بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

سەقامگیری بازاڕی مادە هۆشبەرەکان لە نێو ناسەقامگیری ئابووریی ئێران

سەقامگیری بازاڕی مادە هۆشبەرەکان لە نێو ناسەقامگیری ئابووریی ئێران
کەمى بەهاى ماددەى هۆشبەر واى کردووە قوتابیانی ناوەندی و دواناوەندیش ڕووى تێ بکەن
posted onAugust 6, 2018
noبۆچوون


 

ئەگەرچی بەهۆی دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران، نرخی شتومەک لە ساڵانی ڕابردوو چەندین جار بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام نرخی مادە هۆشبەرەکان جێگیر و تەنانەت هەندێ جار دابەزینیشی بەخۆیەوە بینیوە. واتا هەرچی دۆخی ئابووری ئێران بەرەو داڕمان و داخستنی دوکان و بازاڕ دەڕوات کەچى  بازاڕی کڕین و فرۆشی مادە هۆشبەرەکان تا دێت  گەرمتر دەبێت.

 

یەکێک لە ئاڵوودەبووان لە سەر ئەم بابەتە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودی گوت  "ئەگەر سەقامگیری ئابووری ئێران وەک سەقامگیریی نرخی مادە هۆشبەرەکان بوایە، ئێستا وڵاتەکەمان گوڵ و بولبول بوو. چەند ساڵێکە گرامێک تریاک بە سێ هەزارتمەنە و ئەم دۆخە نالەبار و ناجێگیرە ئابوورییە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ئەم ماددەیە نەبووە کە پاڵپشتێکی بەهێزى کۆماری ئیسلامییە لە سەرقاڵکردنی لاوانی ئێران بە خۆیەوە."

 

ئەم ئاڵوودەبووە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت گوتیشی: هەرچی نرخی دەوا و دەرمان و پێداویستی ڕۆژانەى خەڵکى زیادتر دەبێت،  نرخی ماددە هۆشبەرەکان جێگیر و گۆڕانى بەسەردا نایێت و دەڵێی یارانەی بۆ دیاری کراوە،  ئەوەندەش بەربڵاوە لە نێو خەڵکدا کە پێویست ناکا بۆ بەدەستهێنانی خۆتی بۆ ماندوو بکەیت و پەل بهاوێژیت فرۆشیارێکی مادە هۆشبەرەکانت بەر دەست دەکەوێ.

 

لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ۱۳۹٦ى هەتاوییەوە، واتا پێش دەسپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژى کۆماری ئیسلامی، نرخی گرەمێک هێرۆئین ۲۰ هەزار تمەن و شیشەش بە ۳۲ هەزار تمەن بوو و ماددەکانی دیکە هەر لەسەر نرخی دووساڵی پێشوو بوو، بەڵام دوای دوو مانگ نرخی هێرۆئین دابەزی و گەیشتە ۱٥ هەزار تمەن و حەشیش بووە ۲ هەزار تمەن بۆ هەر گرامێک و شیشە کە لە دەرەوەی ئێران دابین دەکرێ و نرخی دۆلار کاریگەریی لە سەری هەیە، بۆ ٤٥ هەزار تمەن بەرزتر بووەتەوە.

 

یەکێک لە فرۆشیارانی مادە هۆشبەرەکان لەم بارەوە بە تۆڕى میدیایی ئاڤاتودی گوت: ئەگەرچی نرخی هێرۆئین و بڕێک لە ماددەکان دابەزیوە، بەڵام هێشتا بۆ ئێمە قازانجی زۆری تێدایە، چونکە ڕێژەی کڕیاڕان زیادى کردووە و نرخی کەمی ئەم مادانە بووەتە هۆی ئەوەی تەنانەت قوتابیانی ناوەندی و دواناوەندیش ڕووى تێ بکەن و کێشەی پارەیان نەبێت. هەروەها فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان لە ئیشێکی مەترسیدارەوە بووەتە ئیشێکی ئەمن و پارێزراو.

