای ئێرانی گوتی "ئێمە (حکومەتی هەرێمی کوردستان) ئیدانەی گەمارۆکانى دژ بە ئێران دەکەین. من پێم وایە ترامپ بازرگانێکی شێتە، هەموو شتێک لە بازرگانیدا دەبینێتەوە." بە گوێرەی قسەکانی نازم دەباغ، پێویستە هەرێمی کوردستان ئاراستەی خۆی بۆ بەرژەوەندی وڵاتان نەگۆرێت، بەڵکو پێویستە بەرژەوەندی دراوسێکانى زیاتر لەبەر چاو بێت.
ڕۆژی ١٨ی بانەمر، دوناڵد ترامپ کشانەوەی ئەمریکای لە رێککەوتنی ئەتومی ئێران (بەرجام) ڕاگەیاند.
دەباغ لە گفتوگۆکەیدا باسى لەوە کردووە کە نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەر بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەمریکا، بەرژەوەندی دراوسێکانى پشگوێ بخات، "چونکە مێژووش سەلماندویەتی، ئەو وڵاتانە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان ڕوو لە ناوچەکە دەکەن و دواتر پشتی تێ دەکەن."
حکومتی ئەمریکا ١٦ی گەلاوێژ گەمارۆ ئابوورییە نوێیەکانی لە سەر تاران راگەیاند کە سێکتەری ئۆتۆمبێل، ئاسن و بانکی ئێران دەکاتە ئامانج، حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسى لەوە کرد کە ئەوان پشتیوانی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ناکەن "بەڵام بۆ پاراستنی بەرژەوەندی عێراق جێبەجێیان دەکەن".
دەباغ لەمەڕ هەڵوێستەکەى عەبادییەوە گوتوویەتى کە ئەمریکا و سعودیە دەستیان هەبووە لە هەڵوێستەکەی عەبادی، چونکە عەبادی دەیهەوێت دیسان ببێتەوە بە سەروکوەزیران، "حکومەتی عێراق پێویستە خۆى بەدوور بگرێت لە شەڕ دژى جیرانەکانی، بەتایبەتی ئێران چونکە ئەگەر یارمەتی ئێران نەبوایە، داعش بەغدا و حکومەتی هەرێمی گرتبوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە گەمارۆ ئابوورییەکانى ئەمریکا لەسەر کۆمارى ئیسلامى گوتى "ئێمە پابەندى بڕیارى عێراق دەبین" و بۆ وەبرهێنانەوەیش جێگەى ئاماژەیە کە ئەوە ئەمریکا بوو کە یارمەتیى هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقى لە تێکشکاندنى داعش دا.