بازبدە بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

۳٠٪ی خەڵکی ئێران تووشی کێشەی دەروونین

۳٠٪ی خەڵکی ئێران تووشی کێشەی دەروونین
AvaToday caption
posted onMay 5, 2019
noبۆچوون

 

ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی کۆماری ئیسلامی ئێران پیشان ئەدا کە ۳۰لەسەدی خەڵکی ئێران تووشی کێشەی دەروونین. ئیرەج حەریرچی وتەبێژی ئەم وەزارەتەش گوتوویە "لە هەر چوارکەس ئێرانی ، یەکیان کێشەی دەروونیان هەیە"

 

بەوتەی مەجیدسادقی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دەروونناسانی ئێران: ڕێژەی نەخۆشییە دەروونییەکان پێشی لە نەخۆشییە جەستییەکان گرتووەو لە هەر چوار بنەماڵە یەکێکیان گیرۆدەی نەخۆشێکی دەروونین کە ۲ لەسەر ۳ی ئەم کێشانەش دڵەڕاوکێ و خەمۆکییە. هەروەها بەپێ ئاماری وەزارەتی تەندورستی، لە ئێراندا بەرزترین ڕێژەی کێشە دەروونییەکانی هی سەردەمی لاوەتییە بەڵام چەندین ساڵە ڕێژەی ئەم کێشەیە لەنێو منداڵانی بەرەی نوێشدا بەرەو هەڵکشان دەڕوا.

وەک هەمیشەش لەم ئامارەدا، ڕێژەی ئەو ژنانەی کە کێشەی دەروونیان هەیە زۆرتر لە پیاوانە و لەساڵی ڕابردوو ٤.٢٣% گەورەساڵان لەئێران کێشەی دەروونیان بووە کە ٦.٢٧%ی ژنان بوون و ٤.١٩%ی پیاوان. هەڵبەت بەڕەچاوگرتنی ئەوەی کە ئەم ئامارە بەپێ دامەزراوەفەرمییەکانە و ئەوکەسانەی کە کێشەی دەروونیان هەیە هەموویان بۆ چاکبوونەوە ناڕۆنە لای پسپۆڕ، بێگومان ئاماری ڕاستەقینە لەم ڕێژەیە زۆرترە.

ئەگەرچی کێشەئابوورییەکان ئاسایشیان لەخەڵک چنیوە و دەتوانێ یەکێک لە هۆکارەکانی کێشە دەروونییەکان بێت، بەڵام ئەمەش هەمووی هۆکارەکان نییە، چونکە کێشەی دەروونی بە بەربڵاوی لەنێو چینی سەرووی کۆمەڵگای ئێران دەبینرێت. بە وتەی دکتور نوورئیمان قەهاری، دەروونناس: هۆکاری سەرەکی کێشە دەروونییەکان لە ئێران سەرکوتکردنی بەربڵاوی دەوڵەتییە. درێژەکێشانی ترس و بێدەنگی کە لە لایەن دەوڵەتەوە باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە، پەرەی بەهەستی بە تەنیامانەوە و گۆشەگیرى لە خەڵکدا داوە و ناچاریان دەکا کە لە نێو پڕۆسەیێکی بێ هیوایی بژین. بەشێوەیێک کە لە کۆتاییدا خەڵک بەس بیر لە ڕزگارکردنی خۆی دەکا و بۆخۆی پەلەقاژە دەکا و بیر لە کەسانیتر و کۆمەڵگا ناکاتەوە. ئەمەش یەکێک لە ئامانجەکانی سەرکوتکردنی دەوڵەتە کە چالاکە.

نەخۆشى دەروونى

دکتۆر قەهاری هەروەها گوتیشی "لە کۆماری ئیسلامی دەروونناسی سەرکوتکردنە کە لەسەر خەڵک زاڵە. خەڵک هەموو ڕۆژێک ڕووداوگەلێکی مەترسیدار دەبینن و پێی ڕاهاتوون، بە شێوەیێک کە ئەو ڕووداوانەیان بۆ پێشبینی دەکرێت و میکانیزمی دەروونییان بە شێوەیەکى ئۆتۆماتیکى ئامادەی وەرگرتنی ئەو ڕووداوەیە بەبێ ئەوەی دژکردەوەیێکی ئەوتۆیان لە ئاست ئەو ڕووداوە هەبێت. هەموو ئەمانە خەڵک بەرەو شکستێکی دەروونی دەبا و ناچاری دەکا دۆخەکە بەو شێوەیە کە هەیە قەبووڵ بکات کە ئەمەش پێ دەڵێن داماوی فێرکراو کە خەڵک بە کۆمەڵ دەگەنە حاڵەتێک کە هیچ دژکردەوەیێکیان لەمەڕ پرس و کێشەکانی کۆمەڵگا نەبێت و دەبنە کەسانێکی دوالیزم. واتا لەمەڕ کێشەکانی کۆمەڵگا تەسلیم و بێدەسەڵاتن، بەڵام لەبەرانبەر پەیوەندییە تاکەییەکانی خۆیان تۆڕە و شەڕەنگێز دەبن".

کۆماری ئیسلامی ٤۰ ساڵە بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بە شێوەی سیستماتیک کاری لەسەر "داماوی فێرکراو" لە نێو خەڵکدا کردووە، بۆیە ئێستا دەبینین بەو هەموو زۆڵم و قەیرانە کە ڕووبەڕووی خەڵک بووەتەوە بەڵام بزووتنەوە یان دژکردەوەیەکی ئەوتۆ لەلایەن خەڵکەوە نابینرێت. شایانی باسە ماوەیێک لەمەوپێشیش لە توێژینەوەیێکی جیهانیدا ئێران پێنجەمین وڵاتی خەمۆکی دونیا بوو.