 

بە پێ ڕاپۆرتی فەرمی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان لە ساڵی ۱۳۹٥، چوار ملیۆن و چوارسەد هەزار کەسى ئاڵوودەبوون لە ئێران هەن کە دوو ملیۆن و هەشتسەد و هەشت هەزار کەسیان بە تەواوی ئاڵوودە و ئەوانیتریش بەکارهێنەرى جاربەجاری مادەی هۆشبەرن. ٥۳ لەسەدی ئەم کەسانە، ئاڵوودەبوى تریاکن و ۱۲ لەسەدیان ماریجوانا و حەشیش و گوڵ و گراس ، ٨ لەسەدیان شیشە و  ۷ لەسەدیشیان  هێرۆئین بە کار دێنن.

 

بە پێ ڕاپۆڕتێک کە لە پاییزی ساڵی ۱۳۹٤ لە لایەن دەزگا فەرمییەکانەوە بڵاو کراوەتەوە، نرخی هێرۆئین بۆ گرامێک  ۱۲ هەزار تمەن، تریاک ۳ هەزار تمەن ، حەشیش ۳ هەزار، گوڵ ٨ هەزار و شیرە بە کەمتر لە ۷ هەزار تمەن مامەڵەی پێ دەکرا. هەر لە پاییزی ئەمساڵدا نرخی شیشە کە یەکێک لە مادە هۆشبەرە مەترسیدارەکانە و بەکارهێنانی لە نێو خەڵکدا لە پەرەسەندندایە، هەر گرەمێک بە ٦۰ هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کراوە و ئەمە لە کاتێکدایە هاوینی ئەمساڵ کە دەسەڵات ماوەیەک هەڵمەتێکی بۆ دەسبەسەرکردنی قاچاخچییەکانی ئەم ماددە هۆشبەرە دەست پێ کرد، ماوەی چەند مانگ نرخی شیشە لە گرەمێکدا گەیشتە ۱۰۰ هەزار تمەن، بەڵام ئەمەش تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت بوو و دیسانەوە دۆخەکە بۆ ئەم مادە هۆشبەرە هاتەوە سەر دۆخی پێشووى خۆى.

 

تەنیا لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا، گرانبوونی نرخی دولار، نرخی شیشەی بەرز کردووەتەوە و زیاتر لە دوو بەرانبەری  پێشوو مامەڵەی پێوە دەکرێ. واتا لە ٤٥ هەزارەوە گەیشتووەتە ۱۰۰ هزار تمەن و ئەمەش بووەتە هۆی زۆرکردنی ماددەى پیس و کەمبوونەوەى ماددەى بێگەرد و بەمەش کەمێک لە بەهاکەى دابەزاندووە. ئەمە لە کاتێکدایە زۆربوونى ماددەى خراپ و ناخالسی ئەم ماددەیە دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی جەرگ و ڕێخۆڵە و تەنانەت بڕێ جار مەرگی بەکارهێنەرانی ئەم مادەیە بەدوای خۆیدا دێنێت.

 

ئەگەرچی مانگی پێشوو ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند کە یەکێک لە هۆکارەکانی گرانبوونی شیشە پێشگرتن لە کۆڵبەری بووە، بەڵام ئاشکرایە ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران جێبەجێیان دەکرد هیچ پێوەندییەکی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە نەبووەو ئەمەش هەر لەبەر ناوزڕاندنی کۆڵبەران و پاساوی داخستنی سنوورەکان لەلایەن خۆیانەوە دوای ڕیفڕاندۆمی باشوور بووە. ئەگینا چەندین ساڵە بەم هەموو هەڵاوسان و دۆخی نالەبارە ئابوورییەوە، پێویستە بپرسین کە هۆکاری ئەم سەقامگیرییەى بازاڕى ماددەى هۆشبەر چییە؟